مەتەڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان

‌عه‌دنان عوسمان

هێشتا ٢٤ سەعات بەسەر دوا نوسینمدا لەسەر ئەو یاریەی پارتی و بە هاوکاری بەشێک لە سەرکردایەتی یەکیتی ئەیکەن نەچوە و، دوای ئەوەی لەهەندێک لاوە رەخنەی ئەوە لەو بابەتەی من گیرا کە گوایە زانیاریەکانی ورد نین، بینیمان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتیدا، دیسانەوە قەوانەکان بەهەمان داڕشتن و روحیەتەوە بلاو کراونەتەوە. ئەو بەیانەی ئەمڕۆ دەقاودەق بەڵگەی ئەو عەقڵیەتەیە کە لەوتاری رابردودا باسم لێوە کرد. دیارە هەندێک بەڕێز دەیەوێت ئێمە نییەتی دڵیان بخوێنینەوە کە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی رائەگەیەندرێت، بەڵام ئەسڵ ئەوەیە ئێمە فاکت و بەیاننامەکان چاولێبکەین و لەسەر ئەوەش بڕیار بدەین.

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا، دیسانەوە یەکێتی( کە ئەڵێم یەکێتی لێرەدا مەبەستم ئەو کۆمەڵە بەرژەوەندخوازەیە کەلە فەلەکی پارتیدا ئەخولێنەوە) ،بەحەماسەوە چونەتە ژێر باری ئەو یاریە پڕ لەمەسخەرەیەی کەپارتی دەیکات بە ناوی ریفراندۆمەوە. لەوێدا یەکێتی جارێکی تر خۆی کردوە بە پاشکۆی سیاسەتەکانی پارتی و دڵخۆشە کە ئاوا خێرا، "سەرۆک" بارزانی بانگهێشتیان ئەکات.

بەڵام با بزانین ئایا لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتیدا چی رویداوەو چی تازە هەیە:

یەکەم: هەردوولا پاشگەزبونەوەیان پێوە دیارە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، چونکە لە راگەیاندراوەکەدا بەهۆکاری ئەو بارگرژیەی ئەکەن کە دوای بڕیارەکە رویدا.

دووەم: جەخت کردنەوە لەسەر " ئەولەویەتەکان کەلەسەری رێککەوتون. کەواتە هیچی تازە لێرەدا نییە. ئەوان تەنها جەت لەسەر ئەولەویەتەکان ئەکەنەوە. ئەویش پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بە ریفراندۆم بەبێ رەزامەندی و بەبێ یاسایەکەوە لە پەرلەمانەوە. ئەمەش رێک پێچەوانەی ناوەرۆکی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕانە، کە دوێنێ گوایە دیسان جەختی لەسەر کراوەتەوە. لەم بەیانەدا تەنها لەسەر جەخت کردنەوە لەسەر لیژنەی ریفراندۆم و ئەولەویەتەکان نەکراوەتەوە، بەڵکو باس لە دانانی وادەی پرۆسەکەش کراوە. واتە هەم ئیشی لیژنەکە ئەولەویەتی هەیەو، هەمیش لیژنەکە لە بری پەرلەمان دەتوانێت وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری بکات، ئیتر پەرلەمان کارا بێت یا نە ئەوا کاریگەری لەسەر ئەولەویەتی ئەوان نابێت.

سێیەم: لەخاڵە پڕ لە چەواشەکاریەکەیاندا، کە هەم بۆ دڵنەوایی کردنی هەندێک لەو گۆڕانانەیە کە دڵیان بۆ دوانەکەوتن لە پرۆژەکەی پارتی لێئەدات و هەمیش بۆ نەیارە زۆرەکانی پارتی کە لەنێو سەرکردایەتی و قاعیدەی یەکێتیدا هەن، باسێک لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە، بەڵام چۆن؟ با بزانین پرسی کاراکردنەوە کە بۆتە وێردی سەرزمانی هەموو لایەک لەم بەیاننامەیەدا چۆن ریسوا و بیناوەرۆک کراوە.

جارێ لە بڕگەی ب دا زۆر بە روقایمیەوە باس لە "چۆنێتی" کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە. ئەم چۆنیەتیە مەعلومە لای پارتی چیە؟ کە ئەویش گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانە بە دڵخوازی پارتی. پارتی هیچ کات دژ بە کاراکردنەوەی پەرلەمان نەبوە بەمەرجی گۆڕانکاری لە دەستەی سەرۆکایەتی و دەستەمۆکردنی پەرلەمان. بۆیە لێرەشدا، سەرباری باسکردن لە چۆنێتی کاراکردنەوەی پەرلەمان، پارتی و بە موبارەکەی ئەو وەفدەی یەکێتی، کە گەورەترین پرۆپارتی تێدایە،مەرجی خۆی هەیە، کە ئەویش ئەوەیە: ئەو کاراکردنەوەیە دەبێت لە خزمەت پرۆسەکەو بانگەشەکەی پارتی بێت نەک هیچی تر. واتە پەرلەمان دەبێتە ئۆرگانێکی تری بێ گیان لەپاڵ ئەو لیژنە سەرەکەیەی کە دانراوەو هەمە کارەیە، ئەویش هەر بۆ ئەوەی نەیارەکانی ریفراندۆمەکەی پارتی دەمکوت بکرێن وبیانویان بۆ نەهێڵنەوە.

یەکێتی ئەمڕۆ بە پێچەوانەی ئەو ئیدعائاتەی دوێنێ کردی و ئێمەش تیشکمان خستە سەر راستنەبونی، رازی بوو کە ئەولەویەت لای ئەویش ریفراندۆمەکەی پارتیە نەک موئەسەسات و شەرعییەت. بۆ کاراکردنی پەرلەمانیش هاوڕای پارتیە کە دەبێت قسە لەسەر چۆنێتی ئەوە بکرێت واتە گۆڕینی سەرۆکەکەی و تەرخانکردنی ئیشی پەرلەمان بۆ موبارەکەی هەنگاوەکانی پارتی.

ئێستا، لەپاڵ ئەم دیماگۆجیەت و خۆڵکردنە چاوی خەڵکیدا، خۆشبەختانە، لەنێو گۆڕان و یەکێتی، لە ئاستی سەرکردایەتی و بنکەکانەوە، ناڕەزایەتیەکی بەهێز هەیە هەم بۆ ئەو گاڵتەجاڕیەی پارتی و هەمیش بۆ دەستەمۆبون و چونە نێو ئەو سیاسەتەوە. هیوادارم، ئەم دواکۆبونەوەیە، هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی دڵسۆزانی هەردوولا و خەمخۆرانی میللەت و دۆستەکانی گۆڕان و یەکێتی، فشارێکی گەورە بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەو دورکەوتنەوە لەم عەقڵییەتی چەواشەکاریە. ئێستا لە هەموو کات پێویسترە کە جڤاتی گشتی و نیشتمانی گۆڕان و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، کۆبونەوەیەکی هاوبەش سازبکەن و ئەم بابەتەو سەرجەم پرسەکانی نێوان هەردوولاو دواهەنگاوەکان تاوتوێ بکەن و رێگەچارەی گونجاو و مولزەمی بۆ دابنێن.


PM:11:24:23/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 9841 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی