لەزینداندا گەڕان بەدوای ئازادی
باڵا دەروێش
کورد لەناو زیندانێکی هەمیشەییدایە بەناوی کوردستان، زیندانێک کە خودی کورد خۆی دروستی کردووەو هەر کورد خودی خۆشیەتی بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت لەناویداو سواڵی بۆ دەکات بێ ئاگا لەوەی ئازادی شتێک نییە لەکەسانی دیکەی داوا بکەیت، بەڵکو ئازادی وا لەناو خۆتدایە، بەڵام کە کورد لەمێژە بڕیاری داوە لەدیلو کۆتی دەسەڵاتو حکومڕانییەکی گەندەڵدابێت ئەوا هەمیشە لەسەرابێکدایەو بەدوای ئازادیدا دەگەڕێتو هەرگیز پێی ناگات، میللەتی کورد چەمکی ئازادی سەراپا هەڵە تێگەیشتونو ئازادی بەکەرەستەو شتە زۆر بچوکەکانەوە دەبەستنەوە، بۆیە هەرگیز ناتوانن هەوڵێکی گەورەو جدی بۆ بدەن، چونکە دونیابینینی ئێمە بۆ ئازادی تەنها لەچوارچێوەیەکی بەرتەسکدایەوە وەک ئازادی بۆ ئافرەتانو گەنجان بۆ هەر خواردنو خواردنەوەیەکو پۆشینی هەر پۆشاکێک..هتد، ئهمانە تەنها بەشێکی بچوکی ئازادین کە بەداخەوە کورد ئازادییەکانی خۆی تەنها لەمانەدا دەبینێتەوە، بۆیە هەمیشە هەستدەکات لەزینداندایەو بەدوای ئازادیشدا دەگەڕێت، بەڵام نایدۆزێتەوە!
مرۆڤ تا نەزانێت بۆچی دەگەڕێت؟ بۆ کام ئازادی هەوڵدەدات؟ کام شتی لێ زەوت کراوەو؟ کێ زەوتی کردوە؟ ئەمانەو چەندان پرسیاری دیکەیەکە بەرەو هەوڵدانی ڕاستەقینەت دەبات بۆ ئازادی بەڵام ئێمە لە هەوڵدانێکی پووچداین و بگرە هیچ هەوڵێکنادەین و دەمانەوێت ژیان ئازادیمان بۆ بگەڕێنێتەوە ئەمە دەردە کوشندەکەی ئێمە، وەک بەختیار عەلی: "دەڵێت کارەساتی گەورە ئەوەیە مرۆڤ نەزانێت چی بکاتو چاوەڕانی ژیان بێت شتی پێشکەش بکات”. ئێمەش چاوەڕوانین ژیان لەم زیندانە بمان هێنێتە دەرەوە کە خۆمان ئازادیمان ڕادەستی دەسەڵات کردو دیلمان کرد! گەر بپرسین چۆن ئازادیمان لە خۆمانکۆت کرد؟
وەڵامێکی زۆر سادەیی هەیە ئەویش کۆیلایەتییە، مرۆڤ کە بوبەکۆیلەی هەر شتێکو هەر کەسێک ئەوا بۆ هەمیشە ئەبێتە دیلی ئەو شتە،کوردیش لەمێژە بۆتە دیلیو کۆت بەڵام هەر تاکەو بەجۆرێک، بۆ وێنە، دەسەڵات بۆتە بوکەڵەی دەستی وەڵاتە زلهێزەکان لەپێناو بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیدا، هەندێک لەتاکەکانیش بونەتە کۆیلەی دەسەڵات پلەو پێگەو هەندێکی دیکەشیان بونەتە شاگرد ئەوانی دیکەو زۆرینەی میللەتی کوردیش بونەتە کۆیلەو دیلی ترسەکەیان ئەو ترسەی ماوەیەکی زۆرە بەندی کردووین ترس لەدەسەڵات، شۆڕش،ڕاپەڕین، کودەتا، ترس لەدەربڕینی بیروڕاکانمانو داوا کردنی مافەکانمان….هتد ئەمانەو چەندان هۆکاری تر وایکردووە لەخاکی خۆماندا دیل بین بیبینە کۆتو دیلی ئەو دەسەڵاتەی خۆمان متمانەمان پێدان و ئەوانیش یاساو ڕێساکانی ئازادی ئێمەیان شێواند.
ژان ژاک ڕۆسۆ دەڵێت: "هەر یاسایەک ڕۆحی ئازادی تێدا نەبێت دەبێت بگۆڕدرێت”،کاتی ئەوەش هاتووە ئێمەش لەو ترسە بێینە دەرەو دەست بکەین بە گۆڕینی دەسەڵات و داڕشتنەوەی یاساکان وەک خۆی تا ئەو زیندانەی ناوی کوردستانە ببێتەوە بەو خاکەی ڕۆژانێک لە پێناو ئازادیدا قوربانی دەدا.
بەختیار عەلیش دەڵێت: مرۆڤ کەزانی بەرەو کوێ دەچێت پێویستی بەخەیاڵ نییە ئەمە ئەوە نیشاندەدات هێشتا ئێمە نازانین بەرەو کوێ ئەڕۆین و چۆن دەژین چونکە تەنها بەخەیاڵ وێنەی ئازادی دەنەخشێینو خەونی پێوە دەبینین بێ ئەوەی هەوڵی بەدەست هێنانی بدەین، وەک دەڵێن: "هیچ ئاسمانێک بوونی نییە گەر سەیری سەرەوە نەکەیت”، کەواتە هیچ ئازادییەکیش بوونی نییە گەر هەوڵی بۆ نەدەیت.
AM:11:07:21/06/2018
ئهم بابهته 2560
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی