شەڕەکەی کاک مەسعود وکاک نەوشیروان

‌عه‌دنان عوسمان


سەرەتای وازهێنانی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی، چەند کەسێک، بە نیازپاکی بێت یا هەر هۆیەکی تر، ناوبەناو سەرقاڵی هەوڵدان  بۆ ئاشتکردنەوەی ئەو دوو سەرکردەیە: مام جەلال و کاک نەوشیروان  ورەواندنەوەی کێشەکانی نێوانیان بون، زۆرێک لەوانە، کە خۆشیان ساڵانێک رەخنەگری سیاسەتەکانی یەکێتی بون، ماوەیەک رێبواری ئەو هەوڵانە بون، تا جارێک، نەوشیروان مستەفا پێیان ئەڵێت ئێوە هەوڵێکی بێهودە ئەدەن، کێشەی من لەگەڵ ئەو پیاوە لەسەر شێوازی ئیدارەدانی یەکێتی و هەرێم و مامەڵەیە لەگەڵ پارتی نەک کێشەی شەخسی، من لە ئێوە باشتر ئەو پیاوە ئەناسم، پێش ئێوە هاوڕێی منە، رێگای ماڵی یەکتر لە ئێوە باشتر ئەزانین، ژمارەی تەلەفۆنی یەکتر باش ئەزانین، بۆیە وازبێنن لەم نیازەتان.

دوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕانیش، وە پاش ئەوەی گۆران وەک هێزێکی موعارەزەی کارا هاتە مەیدان و هەموو لایەنە حاکمەکانی توشی شۆک کرد، زۆرێک لە کەسایەتیە سیاسیەکان پێیان وابوو هۆکاری خراپی پەیوەندی گۆران و پارتی پەیوەستە بەیەکتر نەبینینی کاک نەوشیروان و کاک مەسعود، تەنانەت جارێکیان سیاسیەکی پایەدار پێی وتم کێشەکانی هەرێم بە نیو سەعاتی یەکتر بینینی ئەو دوو پیاوە کۆتایی پێ دێت، پێم وابێت لەم جۆرە قسانە لە رۆژنامەو کەناڵە میدیایەکانیشەوە دەکران. بەرامبەر ئەوەش، گۆران و خودی نەوشیروان مستەفا، هەموو جارێک جەختیان لەوە دەکردەوە کەوا کێشەکانی کوردستان شەخسی نین و دور و نزیک پەیوەست نین بە رق و کینە، هەوڵی یەکتر شکاندن و سرینەوە، کۆنە قین و هتد، بەڵکو ململانێی سیاسەت و شێوازە جیاوازەکانی ئیدارەدان و حوکمڕانیە.  گۆڕان ئەو لایەنە بوو کە زاراوەی شەخسەنەنەکردنی کێشەکانی داهێنا.

ساڵ هات و رۆیشت، کرانەوەیەک کەوتە نێو پەیوەدنیەکانی گۆران و پارتیەوە، کەسە سادەکان پێیان وابوو ئەوە بەهۆی بەشداری کردنی کاک نەوشیروان بوە لە تەعزێی دایکی کاک مەسعود، ئەوەش بەستەڵەکی نێوان هەردولای تواندەوە!!، لەبیریان چو کە دۆخێکی تازە هاتە پێشەوە هاوسەنگی سیاسی گۆڕی، ئەویش سەنتەر بونی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لە نێو روداوە سیاسیەکانی هەرێمدا کە چیتر لە توانادا نەبوو فەرامۆش بکرێت و پەراوێزبخرێت، هاوکاتیش دەنگێکی بەهێزیش لە نێو گۆڕان و دۆستەکانیدا هەبوو بۆ بەشداریکردنی گۆڕان لەدەسەڵات و هەوڵی چاکسازی لەو رێگایەوە.

 ئەو ماوەیە، سەرباری بەڵێنی چوار ساڵ ئارامی، بەمەرجی گۆڕانکاری و چاکسازی و بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نوێ و سەرۆکایەتی پەرلەمان، خودی نەوشیروان مستەفا چەندین جار رێگای هەولێر و مەسیفی دەگرتە بەر بەو هیوایەی فشارێک بکرێت لە پێناو جێبەجێ کردنی بەرنامەی حکومەت و گۆڕانکاری کردن لە جومگەکانی دەسەڵات و باشترکردن و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیە سیاسیەکانی حزبەکانی هەرێم. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەسڵی کێشەکان زۆر قوڵتر و مەودای بیرکردنەوەی گۆڕان و رێکخەرەکەی لەگەڵ پارتی و سەرۆکەکەی زۆر فراوان بوو، تا ئاستی دوو دیدگای جیاواز و دژ بەیەک لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، بۆیە سەرجەم ئەو هەوڵانە بێئاکام مانەوەو ئاستی پەیوەندیەکانیش گەشتنە پلەیەک کەوا پارتی هەموو جۆرە ناوزڕاندن و شیوازێکی نائەخلاقی دژ بە گۆڕان وەک حزب و نەوشیروان مستەفا وەک کەسایەتی بگرنە بەر. دواتر ئاکامە خراپەکانی عەقڵییەتی پاوانخوازی و رێزنەگرتن لە عورفی کاری سیاسیمان لە لایەن پارتیەوە بینی کە هەرێمەکەی لە چ لێوارێکی مەترسیدار نزیککردۆتەوە.

ئێستاش، دوای بەشداری کردنی پارتی لە تەعزێی شوعلەخانی خێزانی کاک نەوشیروان مستەفاو، ناردنی بروسکەی پرسە لەلایەن سەرۆکی پارتی و مەکتەبی سیاسیان و، وەڵامدانەوەی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە، کەم نین ئەوانەی پێیان وایە ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ هەنگاونان بەرەو ئاسایی کردنەوەی کێشەکانی نێوان پارتی و گۆڕان، کەم نین کە دیمەنی سیاسی لە کوردستاندا هێشتا لە چوارچیوەی عەقڵیەت و مەنتاڵەتی خێل سەیر ئەکەن و پێیان وایە بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی بۆی هەیە ببێتە هۆکارێک بۆ تواندنەوەی هەموو جۆرە بەستەڵەکێک و دانیشتن و دەست لەمل کردن و لەبیربردنی کێشەکان. مەعلومە بەشداریکردن لە بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا کارێکی باش و ئیجابیە، دانەبڕان لەیەکتر  گرنگە، لانی کەم بۆئەوەی بە یەکتر بڵێین ئێمە دوژمن و ناحەزی یەکتر نین، ئێمە بە نیازی یەکتر سڕینەوە کارناکەین، بەڵکو ئێمە نەیاری سیاسی یەکترین، کێشەی سیاسی وتێگەیشتنی سیاسی جیاوازمان هەیە، دەشێت ئەو بۆنانە هەوڵێک بێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی نوێ، ئەوانە راستن، بەڵام ناکرێت کێشە سەرەکی و بونیەویەکانی هەرێم لەمەسەلەی کێشەیەکی شەخسیدا ببینین گوایە لە نێوان ئەو دوو پیاوەدا هەیە.

کێشەکانی کوردستان پەیوەست نین بە ناکۆکی شەخسی نێوان ئەو دوو پیاوە، وەیا کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان دوو خێزان، وەیا دابڕان لەیەکترو گفتوگۆنەکردن لەگەڵ یەکدا، ئەوانە پێشتر بەخەستی کراون. کێشەکە لە دیدگاو جیهانبینی جیاوازی هەردولاوەیە بۆ ئەسڵی کێشەکان: حوکمڕانی و پێگەی دامەزراوە شەرعیەکان لە سەروی هەمویانەوە پەرلەمان و دادگا و هێزی چەکدار، لە بەڕێوەبردنی هەرێمە لەسەر بنەمای نوێ و ئیرادەی جەماوەر لە رێگەی سندوقی دەنگدانەوە، لە فەراهەمکردنی سەرەتاییەکانی دەسەلاتێکی تەندروست بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و سەربەخۆ کە مافی مرۆڤ و کەرامەتییان و بژێویان تێدا مسۆگەرکرابێت، لە ناکۆکیە لەسەر سیستەمی حوکمڕان و جێگیرکردنی عەقڵیەتی دەستاودەستی دەسەلات و وەلانانی قۆرخکاری حزبی و بنەماڵەییدا. ئەمانە کرۆکی کێشەو ناکۆکیەکانی نێوان گۆڕان و پارتی و ئەوانی ترن. هەرکات لەو پرسانەدا چونە پێشەوەیک رووبدات، پەیوەندی شەخسی و حزبی هەردولا بە خێرایی ئاسایی ئەبنەوە.

ئەزانم خەڵکانێک هەن لە خەمخۆری و دڵسۆزیان بۆ ئایندەی هەرێم و هاولاتیان، خۆشحاڵن بەهەر جۆرە نزیکبونەوەو کرانەوەیەک لە نێوان هەردوو سەرکردەو حزب، هەندێکی تریش لە ساویلکەیی و بەرژەوەندخوازیان دەیانەوێت ئەو گوتارە چەوت و نادروستە بسەپێنن کە گوایە کێشەکان بەشی زۆری پەیوەستن بە عینادی شەخسی و دەمارگیری و رقئەستوری کەسە بالاکان، بۆیە ئێستا دەرفەتە بۆ خاوکردنەوەی کێشەکان و زمانی راگەیاندنی دژ بەیەک، ئەوان دەیانەوێت لە بیرمانی ببەنەوە کە مەسەلەکە بەها سیاسیەکانە نەک گوتاری سادەی درۆزنانەی پێکەوە ژیان و کارکردن. خۆ ئەگەر تەنانەت ئەو قسانە دروستیش بن، ئەوا نە گۆران و نە رێکخەرەکەی ناگرێتەوە، چونکە لە رابردویەکی نزیکدا هەموو هەوڵ و تەقەلاکانیمان بینی لە پێناو ئارامی و پێکەوە کارکردندا، بە پێچەوانەشەوە وەڵام و رەفتارەکانی ئەوی تریشمان بینی.

هەڵهەڵەلێدان بۆ ئەم روداوە بەو سادەلەوحیەو دابەزاندنی کێشەکان بۆ ئاستی رقی شەخسی و ململانێی کەسەکان و ئاژاوەی هەندێک فەیسبوکچی( خۆیان گوتەنی) و توندڕەوی ئەم و ئەو، تێنەگەیشتنە لە پەیامەکانی گۆران و ئەسڵی ململانێکان و رێگای ئسوڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەو جۆرە عەقڵیەتە دەبێت لەهەر جۆرە گفتوگۆیەکی ئایندەیشدا دوربخرێتەوە، چونکە ناتوانێت دیدگا جیاوازەکان ببینێت و تەنها جەخت لەسەر مەسەلە روکەشەکان ئەکاتەوە.   


PM:10:38:26/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 16771 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی