ئارنۆڵدیش دەبێ بە سەرۆک

‌ئاوات عەلی

چەند تێبینییەک بۆ هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکان و شیکەرەوە سیاسییەکان لەسەر ئەو یارییەی ئەلکترۆنیی و کارتۆنانەی باس لە ڕوودانی جەنگ و پشبینییەکانى داهاتوو دەکات. ئەمە یەکەم جار نییە کە هەندێک لە هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکان دەکەونە ئەو هەڵەیەوە یان باوەڕ بەو جۆرە پێشبینیانە دەکەن و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکەن. لە کاتێکدا ئەمانە پشبینی ئاسایی یە و لەسەر ڕووداوەکانى ڕابردوو بنیاتنراون و هیچی پەیوەندییەکی بە داهاتووەوە نییە.

بۆ نمونە ئەو یارییەی باس لە شەڕێک دەکات لە سلێمانى و بەشەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران ناسێندراوەو خوێندنەوەی بۆ کراوەو لە هەندێک شوێن کراوە بە هەواڵ، چەند هەڵەیەکی گەورەی تیادایە و شیکەرەوەکان تێبینییان نەکردووە.

یەکەم: تەنها بە نوسین نوسراوە سلێمانى و هیچ رەمز و نیشانەیەکی سلێمانى پێوەنییە.
دووەم: سلێمانى دارخورماى تیادا نییە و ئەو شوێنەی کە دەڵێت سلێمانی یە پرە لە دارخورما.
سێهەم: ژمارەی ئوتومبێل و تابلۆی دوکانەکان بە فارسی یە بەڵام ئاڵاکەی سەر بیناکان ئاڵای عێراقی سەردەمی بەعسە.
چوارەم: ریکلامی مۆبایلەکە بە زمانی عەرەبی یە و ئاماژە دان بە 7G تەنها بۆ ئەوەیە بیری تۆی بینەر ببات بۆ داهاتوو.
پێنجەم: لەم چوار خاڵەی سەرەوە دەرەکەوێت کە ئەو یاریی و شوێنە چەند بە عەفەوی و بێ سەلیقەیی دیاریکراوە.

هەروەها گەر باس لە پێشبینییەکانى زنجیرە کارتۆنی سیمبسۆن بکرێت بۆ راست دەرچوونی پێشبینییەکانى بە تایبەتی سەرکەوتنی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، ئەوە دەبێت ئەوە بزانرێت کە ترامپ لە پێش ئەو کارتۆنە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئۆپرا وینفری لە ساڵی 1988 دا باسی لە خۆکاندیدکردنی کردووە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی. هەروەها  دواى ئەوەی ترامپ خۆی کاندید کرد هەمان گرتەکانى کاتۆنەکەی دووبارە کردەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە سەرنجی لایەنگران و دەنگدەران رابکێشێت. هەروەها ئەو زنجیرە کارتۆنە زۆرێک لە کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى کردووە بە کارتۆن بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆک بۆ نمونە ئارنۆڵد شواریزینگەر.

پێشبینی ئەم زنیجرە کارتۆن و یارییە ئەلکترۆنی و فیلمە سینەماییانە تەنها لەسەر رووداوەکانى ڕابردوو کراون و هیچ پەیوەندییەکان بە داهاتووەو نییەو ئەگەری دەرچوونی یەک دوو پێشبینیشیان بەهۆی زۆری ئەگەرەکان و دووبارە بونەوەی ڕووداو و مێژووەیە. بۆ نمونە  ئەگەر کورتە چیرۆکی (گێلەکانى چێلم و مێژوویان) بخوێنیتەوە کە یەکێکە لە شاکارەکانى (ئیزاک بێشڤیس سینگەر) کە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٧٣ دا نوسیوویەتى و 'عەزیز گەردی'ـش لە ساڵی ٢٠١٥دا کردوویەتی بەکوردی، ئەوا وا دەزانیت باسی ئێستای هەرێم و شەڕی داعش و کێشەی سەرۆکایەتی و گەندەڵی دەکات بەڵام ناوەکانى گۆڕیوە، بۆیە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، باوەڕ بە کارتۆن و فیلمەکان مەکەن وەک ئەوەی ئەوان داهاتوو بخوێننەوەو وەحییان بۆ هاتبێت.


PM:07:33:22/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 4490 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی