ئێوەش ببن بە فلتەر

‌ئاوات عەلی

یەکێک لە گەورەترین ئەو کێشانەی لە ئێستادا ڕوبەڕوی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەکارهێنەرانی بووەتەوە، وێنە و ڤیدیۆ و هەواڵی ناراست و دروستکراو و دەستکاریکراوە، کە بەپێی ئامارەکان ئەم جۆرە بابەتانە رەواجی لە بابەتە دروست و راستەکان زیاترە، بۆیە پێویستە هەر کەسێک لای خۆیەوە ببێت بە فلتەر و پێش ئەوەی لایکێک بکات یان کۆمێنتێک بنوسێت یان بابەتێک شەیر بکات، چێکی بکاتەوەو لێی دڵنیا ببێتەوە.

هەندێک جار ئەکاونتێک یان پەیجێک بە ناوی کەسێکەوە بابەتێک یان لێدوانێک بڵاودەکاتەوە، زۆرینەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش پێش ئەوەی لە راستی و دروستی بابەتەکە بزانن، یەکسەر دەکەونە کاردانەوەو هێرش کردنە سەر ئەو کەسەی قسەکە بە ناویەوە کراوە یان بە پێچەوانەوە دەست خۆشی لێدەکەن بێ ئەوەی ئەو کەسە خاوەنی قسەکە بێت.

لە هەندێک کاتی تردا نەک هەر بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بگرە ڕۆژنامەنوس و میدیاکانیش دەکەونە هەڵەوە و وێنە و ڤیدیۆیەک بڵاودەکەنەوە کە هەندێک جار دەستکاریکراوە یان ئەو وێنە و ڤیدیۆیە پەیوەندی بەو هەواڵەوە نییە کە میدیا کە باسی دەکات، هاوشێوەی بڵاوبونەوەی وێنەی نەوشیروان مستەفا لە نەخۆشخانە و میسییەکەى دهۆک و ڤیدیۆکانى دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی موسڵ و کوشتی مولازم موحسین و چەندین بابەتی تر، کە لە سەرجەمیاندا میدیا و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە هەڵەوەو وەرگرەکانیشیان بەهەڵەدا برد.

هەرچۆنێک بڵاونەوەی ڤیدیۆ و وێنە و هەواڵی ناڕاست ئاسانە و دەتوانرێت لەڕێگەی پەیج و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڕۆژانە سەدان بابەتی لەو شێوەیە بڵاوبکرێتەوە، هەر ئاواش چێکردنەوەو دڵنیابون لە راستی و دروستییەکەی ئاسانە و چەندین ڕێگای سادە هەیە بۆ دەرخستنی راستی و دروستی ئەو بابەتانە.

ئەمەش چەند ڕێگایەکی سەرەتایی و ئاسانن بۆ چێکردنەوەیان: یەکەم: ئەگەر دڵنیا نەبویت لە راستی و دروستی فۆتۆیەک، ئەوا لە گوگڵ بچۆرە سەر وێنە و ئەو وێنەیەی جێگەی گومانە و ئەپلۆدی بکە، دواتر سێرچ بکە و دەبینیت لە ئەنجامەکان وێنە هاوشێوەکانت دەست دەکەوێت یان سەرچاوەی ئەسڵی وێنەکەت دەستدەکەوێت، هاوشێوەی دۆزینەوەی وێنەی ئەسڵیی ئەو نەخۆشخانەیە کە بەناوی وێنەی نەوشیروان مستەفا لە نەخۆشخانە بڵاوکرایەوە لە لایەن زۆرینەی میدیاکانەوە بێجگە لە ئێن ئاڕ تی.

دووەم: ئەگەر ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوەو جێگەی گومانە، ئەوا ئەو ڕووداوەی لە ڤیدیۆکەدا ڕوودەدات بە هەر زمانێک کە دەیزانێت لە سێرچی ماڵپەری یوتیوب بینوسە، ئەوا ئەو ڤیدیۆیەت دەستدەکەوێت یان بە چەند هەنگاوێک دوای ئەوەی بینینی چەند ڤیدیۆیەکی تر دەچیتەوە سەر ڤیدیۆ ئەسڵییەکە و کاتى بڵاوکردنەوەکەی و شوێنەکە و چەند زانیارییەکی ترت دەست دەکەوێت.

سێهەم: گەر گومانت لە ڤیدیۆیەک هەبوو یان گومانت لەسەر ئەو زانیارییانە هەبوو کە لەسەر ڤیدیۆ کە وتراوە، ئەوا دەبێت گوێ لە ڤیدیۆ کە بگریت بزانیت لەڕێگەی بیستی قسە و لەهجە و زمانەکانەوە زانیاریت دەستکەوێت ڤیدیۆکە لە چ وڵاتێک تۆمارکراوە، یان ئەو کەرەستە و کەلوپەلانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون.

بۆ نمونە ڤیدیۆی منداڵێک لە ترافیک لایتێک بڵاوکرابوەوەو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەک منداڵێکی کورد ناسێندرابوو، بەڵام بە وردبونەوە لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت کە ئەو ئوتومبێلی تەکسییانەی دەردەکەون لە ڤیدیۆ کەدا لە کوردستان نین و لە چەند وڵاتێکی عەرەبی هەن. ئەمانە چەند ڕێگایەکی ئاسان و سادەن بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامەنوسان، بێجگە لەمانەش چەندین ڕێگای تر هەیە کە تایبەتە بە رۆژنامەنوس و ئەو میدیاکارانەی کە بەدواى بابەتی لێکۆڵینەوەیدا دەگەڕێن و دەیانەوێت وورد تر لێکۆڵینەوە بکەن و دڵنیابن.

بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ناڕاست لە کاتى ئەزمە و خۆپیشاندان و شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەکاندا زۆر دەبێت، هەرکاتێکیش تۆ بە دواى ڕاستی و دروستی ئەو بابەتانەدا دەگەڕێت لە وانەیە هەندێک کاردانەوەت پێ بگات بڵێن کەی کاتى ئەوەیە و بۆ ئەوەنە وورد دەبیتەوە، بەڵام هەرگیز ووردبینی مەکەن بە قوربانی خێرایی، هەوڵبدەن هاوسەنگییەک لەنێوان ئەو دوو چەمکەدا دروستبکەن.

ئێمە لە ئێن ئاڕ تی ئاوا کاردەکەین بۆیە لەسەرجەم ئەو نمونانەی لەسەرەوە باسکران ئێمە نەکەوتینە هەڵەوەو بەسەر ئێمەدا تێنەپەڕی هاوشێوەی میدیاکانی تر.


PM:06:15:10/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی