نە ئەوان شەراكەتیان قبووڵكرد و نە ئێمە پاشكۆیەتی

‌ئاریان فەرەج

ئەو دەمەی، كورد لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بێبەش كرا و ئەم پارچەیەی كوردستان بە تۆپزی بە عێراقی عەرەبیی شیعە و سوننەوە لكێندرا،(شەراكەت و برابەشیی نیشتمان) وەك چارەسەرێكی ناعیلاجی، كە لانی كەمی بەشخوراویی كورد غوفران بكاتەوە و كەمترین زەمینەی یپێكەوەژیانی پێكهاتەكانی وڵاتێكی بە زۆر دروستكراو بەدیبێنێ، وەك رێگە چارەیەكی مومكین، كەوتە بەرباس. 

كورد، كە غەدرە گەورەكەی بەركەوت و مافی سەربەخۆیی لێ زەوتكرا، دەرهەق بە هەلومەرجی سەخت و نالەباری ئەو سەردەمانە، ئەم چارەسەرەی قبووڵكرد و ئەو ئومێدەی بۆ خۆی هەڵچنی كە دەكرێ لە سێبەری برابەشییەكی راستەقینەدا، ماف و وجود و بەركەوت و ناسنامەی پارێزراو بێ. كەچی، نەتەوەی سەردەستی عەرەب ئەمەشی قبووڵنەكرد و نەك هەر لە هیچ قۆناغێكدا قەناعەتی پێنەهات و ملی بۆ نەدا. بگره‌، لە ساتەوەختی باڵادەستیی سوننەی عەرەبدا بە ئاگر و ئاسن و سووتماكی خاك و ئەنفالی خەڵك و، لە سەردەمی باڵادەستیی شیعەی عەرەبیشدا بە نانبڕین و برسیكردن و شەڕانگێزی، وەڵامی ئەم داوایەی كورد درایەوە. 

بە درێژایی ئەو مێژووە، هێزە عەرەبییەكانی عێراق جگە لە پاشكۆیەتی و ملكەچی و وابەستەیی، هیچ وێنایەكی دیكە بۆ جۆری پەیوەندیی كوردستان بە بەغاوە لە زهنیاندا قەت و قەت دروستنەبوو. بۆ جارێكیش نەیانتوانی قورتار بن لە زهنیەتی خۆ بە زۆرینە و برا گەورە و، كورد بە كەمینە و برابچووك، زانین. دواجار لە سایەی ئەو فیدرالیزمەدا، كە حوكمڕانانی تازەی عێراق بە نابەدڵی چوونەژێر باری و لە خەونی سەنترالیزەكردنەوەی عێراقدا رۆژ بە رۆژ لێیانكەمدەكردەوە و دەستووریان بۆ پێشێل دەكرد، كورد جارێكی دیكە تووشی جینوساید بۆوە و كارەساتی وەك شنگالی بەسەرهات و پاروەنانی خەڵكەكەی بڕا و شەڕی برسیكردنی لە دژ بەرپاكرا. 

لە دەسپێكەوە و تا دەگاته ئەمرۆش، مانەوەی كورد لە عێراقدا تەنیا بە یەكێك لە دوو رێگا مەیسەر و دابیندەبوو، كە دەركەوت هەردووكیان مەحاڵن. 

یەكەمیان باوەڕهێنانی عەرەب بە شەراكەت و برابەشی و وەك یەكی و یەكسانیی هەردوو نەتەوە لە نیشتمانێكی هاوبەشدا، كە هەرگیزا و هەرگیز نەهاتەدی . 

دووەمیان قایلبوونی كورد بە پاشكۆیەتی و وابەستەیی و ملكەچیی بۆ مەركەز و حاكمییەتی زۆرینەی مەزهەبی و نەتەوەیی عەرەب، ئەمەشیان كورد لەوەتەی هەیە رەتیدەكاتەوە و ناچێتەژێر باری. لەسەردەمی حوكمی سوننەی عەرەبدا بە خوێن و، لەسەردەمی شیعەی عەرەبدا هەم بە خوێن و هەم بە بەرگەگرتنی برسێتی و قاتوقڕی، رەتیكردەوە. 

كەواتە، سەرباری ئەوەی جیابوونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ مافی بێ چەندوچوونی گەلی كوردستانە. بەم پێوانەیەش، دیسان جگە لە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراقی فاشل، هیچ دەرەتانێكی دیكە لەبەردەم باشووری كوردستاندا نەماوە تا تاقییبكاتەوە.


AM:10:25:17/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 4167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی