‌كاڵای بەقەد باڵای نییە !
PM:03:30:25/01/2016
سلێمان عەبدوڵا یونس

نیوەی میللەتی پارێزگای سلێمانی لەدەریای ئیجەدا خنكاو نیوەكەی تریشی خنكان و نغرۆبوونی خۆیان لەئیجەدا پێ خۆشترە لەژیانی ناو ئەم دۆزەخی قاتوقڕی و برسێتی و زوڵم ستەمە، كەچی تازە بەتازە یەكێتی (پێشنیار دەكات) بۆ بەدابەشكردنی پۆستە سیادیەكانی هەرێم، وەك ئەوەی یەكێتی پۆستەكانی خۆی ئەوەندە جوان دابەش كردبێت و كێشەكانی خۆی ئەوەندە حەكیمانە حەل كردبێت!. 

گرفتەكە ئەوەیە یەكێتی پێشنیار بكات، لەكاتێكدا بەهەموو پێوەرێك دەبێت ئەو هێزە وەك خاوەنی وڵات بڕیار بدات. ئاخر قەیرانەكانی كوردستان زادەی بێ پێشنیاری یەكێتی نین، بەڵكو حەقیقەتی گرفتەكان لەزۆر سەرەوە پەیوەندیدارە، بەغیابی یەكێتی و بەلاوازی ئەو لە درووستكردنی بڕیاردا.

یەكێتی بۆئەوەی بتوانێت فریای سلێمانی و فریای كوردستان بكەوێت (كە خەریەكە خڕ ئاو دەیبات) دەبێت چیتر رۆڵی تەماشاكەر نەبینێت و چیتر (هەموو قەرارو قەیرانەكان) بەقەدەری پارتی و گۆڕان نەسپێرێت و خەڵك بەتەنیا جێنەهێڵێت!  

لەم پێناوەدا خەڵك و قۆناغەكە دەخوازن یەكێتی قەیرانی خۆبەڕێوەبردنی خۆی بەزووترین دەم چارە بكات و ببێتەوە بەهێزە دەسەڵاتدارە بەرپرسیارەكەی جاران و كۆتایی بەخۆمتكردنی خۆی بهێنێت. چونكە ئەم رۆڵەی ئێستا یەكێتی دەیگێڕێت، دەشێت بەباڵای (بزوتنەوەی ئیسلامی)و (سۆسیاڵیست)و (ئایندەوە) رەونەق بداتەوە، بەڵام بۆ یەكێتی كاڵا بەقەد باڵا نییە.

ئه‌م بابه‌ته 425 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2015. westga.net. All Rights Reserved.