جیاوازی نێوان (مۆڵەتی شۆفێری) و (مۆڵەتی دایک و باوکایەتی)
هێمن عەبدولقادر
تۆ ئەگەر ئوتومبێلێک بکڕیت نابیت بە (شۆفێر) بەڵکو دەبیت بەخاوەنی ئوتومبێل ، لەراستیدا شۆفێری هونەرە ، مرۆڤ بۆ ئەوەی هەر هونەرێکیش بەدەست بهێنیت، دەبێت بچیت بخوێنیت بروانامە و مۆڵەتی تیا وەرگریت ،
مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بەشۆفێر و بتوانێت ئاسنێکی بێ رۆح و گیان بئاژووێت دەبێت کوڕاسە وەرگرێت بەشداری تاقی کردنەوە بکات ترایی بدات ، لەهەمووی گرنگتر ئەبێت دەربچێت ئەنجا پێی دەوترێت شۆفێر و مۆڵەتی دەدەنێ .
ئایا سەیرنیە مرۆڤ بۆ ئەوەی مامەلە لەگەڵ ئاسن و پلاستیکدا بکات ئەو هەموو رووخسەت و تاقی کردنەوەی ئەوێت ، کەچی ئێمە بۆ مامەلە کردن لەگەڵ یەکتری خاوەنی هیچ مۆڵەت و هونەرێک نەبین ؟؟
تۆ ئەگەر لەماڵەکەی خۆتدا گیتارێکت هەبێت یان پیانۆیەک خۆ راستەوخۆ نابیتە ژەنیار ، تەنها دەبیتە خاوەنی ئامێرەکە ، مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت بەژەنیار دەبێت چی بکات ؟؟
دەبێت بچێت بخوێنێت، دەبێت فێر بێت نۆتەی مۆسیقا بخوێنێتەوە ،دەبێت فێر بێت پەنجەکانی چۆن بەکار بهێنێت ، دەبێت فێر بێت چۆن جوانکاری و ووردەکاری بکات تا ئاوازی نەشاز و ناخۆش نەدات بەگوێی خەڵکدا
کەواتە :-
هەر وەکو چۆن هەبوونی ئوتومبێل مرۆڤ ناکات بە شۆفێر ، هەروەکو چۆن هەبوونی (پیانۆ) تۆ ناکات بە پیانۆ ژەن ، هەر بەم چەشنە تەنها بەهەبوونی منداڵ مانای ئەوە نیە کە تۆ ئەبیت بەدایک یان بەباوک ، لەراستیدا دایکایەتی و باوکایەتی هونەرە ،
ئەو مندالەی کە وردەکاری و جوانکاری زۆری تیا بەکار دێت وەکو ئەو ئامێرە وایە سبەینێ ئاوازی نەشازی کۆمەڵایەتی نادات بەگوێی خەڵکیدا نابێتە دەسەلاتدارێکی ستەمکاری ملهوڕ، نابێتە کەسێک هەرچی ڕشانەوەی ذیهنی بەدەم و بەمێشکیدا هات بەخەڵکی بڵێت چونکە هونەری تیا بەکار هاتووە،
بەپێچەوانەوە ئەو منداڵانەی کەهیچ هونەرێکیان تیا بەکار نایەت ، سەرەنجام وەک ئەو ئامێرەی کەبەدەست کەسێکی نەشارەزاوەیە ، لەژیانی رۆژانەیاندا بەردەوام لەریتم دەردەچن ، ئاوت دەکەن ، نەشاز ئەکەن ، کاتێکیش تووشی شڵەژانێک دەبن لەژیانیاندا نازانن پەنجەکانی بیرکردنەوەیان لەسەر کام تەلی ژیان دابنێن، لەبری ئەوەی ببنە جێگەی رەزامەندی خەڵک دەبنە لۆمەکار
بەم چەشنە تێدەگەین کە :-
هەموو ئەو ئینسانە بێرەحمانەی کەچێژ لە ئازاری خەڵک دەبینن ، هەموو ئەو ئینسانانەی بەو پەری ئەعصاب ساردیەوە خەڵک دەکوژن ، هەموو ئەو ئینسانانەی کە بەبێ ویستی خۆیان بە تاوانێک کەوتوونەتە سوچی زیندان ، یان لەسوجێکی ئەم دنیایەدا پەراوێزکەوتوون ،گوناهی خۆیان نیە بەڵکو هی ئەوەیە کە دایک و باوکیان هیچ هونەرێکیان تیا بەکار نەهێناون، چونکە دووبارە دەبێت بیڵێینەوە کە (دایک و باوکایەتی هونەرە )
چۆن بەتەنها هەبوونی ئوتومبێل ناتکات بەشۆفێر ، بەهەمان شێوە تەنها هەبوونی منداڵ ناتکات بەدایک و باوک.
لەبەر ئەوە مناڵەکانتان بەهونەرەوە گەورە بکەن ، زەحمەت بدەنە بەرشانی خۆتان ، ئەگەر ئەتانەوێت دراوسێکەتان کەسێکی باش بێت ، ئەگەر ئەتانەوێت هاوکار و هاوپیشە و هاورێکانی فەیس بووکتان کەسانی باش بن ،ئەگەر ئەتانەوێت خەڵک بەزەیی و تێگەشتنی هەبێت بۆتان و ئێوەش بەزەیی و تێگەشتنتان بۆ خەڵکی هەبێت ،
ئەگەر ئەتانەوێت حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانتان کەسانی دادپەروەر و باشبن ، ئەگەر ئەتانەوێت ئەو کەسانەی کە سبەینێ ئەبن بەزاواتان یان ئەبن بە بوکتان کەمترین کێشەیان هەبێت لەگەڵتان، زەحمەت بخەنە سەر شانی خۆتان مندالەکانتان بەهونەرەوە گەورە بکەن ، ئەگینا دوای مندالەکانتان دەبنە ئامێرێکی بێ گیان ، مرۆڤ کە بوو بە ئامێر دیارە کە بەزەیی بە هیچ کەس و بە هیچ شتێکدا نایەتەوە.
نوقتە سەری دێڕ .......
AM:09:43:27/10/2016
ئهم بابهته 5355
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی