‌مریشک و هێلکەی یەکێتی!
PM:07:35:29/03/2016
سلێمان عەبدوڵا یونس

پارتی پێشوازی لەبان کیمۆن دەکات و یەکێتیش، هێشتا لەنێوان ململانێی دوو تەکەتولدا خەریکی ساغکردنەوەی ئەوەیە ئایا مریشک لەهێلکەیە یان هێلکە لەمریشکە!

پارتی سەرگەرمی سەرکردایەتیکردنی دەولەت و خەریکی بەبازاڕکردنی گازی سروشتیە( دوای ئەوەی تاپۆی دەسکەوتە نەوتیەکانی وەک شیری دایکی لەسەرخۆی حەڵال کرد) کەچی هێشتا ململانێکارانی دوو ئاڕاستە جیاوازەکەی ناو یەکێتی، هەر خەریکی سەلماندنی ئەوەن، کامیان باڵی دەسکورتە و کامیان باڵی دەسڕۆیشتو؟!  کامیان ئاگاداری شیرینی نەوتە و کامیان ئاگاداری نیە؟!

هەولێر هەتا دێت زەرد دەچێتەوە و کەچی نەشەرعیەتی نیشتیمانی و نەشەرعیەتی دیموکراسی و نە پێگە کوردستانیەکەی، لەچاوی ناوچەکە و زومی میدیا و سیاسەتی دونیاوە، زەرەیەک گەرد ناگرێت! کەچی سلێمانی هەتا زیاتر ئاڵوواڵا دەبێت و هەتا زیاتر ڕەنگی یەکڕیزی و دیموکراسی دەپۆشێت ، زیاتر بەرداشەکان دەیهاڕن و زیاتر بچوک دەبێتەوە.

ئەوە چ مەهزەلە و گۆبەند و بەڵایەکە، سەرکردە لۆکاڵیەکانی سلێمانی دوای مام جەلال، لەگەردنی خەڵک و خۆیان و شارەکەیان ئاڵاندووە و ڕۆژانە وەک تاڵاو، دەیکەن بەگەروی خەڵک خوای ئەم قەڵەمڕەوە سەوزەدا!

ئەرێ ئەمانە کەی ئەم حەکایەتی هێلکە لەمریشک و مریشک لە هێلکەیە بەکۆتادێنن و لێدەگەڕێن ڕۆژێک ئەم  جەماوەر و خەڵکە دلسۆزە، ئاهێک بەئاسوەیی هەڵکێشن؟ یان حەقیقەت، قسەی دایکە شەهیدکەیە،کاتێک بەکەسەرەوە پێی گوتم : ـ (هێشتا ماویانە کاولی کەن)!

ئه‌م بابه‌ته 279 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2015. westga.net. All Rights Reserved.