چێلم؛ وڵاتێک لەلایەن کۆمەڵێک فەرمانڕەوای گێلەوە بەڕێوە دەبرێت!

‌ئاوات عەلی

(گێلەکانى چێلم و مێژوویان) یەکێکە لە شاکارەکانى (ئیزاک بێشڤیس سینگەر) کە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی ١٩٧٣ دا نوسیوویەتى و 'عەزیز گەردی'ـش لە ساڵی ٢٠١٥دا کردوویەتی بەکوردی. نووسەری ئەم کتێبە خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرتووە.

نووسەری ڕۆمانەکە چیرۆکی وڵاتێک دەگێڕێتەوە بەناوى (چێلم) کە وڵاتێکی دروستکراوی ناو بیر و فیکری نووسەرەکەیە، وڵاتێک کە لە لایەن کۆمەڵێک فەرمانڕەوای گێلەوە بەڕێوە دەبرێت. لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا نووسەر لەڕێگەی ناوى فەرمانڕەواکانى وڵاتی 'چێلم'ـەوە تەواو دەمانخاتە ناو وێنەی تەواوەتی چۆنێتیی بەڕێوەبردنی چێلمەوە و لەڕێگەی ناوەکانیانەوە پێناسەى فەرمانڕەواکان دەکات.

فەرمانڕەواى تاک و تەنهای وڵاتی چێلم ناوى ''گرۆنامی گا'' بوو، و ئەنجوومەنێک لە دانایانی چێلم بە ناوەکانى (لەکیشی گێژ، زاینڤیلی گەوج، ترایتیلی دەبەنگ، سێندەری کەر، شمێمێندریکی کەلەپووچ) هاوکاریی فەرمانڕەواى وڵاتیان دەکرد لە بەڕێوەبردندا.

دواى ساڵەهای ساڵ چێلمییەکان بوون بە شارستان و فێری خوێندنەوە و نووسین بوون، بەم جۆرە وشەی وەکو (کێشە) و (قەیران) دروست کران. لەوساتەوە کە وشەی قەیران لە زماندا پەیدابوو ئیتر چێلمییەکان زانییان وڵاتەکەیان قەیرانی تێدایە و دەیان لە شتەکانی وڵاتەکەیان باش نین.

چێلمییەکان نان نەبوو بیخۆن، جلوبەرگی دڕاوی و کۆنیان لەبەر دەکرد، بۆیە دواى حەوت ڕۆژ لە بیرکردنەوە فەرمانڕەوا و دانایانى چێلم ئەم بیرۆکانەیان پێشنیاز کرد بۆ چارەسەر.

یەکیان پێشنیازی کرد وشە قەیران قەدەغە بکرێت، یەکی دی پێشنیازی ئەوەی کرد کە هەفتەی دوو ڕۆژ چێلمییەکان بەڕۆژوو بن بۆ ئەوەی نان کەم بخورێت. دانایەکی تر پێشنیازی کرد هەژارەکانى چێلم ماڵی دەوڵەمەندەکان ببڕن، بەڵام دانایەکی تر پێشنیازی ئەوە دەکات واز لە جلوبەرگ بهێنن و بەڕووتی بگەڕێن چونکە باوباپیرانیان وەها بوون. بەڵام فەرمانڕەواى وڵات هیچ پێشنیازێکی قبووڵ نەکرد و وتی "چێلم تەنها بە جەنگ ڕزگاری دەبێ" بۆیە بڕیاری دا جەنگ هەڵبگیرسێنێت و پەلاماری یەکێک لە وڵاتانى دراوسێی چێلم بدات بۆ ئەوەی چێلمییەکان قەیرانەکانیان بیربچێتەوە. بەڵام هەرزوو هێرشەکەی چێلمییەکان شکستی هێنا.

چیرۆکی چێلمییەکان کۆتایی نایەت، شۆڕش هەڵدەگیرسێت و دەسەڵات دەگۆڕێت بەڵام ئەوانەی دێنە سەر دەسەڵات لەوانی پێشتووتر باشتر نەبوون بۆیە هەر زوو شۆڕش بەسەر شۆڕشدا کرا و ئەمجارەیان ''فاتیلە دز'' و ''ناتکەی چەقۆکێش'' و ''یوشکەی گیرفانبڕ'' دەسەڵاتی چێلمیان گرتە دەست. یەکەم یاسای ''فاتیلە دز'' ئەوەبوو کە ئیتر دزی تاوان نییە مەگەر یەکێک دزی لە دز بکات!

دەسەڵاتەکانى ''فاتیلە دز'' زۆر نەخایاند چونکە چێلمی تووشی دەیان قەیران و جەنگ کرد، بۆیە هەر زوو ''گرۆنامی گا'' بە خۆیی قاسە پارەکەی کە پێشتر بردبووی و ئەنجوومەنەکەی گەڕانەوە چێلم و دەسەڵاتیان گرتەوە دەست.

ئەم چیرۆکە ٤٣ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام ئەوەی لە وڵاتى چێلم ڕوودەدات ئەوەیە کە ئێستا بە بەرچاوی خۆمانەوە لێرە و لە زۆربەی وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا ڕوودەدات.


PM:01:35:23/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3449 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی