كەی كاتەكەی گونجاوە!

‌ئاریان فەرەج

زەمەنی سەركوت و دژایەتی راشكاوی مافی گەلان بەسەرچووە، بەڵام ئیرادەی دژایەتی لە عەقڵە تاریكەكاندا هەرماوە. جاران بەوپەڕی سەڵافەت و بێسڵەمینەوە دەریاندەبڕی و ئێستا بە ووشەی دیكە گوزارشتی لێدەكەن. دەستەواژەی (كاتی نییە و كاتی نەهاتووە) لە دەرەوە و ( ئامادە نین و خۆمان سازنەداوە) لە ناوەوە، تەعبیری ناراستەوخۆن لەو هەڵوێستە.

سەد ساڵە كورد چاوەڕێی كاتی گونجاوە، ئەگەر دەسنیشانی ئەو وادە گونجاوە بە دەستی نەیارانی كورد بێت، ئەوان هیچ كات بە گونجاو نازانن. كەواتە ئەو لایەنەی دەبێت كاتی گونجاو دیاریبكات، خۆمانین. ئەركی خۆمانە و لە ئەستۆی خۆمانە، تەقدیریشمان بۆ ئێستا وەك كاتی گونجاو لەسەر فاكت و بنەمای بەهێز و هەڵكەوتوو بیناكراوە:

- عێراق بە كردەوە هەڵوەشاوەتەوە، شەڕی مەزهەبی نێوان خودی عەرەب، سیاساتی تەهمیش و تۆڵەكاری و خۆسەپێنی و حوكمی میلیشیایی و مەزهەبگەرایی، مەیلی دیكتاتۆری و ژێرپێنانی شەراكەت و دەستور، بێ سیادەیی و وابەستەیی و بێ ئیرادەیی و دەیان هۆكاری دیكە لەبەریەكی هەڵوەشاند، بەرلەوەی سەربەخۆییخوازی ئێمە دابەشی بكات. ئەو وێرانكارییەی كاتی خۆی سوونە لە ئەهوار و جنوب كردی، شیعە بە دەقات وێرانكاری لە موسڵ و تكریت و ئەنبار حەقیان كردەوە.

- جگە لە هەماهەنگیی بۆ شەڕی داعش و دانوستان بۆ دامەزراندنی ئایندەی هاوسێیەتی، هیچمان لەگەڵ بەغدا نەماوە. تەواوی خاكی كوردستان لەبەردەستی خۆمانە. پارێزەریی خاك و دابینكاری بژێوی گەل بە ئاستی كەمەوە هەر لە ئەستۆی خۆمانە. بەغدا دەمێكە هیچ ئیلتزامێكی بەرامبەر كوردستان بە ئەستۆی خۆیەوە نەهێشتووە.

- ئەو حولفە چوارقۆڵییەی داگیركەرانی كوردستان كە لەمپەڕی هەرە سەرەكی بەردەم هیواكانی كورد بوو، ئێستا لەهەركات لاوازتر و بێ شیرازە و هەڵوەشاوترە. دووانیان لە ریزی نەبوانن و دوانەكەی دیكەش جەمسەریان لێكدی گرتووە.
- كورد بە درێژایی مێژوو تەجروبەیەكی تەمەندرێژی خود حوكمرانی و دەوڵەتی دیفاكتۆی وەك ئێستا نزیك لە سەربەخۆیی بەخۆوە نەدیوە. بۆیە لەهەركات ئامادەتر و نزیكترین لە بەدەوڵەتبوون.

- جەنگی مەردانەی پێشمەرگە و لێبوردەیی گەلەكەمان و بەخۆگرتنی ملیۆنان ئاوارە و جەنگزەدە لە ئایین و نەتەوە و ئاینزای جۆراوجۆر، كارێكی كردووە هیچ دەور و زەمانێك كورد هێندەی ئێستا هاوسۆزیی رای گشتی جیهانی لەگەڵ نەبووە، جگە لەو تۆڕە فراوانەی پەیوەندی دیبلۆماسی كە لەگەڵ زلهێز و دەوڵەتانی دونیا دایمەزراندووە.

- بایی ئەوەندەمان ژیرخان بۆ ئابورییەكی خۆژیێن دامەزراندووە، كە ئەگەر لێمان گەڕێن و لە پاشكۆیی و بێ سیادەیی قورتار بین، دەتوانین خۆشگوزەران و خۆژیێن بین و ووڵاتی خۆمان بە باشترین شێوە بینا بكەین.

- سەد ساڵە هێندەی ئێستا جیهان لەو باوەڕە نزیكنەبۆتەوە كە نەخشە كۆنەكەی ناوچەكە نە ئاشتی و سەقامگیریی دابین كرد و نە بەرژەوەندییەكانی ئەوانی پاراست و نە بێجگە لە داعش و حەشد و هاوشێوەكانیان، هیچی دیكەی لێ بەرهەم هات. بۆیە لە خەمی وەك خۆ مانەوەی ئەو نەخشەیەدا نەماون.

- ئەمانە و دەیان فاكت و حەقیقەتی سیاسی دیكە پێمان دەڵێن ئێستا و ئەمڕۆ نەك هەر گونجاوە بۆ بڕیاری چارەنووس، بەڵكو دەرفەتە و هیچ گەرەنتییەكیش نییە كە ئەگەر نەیقۆزینەوەن ئەم دەرفەتە تا سبەی بمێنێ.

لەهەموو ئەم فاكتانەش گرنگتر، ئیرادە و بڕیاری خۆمانە. ئەگەر سەربەخۆیی بڕیاری میللەتی كورد بێت، سەردەمی رێزنەگرتن لە بڕیار و ئیرادەی میللەتان بەسەرچووە، ئەگەریش سەربەخۆیی ئیرادە و بڕیاری خەڵكی دیكەیە و دەبێ خەڵكی دیكە لە جێی ئێمە بڕیار بدەن، ئەو بڕیارە قەت و قەت نادرێ. ئەو زەمەنەش قەت نایەت میلەتانی دیكە سەربەخۆییمان وەك دیاری و پاداشت پێشكەش بكەن.


PM:03:39:17/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی