قسەیەک لەسەر هەڵبژاردنەکەی گۆڕان

‌عه‌دنان عوسمان

عەدنان عوسمان

پرۆسەکە:
لە روی جێبەجێکردنی دەستوری گۆڕانەوە بێ کێشەبوو، وە هەنگاوێکی پێویست بوو، دەستورەکەش وەک خۆی جێبەجێ کرا، لە روی پابەند بون بە رێنماییەکانەوە کەم و کورتی  هەبوو تا ئاستی ئەوەی تانەی یاساییشی لێبدرێت ، دیارە بیانوەکە بەرژەوەندیە باڵاکانی بزوتنەوەکەبوو، بەڵام دەکرا یا رێنمایی نەبێت، وەیا کە دانرا هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن.

وەک پرۆسە سەرکەوتوو بوو، وەک پەیام و ئاراستە کێشەی زۆری دروست کرد، دڵەڕاوکەو نیگەرانیشی لە نێو هێزە نوێکانی بزوتنەوەکەش تەشەنەی کرد. لەهەموشی خراپتر پشتکردنە دوا راسپاردەی سیاسی کاک نەوشیروان بوو، کە هەم دامەزرێنەری بززوتنەوەکە بوو، هەمیش خۆی خاڵی کۆکەرەوەی هێزە جۆراوجۆرەکانی نێو گۆڕان بوو.

پیر و گەنج
بەشی زۆری قسەوباسەکانی دوای هەڵبژاردنەکە لە ئامادەبونی پیر و نەبونی گەنجدا کورت کراوەتەوە، کە ئەمە هەڵەیەکی سیاسی مەترسیدارە.

من ئەم دابەشبونە هەم بە خراپ ئەزانم و هەمیش بە زیان. خراپە چونکە بەدیوێکدا تانەو تەشەرە لە مرۆڤەکان لەسەر بنەمای تەمەنیان، کە دەسەڵاتی ئەوان نیە، نەک لەسەر بنەمای کار و دیدگایان کە بڕیاری خۆیانە.

زیانبەخشیشە چونکە ئیتر ئەسڵی کێشەو ململانێ و دیدگا جیاوازەکان لە پرسە سیاسیە هەستیارەکانەوە کورتئەکرێتەوە بۆ مەسەلەی ساڵ و دەم و چاو، بێ قسەکردن لەسەر ئەو عەقڵەی لەپشتی ئەو دەم و چاوەدا هەیە.

لە ئێستادا دەبێت قسە و نیگامان لەسەر دنیابینی و شێوازی کارکردن و بڕیاردانی خانەی راپەراندن بێت نەک تەنها لەسەر تەمەنەکانیان، چونکە بە گریمانەی ئەوەی سەرجەمی خانە لە نەوەی نوێ بن( کە من هیواخوازی ئەوەبوم لانی کەم لەم قۆناغەدا) بەڵام ئەوە ناکاتە ئەوەی ئیتر گۆڕان لەسەر شارێێ سیاسی ئسوڵی خۆیدا ئەبێت و مەترسی لەسەر بڕیاردانی نابێت، چونکە پێم وایە ئەوەی زەمانەتی ئەو بەردەوامیە دەکات تەنها تەمەن نیە، بەڵکو پابەند بونە بە کۆمەڵێک بنەما کە گۆڕان و لەسەروی ئەوەش نەوشیروان مستەفا دایهێناون.

خاڵی جیاکەرەوەی نەوەی کۆن و نەوەی نوێ لەتەمەنەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە جیهانبینی و تێگەیشتن و شێوەی کارکردنەوە دەست پێئەکات، کە دەشێ لەهەردوو جیهانبینیەکەدا تەمەنی جیاواز و مەودای تەمەنی زۆروزەوەندی تێدا بێت، هەر ئەمەش بەلای منەوە خاڵی جیاکەرەوەی گۆڕانە لەگەل حزبەکانی تردا.

سەیر لەوەدایە چەند رۆژێکە هەندێک لە میدیاکارانی گۆڕان خۆیان بەوە سەرقال کردوە باس لە رێژەی گەنج بکەن لە نێو بزوتنەوەکەدا، وەک ئەوەی لە حزبەکانی تریشدا سەرجەم ئۆرگانە حزبیەکان و تەنانەت حکومی و پەرلەمانیش سیخناخ نەبێت لە گەنج و خوێنی تازە!!.

رێکخەری نوێ و خانەی راپەڕاندن
بەهەمان میتۆد، خاڵی نزیکبونەوەو دورکەوتنەوەمان لەم پێکهاتەیەی ئێستای خانەی راپەڕاندن( کە پێشتریش و بە شێوەی جیا، هەر لەهەرەمی سەرەوە بون) پێویستە لەسەر بنەمای هێڵە سیاسیەکان بێت نەک تەمەنی ئەو بەڕێزانە، نەک بەوەی کە سەرجەمیان سەر بە کاستی کۆنن و پلەدار بون لە یەکێتیدا.

دیارە باشتر وابوو بە گوێرەی نامەکەی کاک نەوشیروان، پێکهاتەیەکی هاوبەش لە هەردوو نەوە: نەوەی کۆنە بەرپرسی یەکێتی و نەوەی تازەی ناو گۆڕان، بەڵام کە ئەوە نەبوو، دەبێت لە ئێستادا تەنها جەخت لەسەر بناغە فکری و سیاسیەکان و بەرنامەی سیاسی گۆڕان بکرێتەوەو هەموو گۆڕانخوازان پاسەوان و چاودێری جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەیەو سیاسەتە گشتیە ناسراوەکانی گۆڕان بن و هەر لەوێشەوە هەڵسەنگاندن بۆ دەستەی تازەی خانەی راپەڕاندن بکەین.

با من لەم دەرفەتەدا، بە کورتی و پوختی، بۆچونی خۆم لەسەر پێکهاتەی خانەکە بخەمە روو، هەم بۆ تەجاوزکردنی گرێکوێرەی تەمەن و هەمیش بۆ گەڕاندنەوەی دیدگاکان بۆ مەداری ئەسڵی خۆیان.

لەراستیدا ئەوەی کە دەوترێت لەسەر ئەندامە بەتەمەن و گۆچانبەدەستەکان ،ستایشە نەک ناتۆرە. ستایشە چونکە ئەو بەڕێزانە سەرجەم تەمەنیان لە ململانێی سیاسی و خەبات و کاری شۆڕشگێڕیدا بەسەر بردوە، هەمیشە لە ریزی پێشەوەی خەباتی میلەتەکەیان بون و لەو پێناوەدا کەمئەندام و نەخۆش بون، زیندانی و پیشمەرگایەتی و دەیان ململانێی سەختیان بڕیوە. بۆیە من سەرجەم ئەو خاڵانە بە خاڵی گەش و سەروەری بۆ ئەو بەڕیزانە دەزانم نەوەک نەنگی و تانەو تەشەر.

 ئەوەی کە بەلای منەوە وەک هەلسوڕاوێکی گۆڕان گرنگە، تەمەن و پێشینەی سیاسی ئەو بەڕێزانە نیە، بەڵکو ئاستی پابەندبونیان بە روح و فکری گۆڕانخوازی و بەرنامەی گۆڕان و هێڵە گشتیەکانی و دورکەوتنەوەیان لە شێوازی کاری تەقلیدی و قۆرخکردنی ئیرادەی قسەکردن و بڕیار و کردارە.

پێشتر لەو بارانەوە تێبینی زۆرم هەبوو، رەخنەم لەوە هەبوو( جا چ بەنوسین وەیا لە کۆبونەوەکان وەیا لە گروپەکان و بەتایبەتیش لە کۆبونەوەی سێشەممان، وەیا لە رێگەی بلاوکراوەکانەوە)، کە ئیرادەی بڕیاردان لای ئەو برادەرانە زۆر خاوە تا ئاستی لاوازی، توانای موبادەرەیان نیە، گۆڕان زۆرتر وەک وەرگرە نەک دەستپێشخەر، گۆڕان ئەتوانێت بڵێ نا، بەڵام زۆر بەزەحمەت ئەتوانێت دیدگاکانی خۆی تسویق بکات و کەمپینی بۆ بکات، پەیوەندیەکانی گۆڕان بەدەرەوەی خۆی زۆر لاوازە، هەندێکیان تەنها چاویان دۆست و نزیکەکانی خۆیان ئەبینێت و بە روحیەتی رق و تۆڵە مامەڵە لەگەڵ نەیارە فکریەکانی خۆیان ئەکەن، ئەو بەڕێزانە نە قسە ئەکەن، نە چاوپێکەوتن ،نە وتار ئەنوسن، نە کۆڕی جەماوەری،،،هتد، کە ئەمەش یەکێکە لە نەنگیەکانی کاری سیاسی.

بۆیە لە ئێستادا، ئەو بەڕێزانەو بەهاوکاری هەردوو جڤات، دەبێت بزانن کە ئەوان رابەرایەتی بزوتنەوەیەکی گەنجانە ئەکەن بە روح و عەقڵیەتێکی تازەی کاری حزبیەوە، ئەوان دەبێت: توانای موبادەرەو بڕیاردانیان هەبێت، بەدەنگی بەرز بەڵێ ونەخێر بڵێن، بەیەکچاو سەیری هەموو هەڵسوڕاوان بکەن، روحی تیم و کاری دەستەجەمعی و راوێژکردن لە خۆیاندا بەرجەستە بکەن، ببنە وتەبێژی بزوتنەوەکە، میتینگ و سیمینار و چاوپێکەوتنی میدیایی ئەنجامبدەن، دابەزنە خوارەوەو شەقام و مەکۆکان بکەنە بنکەیەیەکی تری کارکردنیان نەک تەنها گردەکە، ئیستحقاقاتی تری دەستوری وەک : هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و رێکخستنەوەی ژورەکان و بەهێزکردنیان جێبەجێ بکەن.

بەمەو تەنها بەم رێگایە، دەتوانن متمانەی سەرجەم هەڵسوڕاوان بۆ خۆیان رابکێشن و پێکەوە ئەم قۆناغەش تێپەڕێنین و گۆڕان بە یەکگرتویی و کارایی و وەک هێزی ئەسڵی سەرەکی بڕیاردەر لە کۆمەڵگاکەماندا بهێڵێنەوە.


PM:06:43:28/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 2089 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی