به‌هۆی بۆردوومانی توركیاوه پێشمه‌رگه‌یه‌ك گیانی له‌ده‌ست دا
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی رێكخراوی CPtی ئه‌مریكی رایگه‌یاند كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا گوندێكی سنووری قه‌زای سیده‌كانیان بۆردوومان كرد و به‌هۆیه‌وه پێشمه‌رگه‌یه‌ك گیانی له‌ده‌ست دا.
كامه‌ران عوسمان سه‌رۆكی رێكخراوی CPtی ئه‌مریكی له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه "به‌هۆی بۆردوومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر گوندی ناودارۆكی سه‌ر به قه‌زای سیده‌كان، هاووڵاتییه‌كی مه‌ده‌نی شه‌هید بوو".
كامه‌ران عوسمان ده‌ڵێت: "قوربانییه‌كه ناوی (سه‌روه‌ر قادر ڕه‌شكۆ)یه. ته‌مه‌نی 46 ساڵه و خه‌ڵكی گوندی شێخ ڕه‌شه له قه‌زای سیده‌كان و پیشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه".
راشیگه‌یاند كه "له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تاوه‌كو ئێستا، شه‌ش هاووڵاتی مه‌ده‌نی به‌هۆی بۆردوومان و هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان شه‌هید بوون و دوو هاووڵاتی تری مه‌ده‌نیش برینداربوون".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان رووداوه‌كه ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه روویداوه و ئۆتۆمبێلی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه كه پێكابێكی جۆری تۆیۆتا بووه، له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیاوه بۆردوومانكراوه و ئه‌م به‌یانییه به رووداوه‌كه زانراوه.
AM:09:35:19/04/2024
ئه‌م بابه‌ته 596
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت