گەنج و گۆڕان

‌ئارام محمود


خەڵک تەماشاى کۆتایى دیمەنەکە دەکات، کە دەبینێت لەیەکەم تاقیکردنەوەى دیموکراسیدا ناوەندى بڕیاڕى سیاسى گۆڕان گەنجێکى تیادا نیە، هەقى خۆیەتى ڕەخنە بگرێ و نیگەران بێت، چونکە بەردەوام چاوەڕوانیى گەورە و تازەگەرى لە گۆڕانە، مەبەستم خەڵکە عەوامەکەیە نەک ئەوانەى بەئامانجى یەکسانکردنى گۆڕان بەحزبەکەیان و بڵاوکردنەوەى بێهیوایى ڕەخنەدەگرن.

ئەوەى گرنگە ڕونبێت، داواکارى جێبەجێکردنى دەستور بەفاریزەکانیەوە ئەگەر لەبارێکدا داوایەکى ڕەوا و بەرجەستەکردنى سەرەتایەکى ڕێک و ڕەوان بوبێت بۆ دامەزراوەیکردنى بزوتنەوەکە لەسەربنەمایەکى دروست، ئەوا لەجێبەجێکردندا چەندین گەنجى لێهاتوى زمانزان و خاوەن بڕوانامەى بێبەشکرد و بوارى نەدا کێبڕکێیەکى گەرم و گوڕ لەکۆى ئاست و پسپۆرییەکان دروستبێت، دەبو ئەوانەى شێلگیرانە داواى جێبەجێکردنى دەستورەکەیان کرد، بیریان لەئەنجامەکەشى بکردایەتەوە بۆ ئەوەى کاردانەوەکانی ئێستایان کەمێک ڕەوایەتى هەبێت.

بەهۆى زەقکردنەوەى مەسەلەى جیاوازى نەوەکان ئەو دیوەى پرۆسەکە خۆى بەیان نەکرد، کە لەچاخى ناشەرعیبونى سەرۆک و سەرکردایەتیەکان و پەتاى ترس لەگۆڕانکارى و دەستبردن بۆ کەلاکى ڕزیوى حزبى کوردى، بزوتنەوەى گۆڕان لەغیابى ڕابەرەکەیدا پرۆسەى تەواوکارى پەیکەرە ڕێکخراوەیى ئەنجامدا، بەڵێ پرۆسەکە کەموکورتى هەبو لەجێى خواست و چاوەڕوانى هەموان نەبو، بەڵام ئەنجامدانى لەم کات و ساتەدا جورئەت و ئازایەتیەکى زۆرى تیادابو لەبەرامبەر ئەو گرەوانەى لەسەر شیبونەوەى دەکرا.

ئەم پرۆسەیە خۆ قوتارکردن بو لەتانە و تەشەرى ناشەرعیبون و سەرکردایەتى ئەمرى واقیع، بەم هەنگاوە بزوتنەوەکە بەگشتى لەدۆخى ڕاگوزەرەوە دەچێتە قۆناغى مەیین و بەدامەزراوەیبون و لیرە بەدواشەوە بڕیار و ڕێنمایی سەرکردایەتیەکەى هێز و کاریگەرى زیاتری دەبێت بۆ ناوخۆى بزوتنەوەکە.

 پرسیارێک لەم ساتەوەختەدا بکرێت ئەوەیە ئەبێت ترس لەچیبێت؟ ئەوانەى متمانەیان وەرگرتوە، نەخەڵکى ئەوەن و نەدرەفەتى ئەوەشیان هەیە بەتاک و جوت بچن ڕێکەوتن و سەفقەى نهێنى لەگەڵ پارتى و یەکێتى بکەن، ناشبنە دوانەى مەکتەب سیاسیە هەتاهەتاییەکانى حزبە نەریتەوانەکان، بۆیە هەق نیە ئەم ترسە ئەوەندە فوتێکرێ بۆ ئاستى نائومێدکردنى ئەوانەى هیوایان لەسەر گۆڕان هەڵچنیوە بۆ هێنانەکایەکى دونیایەکى باشتر و عادلتر، هاوزەمان بریندارکردنى خەڵکانێکیش کە زۆربەیان وازیان لەپۆست و ئیمتیازاتى شەخسى هێناوە و بۆ بزوتنەوەکە بون بەقەڵغان و پاڵیانداوە بەخەمەکانى خەڵکەوە.

 گۆڕان نەک هەر پێشەنگە، داهێنەرى ڕەخساندنى دەرفەتى بەشدارى سیاسیشە بۆ گەنجان،  گەنجانى حزبەکانى تریش بەشداریی و بەرزبونەوەیان بۆ کایە ئیدارى و نوێنەرایەتیەکان لەچاوى گۆڕان دەناسن، بۆیە ئەمەى دەوترێت و دەکرێت بەناوى گەنجەوە ناهەقیەکى گەورەو بچوککردنەوەى گەنجە بۆ مەخلوقێکى کڕوزاوە کە شایەنى بەزەییە، ئەوەى هەندێک لەبارەى گەنج دەیڵێن، دروستکردنى فۆرمێکى ناڕەواى هاوشێوەى قەزییەى بەشدارى ژنە لەکایەى سیاسى ، کە ٢٥ ساڵە کۆمەڵێک لەسەرى دەخۆن، هەقە ئەوەش لەیاد نەکەن نەوشیروان مستەفا پیربو، نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵەبانیش گەنجن.


AM:10:16:27/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 2055 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی