هەرگیز ئیش بە مندالەکانتان مەکەن

‌هێمن عەبدولقادر


من لە هیچ شتێکدا باش نەبووم لە خوێندنا نەبێ ، گرەنتی ئەوە ئەکەم ملیۆنێک دۆلارم بدەنێ بە دەساڵ ناتوانم تاقە یەک دۆلاریشی بۆ زیاد بکەم وەلێ بەیەک ساڵ دیناری نامێنێتەوە،

من لە قوتابخانەی سەرەتایی هەمیشە نیشانەی سور و زیرەکی لەسەر سنگم درابوو ، چەند ساڵێکیش (قدوە) ی پۆلەکەی خۆمان بووم ، بەردەوام لە ناوەندیش لە زۆربەی وانەکان (مەعفوو) بووم ،
مامۆستا (گۆران کامیل) لە قوتابخانە هەمیشە پێنج شەممان منی بانگ ئەکردەدەرەوە چونکە زۆرترین هۆنراوەم لەبەر بوو ،

کاتێکیش سەروکارم لەگەڵ مزگەوت و خوێندنی ئاینی پەیدا کرد ، هەمیشە لەوانە بووم کە لەچاو هاوتەمەنەکانی خۆم زۆرترین ئایەت و حەدیسم لەبەر بوو ، لەزۆرینەی تیلاوە و وانەکانی تەجوید هەمیشە دیاری یەکەمم وەر ئەگرت ، کە شەشی ئامادەییم تەواو کرد لە یەکەمینەکانی قوتابخانەی خۆمان بووم ، کە لەزانکۆ وەر گیرام و کۆمەڵناسیم تەواو کرد یەکێک بووم لەو خوێندکارانەی بەردەوام چالاکی و جوڵەم هەبوو ، وەلێ هەرگیز نەم توانیوە قەت دینارێک پەیدا بکەم ،

لەبیرمە باوکم پشووی هاوینان کە ئەیبردم بۆ دوکان ، هەمیشە لەجامی ئوتومبێلەکەوە سەرم دەنا بە پەنجەرەکەوە و سەیری هاورێکانم ئەکرد کە لەکۆڵان یاریان ئەکرد ، ئەوە حەسرەتێکە قەت لەدڵم دەرناچێت ، ئەوان شەقیان لە تۆپ هەڵئەدا و قاقا پێئەکەنین منیش لەبیری وەستای مرو مۆچ و دەنگی بێزار کەری کۆسرە و تەقە تەقەی چەکوش،

من لۆمەی باوکم ناکەم چونکە لەو کۆمەڵگایە دەبوو منداڵ ، لە منداڵیەوە فێری کار بوایە ،
ئێستا دوای سی و شەش ساڵ لەخۆم دەپرسم
ئاخر ئیمانتان بسوتێنم ، لوقمە قازی فرۆشتن و عەلاگە فرۆشتن و چلورە فرۆشتن ، فێربوونی کاسپیە یان سوکایەتیە بە دەروونی مناڵ ؟؟

لە ساڵی هەشتاکان ماڵمان لە بەختیاری بوو ، باری دارایی خێزانمان لەسەرو زۆر باشەوە بوو ئەوکاتەی کە گەرەکێک یەک ئوتومبێلی تیا بوو ، ئێمە سێ ئوتومبێلمان هەبوو، تەنانەت بیرمە باوکم یەک دوو ئوتومبێلی بۆ یەک دوو مالە هەژار کریبوو کاری پێبکەن ،

ئا لەو کاتەدا (کۆمەڵگا، باوک و برا و دایک و خێزان ) بێ ئەوەی گوێ بەویست و حەز و توانای تۆ بدەن ، هەموویان دەیان وویست (پیاو)بیت پیاااااو ، سندان لەهەزار پیاوی وا بدات کە گرەو لەسەر حەزی منداڵیم بکات

وەلێ هیچ کەس گوێی لەو ئازار و شەقبوونی دەروونە نەگرتە کە کەوتە هەناومانەوە ،
من منالێکی شەرمن بووم سەردەمانێک لوقمم ئەفرۆشت هەندێکجاریش چلورە و هەندێکجار میزەڵان، بەیانیان لوقمەکانم ئەکردە ، عەلاگەیەکەوە ، حەوت کۆڵان لەو لاتر دەرم ئەهێنا نەبادا یەکێک لەهاورێکانم بمبینێت و من لەتەریقیدا بمرم.

من هەمیشە چلورەکانم ئەتوانەوە ، چونکە لەرووم نەئەهات هاوار بکەم ،من فرت و فێڵەکانی بازاڕم نەئەزانی ، نەم ئەتوانی لەگەڵ گەورەکاندا کێ برکێ بکەم بۆ ساغ کردنەوەی کاڵاکانم ،
تەمەنی من هی (کوجی و دایسکی و فلۆنا ) بوو نەک (گوڵزار و ئەرخەوان و تاوتاو) ،من هەمیشە شەرمم ئەکرد، هەرگیز بەبەردەم مەکتەبی کچاندا نەدەرۆشتم ، چونکە پێم وابوو هیچ کچێک ، حەز لەکورێکی چلورە فرۆش ناکات

تۆ قەت چلورەت نەفرۆشتووە ، نازانی چ ئازارێکە کە بەبەرچاوتەوە دانە دانە ئەتوێتەوە و کەسێک لێت ناکرێت ، بۆیە من هەر رۆژێک چلورەکانم نەفرۆشرایە لە بن سوچی دیوارێکدا دەستم ئەکرد بەگریان.

ئیستا بەو پەری قەناعەتەوە دەڵێم هه رگيز ئیش بەمندالەکانتان مەکەن ، باری قورس و زەحمەت بخەنە سەر سانی خۆتان وەلێ لێگەرێن ئەوان لە دنیا و لە ژیانی منداڵانەی خۆیان دانەبڕێن و بژین، ئەوان کە خۆیان گەورە دەبن بای ئەوەندە دەژین کە هەرچی و بەد بەختی و نەگبەتی دنیا هەیە بیچێژن
ئێستاش دەروونی هەر یەکێکمان هەڵبدەیتەوە دڵنیام (وەحش)ی وا لە هەناوی هەریەکێکماندا دروست بووە تا ئێستا زانست ناوی بۆ نەدۆزیوەتەوە .
نوقتە سەری دێڕ ........


PM:04:47:26/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 5400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی