‌تیروپشک چۆن وادەبێت!!!

وێستگە سپۆرت-


هەفتەی رابردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی بەست و لە پەراوێزیشدا تیروپشکی وەرزی داهاتووی خولی نایابی ئەنجامداو وادەی دەستپێکیش دیاریکرا.

دیارە ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و باری سەرنجی منە، شێوازی تیروپشک و بەڕێوەچوونی لیگەکەیە کە ئەوەی یەکەمیان دوور لە هەموو پرەنسیپ و میکانیزمێکی زانستی ئەنجامدرا، ئاخر نازانم بە چ پێوەرێک یەکەم و دووەمی پار ساڵ لە یەک گروپ دادەنرێن؟ پێم سەیرە لەو کۆنفڕانسە لێزانێک نەبوو بڵێ برادەران دەبێ ئەو دوو تیپە هەر یەکەیان سەرووی گروپێک بگرێت؟!

 ئەی ئەو هەموو ئەندامانەی فیدراسیۆن و راهێنەرو میدیاکارە عەیار (۲٤)ە لە کوێ بوون؟!

بە بڕوای من پێویستبوو یانەکان بە پێی هەڵسەنگاندن و ئاست و ئەنجامی پار ساڵیان پۆلینی چەند ئاستێکی جیاواز بکرانایە، بۆ ئەوەی بەریەککەوتن و نادادپەروەری دروست نەبوایە، وەلێ بێدەنگی هەموو ئەوانەی سەرەوە دوو کۆمەڵەی ناهاوسەنگی بەرهەمهێنا، یەکێکیان بە هۆی بەهێزی گشت تیپەکان ئاگری لێدەباری، ئەویتریشیان بەفر! لە راستیدا لەژیانم نەمبینیوەو نەمبیستووە یەکێتیەکی تۆپی پێ بۆ یەکلاکردنەوەی شێوازی خول، دەنگی یانەکان بکاتە سەنگی مەحەک و بڕیار، ئەی کاری ئەو فیدراسیۆنە چیە؟ دواتر گۆڕینی شێوازی خولیش بۆ دوو کۆمەڵە لەکاتێکدا دەکرێت گەر بزانی ئاستی رکابەرییەکان بەهێزتر دەبن، یاخود وەک عێراق بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئاسایشی وڵات بە ناچاری ئەو شێوازە پەیڕەو بکەن، ئەگینا ئەم شێوازە لەلایەن زۆربەی یەکێتیە وەرزشیەکانی جیهان نا پەسندەو کەمترین پشتیوانی لێدەکرێت، بەر لە چەند ساڵیک فیفا لەمبارەوە هۆشداری بە چەند وڵاتێکدا، تا دواجار بەهۆی فشارەکانی توانی شێوازی خولەکان بۆ یەک کۆمەڵە بگۆڕێت کە ئەوەیان زۆرترین رکابەری دروست دەکات و تام و چێژی زیاتریش بە جەماوەر دەبەخشێت، راستی من پێموایە ئەو شێوازە هیچ خزمەتێک بە تۆپی پێی کوردستان ناکات، هیچ پێشکەوتن و ئاسۆیەکی گەش لەو فۆڕمە تازەیە بەدی ناکەم، مەگەر حیکمەتێکی شاراوەی هەبێ، ئێمە پێمان نەزانیبێ!

لە دوماهیدا هیواخوازم فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بە تیروپشکەکەدا بچێتەوە، یان لایەنی کەم بۆ قۆناغی داهاتوو لە هەر گروپێک ٤ یان ۳ یانە سەربخات، چونکە سەرکەوتنی دوو تیپ لە گرووپی یەکەم پێموایە نادادپەروەرییە، هەروەها پێویستە بۆ ساڵانی ئایندە میکانیزم و پێوەری زانستی بۆ بەڕێوەچوونی خولەکان دابڕێژێت و یانەکانیش لە یەک کۆمەڵەدا کۆبکرێنەوە، بۆ ئەوەی گوڕو تین و رکابەری زیاتر بۆ لیگەکەمان بگەڕێتەوە.


PM:02:37:08/09/2016


ئه‌م بابه‌ته 791 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌