‌ئۆجەلان خۆی جیادەكاتەوە!
AM:11:59:23/02/2016
سلێمان عەبدوڵا یونس

خەریكە وردەوردە ئەزموونی ئۆجەلان، خۆی لەهەردوو ئەزموونی تاڵەبانی و بارزانی بەتەواوەتی جودا دەكاتەوەو لەناو ئەزموونی سیاسی نوێی رۆژهەڵاتدا، وەكو دڵخوازترین ئەزموونی كوردی بەلای خۆرئاواییەكانەوە دەردەكەوێت!

ئەزموونی ئۆجەلان ئەگەر بە PKK دەست پێ بكات، ئەوا جیاوازیەكەی لەوەدایە كە بە PKK كۆتایی نایەت، چونكە لەناو زیاتر لەشوناس و ناوبانگ و چوارچێوەو سەرزەمینێكدا، بەرجەستە بووە!

خاڵی سەرەكی و جیاوازی ئەزموونی ئۆجەلان، لە هی بارزانی و تاڵەبانی، ئەوە نییە كە ئەویان ئەزموونیكی ماڵباتی نییە، بەڵكو بەڕاقی دەركەوتنییەتی لەبونیاتی هادەپ و بەئەفسانە دەركەوتنیشییەتی لە خۆرئاوای كوردستاندا، كە بەكۆبانێ دەست پێدەكات و رەنگە مێژووش بگۆڕێت، ئەوكاتانەی شوێن پێكانی ئەو ئەزموونە، دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست و كورد لە ئەرزو ئاسمان و دەریاوە، بەدنیا دەبەستێتەوە!

ئەزموونی بارزانی ئەگەر كۆسێرڤەتیڤە نوێكانی ناو پارتی نوێنەرایەتی دیوە نوێگەرەكەی بكەن، ئەوەتا بەدەست حزبۆكڕاتیەتێكی ماڵباتییەوە، شكستی خواردووەو خەریكە، یەك بەدوای یەكدا، موبادەرەكانی دروستكردنی دەوڵەتی لەدەست دەكەوێتە خوارەوە! هەروەك چۆن، ئەزموونی تاڵەبانیش، لەگەڵ نەخۆش كەوتنی رێبەرەكەیدا، نەیتوانی فریادڕەس دروست بكاو پارێزگاری لەشووناسی مۆدێرنەبوونی خۆی بكات!

رەنگە وتنی قورس بێت، بەڵام لەكاتێكدا هەردوو ئەزموونی بارزانی و تاڵەبانی لەمێژوودا گیریان خواردووە، ئەزموونی ئۆجەلان هەنگاوی مكۆم بۆ ئایندە دەهاوێژێت!


ئه‌م بابه‌ته 251 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2015. westga.net. All Rights Reserved.