‌ئه‌زیزی‌ من كاك سیامه‌ند له‌سه‌ر خۆ
AM:11:03:11/01/2017
لەتیف فاتیح فەرەج

براده‌ری‌ من ، ئه‌و وه‌لاَمه‌ی‌ ئێوه‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ هه‌ولێر بۆ من ، جێگه‌ی‌ ستایشه‌و ده‌كرێ‌ بیكه‌ینه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ گفت و گۆ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر دڵنیا بومایه‌ هه‌ولێر ئه‌م وه‌لاَمه‌ی‌ بلاَو ده‌كرده‌وه‌ ، ده‌ستبه‌جێ‌ بۆ ئه‌وێم ده‌نارد لێ‌ دڵنیا نیم ، هه‌رچۆنێكه‌ مادام وه‌لاَم وه‌لاَمه‌ بۆ من نه‌ده‌بوو ناوی‌ كاك كه‌مال ره‌وف و كاك ئه‌حمه‌د میره‌ی‌ تیا هاتبا ، ده‌ی‌ خۆ له‌ ناونیشانه‌وه‌ تۆ سێره‌ت له‌ هاوڕێكانیشم گرتوه‌ .

یه‌كه‌م :له‌ ئێستاوه‌ تا رۆژی‌ قیامه‌ت بۆ تۆی‌ ئازیز ئه‌گه‌ر یه‌ك زانیاریت ده‌سكه‌وت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ من ئه‌وه‌م بۆ پاروی‌ چه‌ور نووسیوه‌ ، یان هه‌ر بڕوام به‌وه‌یه‌ نوسین به‌ پاره‌  ده‌گۆڕدرێته‌وه‌ ، گه‌ردنت ئازا چم پێده‌ڵێی‌ بڵێ‌ ، بڕوابكه‌ من نه‌رقم له‌ كه‌سه‌ ، نه‌بڕوام به‌ وه‌یه‌ رق جێی‌ ره‌خنه‌ بگرێته‌وه‌ ، نه‌بڕوام به‌وه‌شه‌ كار له‌ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی‌ یه‌كتر بكرێت ، پێشموایه‌ پارتی‌ و ماڵباتی‌ بارزانی‌ به‌شێكن له‌ بون و مێژوی‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌و نادیده‌ ناكرێن ، تۆمه‌تی‌ رق دانه‌ پاڵ و ئه‌وانه‌ كاری‌ ناشایسته‌و ناجۆرن و هه‌ق نیه‌ به‌و جۆره‌ی‌ ببینی‌ .

دووه‌م : برای‌ من نه‌بۆ تۆ نه‌بۆ رۆژنامه‌ی‌ هه‌ولێر جوان نیه‌ به‌ هاوپیشه‌و هاوقه‌ڵه‌م و رۆژنامه‌وان و نوسه‌ری‌ ئه‌م میلله‌ته‌ له‌سه‌ر ره‌خنه‌ بكه‌نه‌ پیاوی‌ دوژمنی‌ كوردو هه‌روه‌ها به‌و زمانه‌ نزمه‌ش بنوسن كلكه‌كانی‌ ، چه‌ند وشه‌یه‌كی‌ نه‌شیاوه‌ ، من باسی‌ هاتنی‌ یه‌ڵدرمم كردووه‌و ره‌خنه‌م گرتوه‌ ، ئاخر بارو دۆخ و رۆژه‌كه‌ ئه‌م رۆژه‌ نه‌بوایه‌ دڵنیام بارزانی‌ ئه‌و هه‌موو سوكایه‌تیه‌ی‌ یه‌ڵدرمی‌ به‌ كوردو په‌كه‌كه‌ و یه‌په‌گه‌ قه‌بوڵناكرد ، ئیتر بۆ تۆ داكۆكی‌ له‌ یه‌ڵدرم ده‌كه‌یت و به‌ خێر هاتنی‌ ده‌كه‌یت و په‌لاماری‌ هاوزمانی‌ خۆت ده‌ده‌ی‌ له‌سه‌ری‌ .

سێیه‌م : باسی‌ عه‌مامه‌ به‌سه‌رو ئه‌كرادی‌ مالكیت كردووه‌ ، په‌كوڤ برا چ عه‌یبه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ كورد ، كوردی‌ شێخ مه‌حمود و مه‌لامسته‌فا بن ، له‌بری‌ كوردی‌ كورد ناویان به‌ری‌ ، پێمان ده‌ڵێی‌ ئه‌كرادی‌ مالكی‌ ، من نه‌ك كوردی‌ مالكی‌ نیم هه‌میشه‌و ئه‌و كاته‌ش كه‌ له‌ هه‌ولێر فه‌رشی‌ سور بۆ مالكی‌ راده‌خرا من به‌ نوسین و به‌ به‌رنامه‌ ره‌خنه‌ی‌ توندم له‌سیاسه‌تی‌ ئه‌و گرتوه‌ ، هه‌ق نیه‌ بارزانی‌ و پارتی‌ به‌وه‌ رازی‌ بن كورد بكرێته‌ ئه‌كرادی‌ مالكی‌ و ئه‌كرادی‌ ئه‌ردۆغانی‌ ، هه‌رچه‌ند ئه‌ردۆغان كورد ببێته‌ هی‌ ئه‌ویش نایه‌وێ‌ چونكه‌ بڕوای‌ به‌ بونی‌ كورد نیه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ سیه‌سه‌تكارانی‌ توركه‌ ، دواتر به‌ دینت ڕه‌وایه‌ من به‌ تۆ بڵێم ئه‌كرادی‌ ئه‌ردۆغانی‌ ، گوایه‌ كوردیش له‌ كرته‌ كرتی‌ به‌فری‌ ژێر پێی‌ ئه‌سپه‌وه‌ ناوی‌ په‌یدا بووه‌ ، باشه‌ باوادابنه‌ین ، من ئه‌كرادی‌ مالكیم كه‌ وانیه‌ ، با منیش له‌ په‌رچه‌ كرداردا تۆ بكه‌م به‌ ئه‌كرادی‌ ئه‌ردۆغانی‌ ، بزانین له‌ ماوه‌ی‌ ده‌سه‌لاَتیاندا كامیان ئازاری‌ كوردیان زۆر داوه‌ ، من حه‌زناكه‌م بۆ به‌راورد دوژمنێ‌ له‌ دوژمنێ‌ باشتر نیشان بده‌م ، لێ‌ كوشت و بڕ ، دێ‌ سوتان ، رۆبۆسكێ‌ ، كورته‌ك ، تۆپ بارانه‌كانی‌ قه‌ندیل و ئامێدی‌ و گرتن و بردنی‌ خه‌ڵك كامیان مالكی‌ یان ئه‌ردۆغان ، ده‌ی‌ هه‌ردوكیشیان بۆ من و تۆ دادی‌ خۆمان ناده‌نبۆ یه‌كتر من كوردی‌ تۆم و تۆش به‌ كوردی‌ خۆم ده‌زانم .

چواره‌م : من به‌ نوسین ، نووسینی‌ توندیش پێش هه‌ر كه‌س دژایه‌تی‌ كاره‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی‌ كۆیه‌م كرد و یه‌كه‌مینی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش بووم كه‌ په‌یوه‌ندیم به‌ مامۆستا عه‌بدولاَی‌ حه‌سه‌ن زاده‌و دۆستانه‌وه‌ كرد ، لافیته‌ چیه‌ ، له‌سه‌ر حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ و كرده‌وه‌كانی‌ شیعه‌ش به‌ به‌رتاقای‌ كتێبێك وتارو بابه‌تم نووسیوه‌ ، هیوادارم بتوانی‌ هه‌مووی‌ بخوێنیته‌وه‌ ،هه‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌یشمان له‌ باو باپیره‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ده‌توانی‌ لانی‌ كه‌م له‌ پارتیه‌كان بپرسی‌ عه‌ریف فاتیح فه‌ره‌ج كێ‌ بوو ، بڕۆ له‌ كاك باجه‌ت توركه‌ ، كاك مه‌جید رزگاری‌ و زۆری‌ دیكه‌ بپرسه‌ خۆزگه‌ به‌ عه‌ینه‌كی‌ ره‌شه‌وه‌ سه‌یری‌ خه‌ڵك و جیاوازیه‌كانتان نه‌ده‌كرد.

پێنجه‌م : دواقسه‌ی‌ من ،من به‌ خێر هاتنی‌ یه‌ڵدرم و مالكی‌ و هیچ كورد كوژو نه‌یارێك ناكه‌م بۆ هه‌ولێرو سلیچمانی‌ و كه‌ركوك و كوردستان تۆش ئازادی‌ ، لێ‌ بڕوام وایه‌ هه‌ولێر به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی‌ هی‌ تۆیه‌ هی‌ من و سۆران عومه‌رو عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح و جه‌میل بایك و مسته‌فای‌ هیجری‌ و ساڵح موسلیمیشه‌ ، من ئاوا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ، بڕواشم وایه‌ زۆرن له‌ ناو پارتی‌ و ماڵباتی‌ بارزانیدا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ ، لێ‌ دیاره‌ به‌ربه‌ست و دیوارو له‌مپه‌ر هه‌ن .




ئه‌م بابه‌ته 409 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.