سەرقاڵكردنی یەكێتی بە (سلێمانی)یەوە

‌ عارف قوربانی‌

لە دوای لێكترازانی شۆڕشی ئەیلول بۆ دوو باڵ و دواتر بۆ دوو ئاراستە لە كوردایەتی، لە ساڵی 1964 بەدواوە تا دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، ئەم باڵەی كە بووە هەوێنی یەكێتی زیاتر سیمایەكی لۆكاڵیانەی هەبوو، كەسایەتیەكان و تەنانەت جێی نفوزیشیان ناوچەی سۆران بوو.

بەڵام كاتێ‌ مام جەلال یەكێتی نیشتمانی كوردستانی دامەزراند، لە دەستپێكی شۆڕشەوە ویستی ئەو سیمایە بگۆڕێت و یەكێتی هێزێكی سەرتاسەری بێت. لە پێكهێنانی یەكەمین سەركردایەتیەوە تا دروستكردنی هێزە چەكدارییەكەی، رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتە و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بوو. بە ئەندازەی خۆتەرخانكردنی بۆ دروستكردنی مەفرەزەی پارتیزانی لە ناوچەكانی شارەزوور، هەمان ویستی بۆ بادینانیش هەبوو. برایم عەزۆ و هاوڕێكانی دیارترین قوربانی ئەو ئامانجەی یەكێتی بوون.

سەرهەڵدانەوەی شەڕی براكوژی لە هەكاری و درێژەكێشانی ململانێی پارتی و یەكێتی وای كرد جارێكی تر بكشێتەوە ناوچەیەكی دیاریكراو، بەڵام لە خەبات و سیاسەتكردنیدا هێزێكی كوردستانی بوو. هەرچەندە هەلومەرجی ئەوكاتەی شۆڕش خوڵقێنەری ئەو دۆخە بوو كە بكەوێتەوە ناوچەكانی سلێمانی، بەڵام لە هەناوی شۆڕشیشدا مەیلی ناوچەیی هەبوو. ئەگەر تێڕوانینی مام جەلال نەكرایەتە بناغەی دامەزراندنی یەكێتی، دوور نەبوو هەر لە سەرەتاوە یەكێتی حیزبێكی ناوچەیی بایە. بەڵام مام جەلال بیروتێڕوانینی فراوان بوو، سۆرانی و بادینی، فەیلی و ئێزدی، شێخ و ئاغا و جووتیار و كرێكار، شاری و لادێی هەمووی پێكەوە بە ئامانجێكەوە بەستەوە.

ئەوەی وای كرد یەكێتی لە دوای دامەزراندنی و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، لە هەلومەرجێكی سەختدا لە هەورامانەوە بۆ گەرمیان، لە شارباژێڕەوە بۆ كەركوك، لە قەندیلەوە بۆ حەمرین، بۆ دەشتی هەولێر و باڵەكایەتی بە زوویی گەشە بكات، سیاسەتی كوردستانیانەی بوو. ئەم سیاسەتەش زادەی فكری مام جەلال بوو. بۆیە بەدرێژایی تەمەنی شۆڕش تا ئێستا، لە هەر بۆشاییەك كە بەهۆی نائامادەیی مام جەلالەوە دروست بووبێت، ئەو سیاسەتە كاڵ بووەتەوە و مەیلی ناوچەییبوون بەسەر یەكێتیدا زاڵ بووە.

لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 و دروستبوونی دۆخێكی تازە بۆ هێزە سیاسییە كوردستانی و عێراقیەكان، بوونی شەقڵاوە بە ناوەندی بڕیار و دواتر گواستنەوەی بۆ هەولێر وەك پایتەخت، رووداوگەلی زۆر هەن كە ئێرە جێی باسكردنیان نییە، بەڵام شەڕی ناوخۆ جارێكی تر ئاوی كرد بە ئاشی ناوچەییبوونی هێزەكاندا و سەرلەنوێ‌ بە حوكمی جوگرافیا دابەشی كردنەوە و سلێمانی بوو بە سەنتەری بڕیار بۆ یەكێتی. مانەوەی كوردستان بۆ ماوەیەكی زۆر لەو دۆخە چەقبەستووە، نەك هەر سیمای ناوچەییبوونی بەخشیە هێزەكان، بەڵكوو تا ئەندازەیەكی زۆر سیاسەتی حیزبەكانیشی بەناوچەیی كرد. واتا لە هەولێرەوە سیاسەتكردن بۆ هەولێر نەك بۆ كوردستان، كە ئەمە بۆ سلێمانی زەقتر بوو لە سلێمانیەوە سیاسەتكردن بۆ سلێمانی.

دوای شەڕی ناوخۆ و تا دروستكردنەوەی متمانە بۆ سەقامگیركردنی ئاشتی، كە لەو قۆناغەدا هەلومەرجێكی تازە هاتە پێش، پرۆسەی رزگاركردنی عێراق و رووخانی سەدام و رژێمەكەی، دەرگای بەڕووی یەكێتیدا كردەوە تاوەكو پێگە سیاسییەكەی بگوازێتەوە بۆ ئەو گۆڕەپانە نوێیانەی بەڕوویدا كرابوونەوە. یەكێتی چووە كەركوك، چووە بەغدا، چووەوە هەولێر و كەوتە پراكتیزەكردنی سیاسەتە بەرفراوانەكەی.

بەڵام بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاكانی تەمەنییەوە خەسڵەتێكی ناوچەیی لە هەناویدا هەبوو، ئەو چەندجار و چەند ساڵەی شەڕی ناوخۆش یارمەتیدەر بوو بۆ گەشەكردنی ئەو خەسڵەتە لۆكاڵیەی، دەبینی دوای قۆناغی كرانەوە بۆ یەكێتی، بەشێك لە یەكێتی كەوتنە سەرقاڵكردنی بە سلێمانییەوەو لەو گۆڕەپانە بەرفراوانە كە یەكێتی تیایدا رۆڵی سەرەكیی دەگێڕا، لە بەغدا مام جەلال بوو بە سەرۆك كۆمار، حوكمی كەركوكی كەوتە دەست، بووەوە بە هاوبەش لە حوكمڕانیی هەرێم لە هەولێر، یەكێتی بوو بە ئەندام لە سۆسیال دیموكراتەكانی دونیا، مام جەلال بوو بە جێگری ئەو رێكخراوە جیهانییە، بەڵام لە سلێمانی تووشی كێشە بوو. جەوهەری كێشەكەش بەریەككەوتنی ئەو دوو تێڕوانینە بوو.

ئەوكات بە حوكمی ئەوەی مام جەلال لە گۆڕەپانەكە بوو، یەكێتی دەرەقەتی كێشەكان دەهات، سەرباری ئەوەی ئینشیقاق لە یەكێتیدا روویدا، هەڵبژاردنی دۆڕاند، بەڵام پێگەی سیاسی و سەنگی یەكێتی وەك خۆی مایەوە. تەنانەت دوای ئەو دوو رووداوە (ئینشیقاق و شكستی هەڵبژاردن)، لە هەرێمی كوردستان سەرۆكی حكومەتی بەدەستهێنا و لە بەغداش جارێكی تر سەرۆك كۆمار درایەوە بە یەكێتی.

لەدوای ئەو رووداوانە تا وادەی نەخۆشكەوتنی، مام جەلال خۆی ئیدارەی ئەو هاوكێشەیەی دەكرد بۆ ئەوەی نەهێڵێت یەكێتی تەنها بە سلێمانییەوە سەرقاڵ بكرێت، یاخود كێشەكانی سلێمانی، یەكێتی لە هێزێكی گەورەی سەرتاسەرییەوە پەلكێشی ئەو شارە بكاتەوە. سەرباری ئەركەكانی وەك سەرۆك كۆمار لە بەغدا، دەهاتە كەركوك بە مانگ دەمایەوە و قورسایی یەكێتی دەبردە كەركوك. چەندین كۆبوونەوەی گرنگ و چارەنووسسازی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی دەخستە كەركوكەوە. دوای تەواوبوونی بارەگای مەكتەبی سیاسی لە هەولێر، كۆشكەكەی یەكێتی كردبووە ناوەندی بڕیار نەك بۆ كوردستان، بەڵكوو بۆ هاوكێشەكانی عێراقیش. پرسیار ئەوەیە ئایا دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، یەكێتی دەتوانێت درێژە بە فكر و تێڕوانینەكانی مام جەلال بدات؟

مێژووی ئەو نزیك بە نیو سەدەیەی رابردوو پێمان دەڵێت، لە هەموو هەلومەرجێكی گۆڕاودا، یەكێتی تووشی ئەو جۆرە لە ململانێ‌ هاتووە. ئێستا دوای كۆمەڵێك رووداو لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، كە چاوەڕوان دەكرێت پێشهات و گۆڕانكاریی زۆری لێبكەوێتەوە، یەكێتی بە ئەندازەیەكی مەترسیدار كەوتووەتە نێو بەرداشی ئەو دوو جۆرە لە دونیابینی سیاسی، لە كاتێكدا یەكێتی هێز و جەماوەرەكەی لە كەركوك و دەرەوەی سلێمانیشە و پێویست بوو پێگە سیاسیەكەشی لە هەولێر بێت، جارێكی تر گەلەكۆمەكی لەسەر یەكێتی دەكرێت، بەشێك لە ركابەرەكانی لە پارتی و گۆڕان و بەشێك لە خۆیشی یارمەتیدەری ئەوەن كە سەرنجی یەكێتی و تواناكانی سەرقاڵ بكرێن بە سلێمانییەوە و لە شارەكانی دیكە پاشەكشەی پێ بكەن.

ئێستا پێگەی جەماوەری و وەزعی یەكێتی لە سەرتاسەری كوردستان لە هەموو لایەك باشترە، خەڵك ئۆباڵی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكەی هەرێمی كوردستان زیاتر دەخەنە ئەستۆی پارتی و گۆڕان. ئەم چەند مانگە بۆ یەكێتی هەستیارە و لە بەردەم دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و عێراقدایە، لەبەردەم كۆمەڵێك پێشهات و ئەگەری چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراودایە. بەرپرسیارێتی گەورە دەكەوێتە ئەستۆی سەركردایەتی ئێستای یەكێتی، لەوەی حیزبەكەی مام جەلال بە هەمان كاریگەری و سەنگ و سیاسەتە گشتگیرەكەیەوە دەهێڵنەوە، یاخود تووشی پاشەكشەی دەكەن و دەیكەن بە حیزبی سلێمانی.


PM:03:05:21/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 646 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی