نە موجامەلە ڕێزە ، نە ڕاشکاوی توندوتیژیە

‌هوشیار عه‌بدوڵا

دەیان نامەی فەیسبوک و چەندین فەرمایشتی ڕوبەرو و چەند گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆم توشبوە ، سەبارەت بەوەی گوایە لە نوسینەکانم و لە ئاخاوتنەکانما توندوتیژ یا توندڕەوم ، وەک ڕێز و پێزانینێک بۆ هەمو ئەو بۆچونانە پێم باشە بە پوختی لەو بارەیەوە ڕای خۆم بنوسم .

ئایا هەندێ مجامەلە گوزارشتە لە ڕێز ، یاخود ڕون و ڕاشکاوی توندوتیژی نواندنە ؟!
ئەوانەی ئەو ڕەخنانە لە بەندە ئەگرن ، دو شت ئەڵێن ؛ یەک ؛ گوایە لە قسە و نوسینا کاتێک باسی سەرکردە یا بەرپرس یا هەر کەسێک ئەکەم پێویستە پێشگری بەڕێز ، یا ڕێزدار ، یا کاک ، یا جەناب بەکار بهێنم . دو ؛ لە ئاخاوتنەکانا توڕە قسە ئەکەم .

بۆ وەڵامیی ڕەخنەی یەکەم ، پێشگرەکانی بەڕێز و جەناب و ئەوانیی تر ئامرازی مجامەلەی ڕوبەڕو یا دواندنی ڕاستەوخۆ و ڕەسمی نێوان دو ئینسانن یا دو لایەنن ، هی ئەوە نین لە زمانیی سیاسیی و وتار و نوسینا بە غیابی بەکار بهێنرێن .

ئەگەر زۆرێک لە ئێوە هاوڕای ئەوە بن لە گەڵما کە نەوشیروان مستەفا خاوەنی ڕاقیترین زمان نوسین و ئاخاوتنی سیاسی بو ، ئەو لە هیچ کتێب یا وتارێکیا کاتێک ناوی بەرپرس یا کەسێکی خاوەن پۆست و مەکانەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێنا بێت هیچ یەک لەو پێشگرانەی بۆ بەکار نەهێناوە و تەنها ناوەکەی نوسیوە جگە لەوانەی لە ژیاندا نەماون کە خوالێخۆشبوی بەکارهێناوە ، بەڵام کاتێک ڕوبەڕو بینیونی یا نامەی بۆ ناردون ، بە شیاوترین دەربڕین ڕێزی لێناون ، زۆر جار کە پرسەنامەی بۆ خەڵک ئەنارد ، گوزارشتی (گەورەی بەڕێز) ی بەکار ئەهێنا ، لە ئەدەبی گفتوگۆی ڕوبەڕوشا لەگەڵ خەڵک و چین و توێژە جیاکان کە زۆر جار ئامادەی کۆڕ و کۆبونەوەکانی بوم بە زمانێکی تایبەت ڕێزی لە بەرامبەر ئەگرت ، هەڵبەتە جیا لە هەندێ ڕوداو و هەندێ بەناو بەرپرس کە لوتیان لە ئاسمان بو ، خۆلێگۆڕاو بون و شایستەی ڕێز نەبون ، کاک نەوشیروان بە ئەنقەست مەبەستی بو غرور و تەکەبوریان بشکێنێ و شکاندونی .

لێرەوە ئەبێ ڕون بێ ، ئەوانەی لە وتار و نوسینا بەڕێز و پێشگری تر بەکار ئەبەن ، بەڕای بەندە هەڵە بەکارهێنانی ئەدەبی مجامەلەی ڕوبەڕوە جا ئەگەر خۆشم لە ڕابردوا کردبێتم، کە ئێستا بەکاری ناهێنم هەرگیز مەبەستم بێڕێزی نواندن نیە و ئەوەش بە مانای ئەوە نیە دژی ئەوە بم بەکار بهێنرێ هەر کەس ئازادە لە جۆری دەربڕینا .

بۆ خاڵی دوەم و ئاخاوتنی توندوتیژ ، ڕاستیەکەی بەشێکی زۆر لەو ڕەخنەیە ئەسەلمێنم و لە جێگەی خۆیدایە ، توڕەیی بە شێوەی ئاخاوتنما دیارە و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەدەم ، ئەوەی کۆمەکم ناکا شتێکە کە پەیوەستە بە نەبرەی دەنگمەوە کە تا ڕادەیەک بەرزە ، جیا لەوە ، قەناعەتی قوڵم بەوە هەیە هەندێ پرسی مەترسیدار و کێشەی قوڵی خەڵک ناکرێ و تەنانەت ناتوانی خۆت کونتڕۆڵ بکەیت ، چونکە حەجمی ئەو کارەسات و بەدکاریانەی هەرێم ئێجگار گەورە و گەرمن ، مامەڵەی سارد لەگەڵیاندا ئاسان نیە .

پوختەکەی ، باوەڕی قوڵیی ئێمە بە خەباتی مەدەنییە و کارکردنمان لە پێناو بڵاوبونەوەی هزری ناتوندوتیژیە لە نەوشیروانیزما هەمو جۆرەکانیی توندوتیژی ڕەتکراوەن و هەمو ئینسانێک وەک خۆی جێگەی ڕێز و تەقدیرە ، کردەوەکانیی بڕیار لە جۆری مامەڵەکردن ئەدەن لەگەڵیدا .

زمانیی سیاسی ، پێویستە ڕون وڕاشکاو ، دور لە هەرجۆرە موجامەلەیەکی ناشیاو خۆی مانیفێست بکا ، تایبەت لە کایەی سیاسی کوردستانیدا ناشیرینیەکان هێندە زۆر و بێتامن ، پێویستە بە زمان وشێوازێک ڕەخنە بکرێن لە ئاستی جۆر و قەبارەی خراپەکاریەکاندا بێت .


PM:02:53:28/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 2880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی