كۆمسیۆن واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیدانی درێژ كرده‌وه‌

‌جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

وێستگەنیوز-

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، وادەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو 31ـی ئادار درێژکرایەوە.


غەلای ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 27-03-2024، پارتی و یەکێتی لیستی کاندیدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق نەکردبوو.

وتیشی: "12 کاندیدی سەربەخۆ لە هەولێر، 20 لە سلێمانی و 13 لە دهۆک ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە".

وتەبێژی کۆمسیۆن دووپاتیکردەوە: "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. لە ماوەی رابردووشدا کاری زۆر باشی لە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی ناوی حزب و هاوپەیمانێتییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و حزب و هاوپەیمانێتییەکان کردووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ داواکارییەکی فەرمی بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەشکی کۆمسیۆن نەکراوە و پابەندن لە ئەنجامدانی وادەی هەڵبژاردنەکە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو.  

وتەبێژی کۆمسیۆن روونیشیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 783 هەزار و 552 کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە بەمەش زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کە دەکاتە رێژەی %26ـی کۆی رێژەی دەنگدەران کارتی بایۆمەتریان نوێ نەکردووەتەوە.



PM:12:32:28/03/2024


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو