ئاستی فرۆشتنی دۆلار بەرزبووەوە
ئەمڕۆ بانكی ناوەندی عیراق بڕی 152 ملیۆن و 418 هەزار و 592 دۆلاری خستەبازاڕەوە
وێستگە نیوز-
بانكی ناوەندی، بڕی 152 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، ئەوەش بەراورد بە رۆژی پێشوو كە 146 ملیۆن دۆلار بوو، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوەبینی.
بانكی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیەكدا
رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنج شەممە بڕی 152 ملیۆن و 418 هەزار و592 دۆلاری بە نرخی 1182 دینار بۆ دۆلارێك فرۆشتووە، لەپرۆسەی فرۆشتنەكەشدا 31 بانك و 14 كۆمپانیای حەواڵەی دارایی بەشدارییان كردووە.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە بڕی فرۆشتنی دۆلار بە بانك و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی گەیشتووەتە 134 ملیۆن و 418 هەزار و 592 دۆلار، 18 ملیۆن دۆلاریش بەشێوەی كاش فرۆشراوە.
بانكی ناوەندی لە بەیاننامەكەیدا جەختی لەسەر بەردەوامبوون لەسەر فرۆشتن و كڕینی دۆلار بە بەهای 1182 دینار كردەوە، بەهای فرۆشتنی دۆلاریشی بۆ كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی بە 1190 دینار بۆ دۆلارێك دیاریكرد كە عمولەی 24 دینار بۆ هەر دۆلارێكی لەگەڵدا بووە.
هەروەها فرۆشتنیش بەشێوەی كاش بە بەهای 1182 دینار بووە بۆ دۆلارێك، كە 24 دینار بۆ هەر دۆلارێك عمولەی بانكی ناوەندی لەگەڵدابووە.
بەپێی ئامارێك، لە سەرەتای ساڵی 2016 تا ئەمڕۆ 2016/10/20 بانكی ناوەندی عیراق 25 ملیار و 323 ملیۆن و 56 هەزار و 758 دۆلاری لە فرۆشتنی ئاشكرای دراوە بیانییەكاندا فرۆشتووە.
لەم ماوەیەی دواییدا بانكی ناوەندی عیراقی، رێنمایی بۆ بانكە مۆڵەتپێدراوەكان و كۆمپانیاكانی حەواڵەی دارایی و كۆمپانیاكانی كڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەكان دەركرد كە دەبێت بڕی فرۆشتنی دراوی بیانی و دۆلاری ئەمریكایی بۆ ئەو كەسانە كەمبكەنەوە كە دەیانەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكەن.
بانكی ناوەندی بڕی فرۆشتنی بۆ ئەو لایەنەنانە بە 3 هەزار دۆلار لە بڕی5 هەزار دۆلار بۆ هەر هاوڵاتییەك دیاریی كرد كە دەیەوێت سەفەری دەرەوەی وڵات بكات و دراوی دۆلار بۆ خەرجییەكانی لە دەرەوەی وڵات دابین بكات.
ماوەیەكە بەهای دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەمڕۆش بەهای 100 دۆلار لەبەرانبەر دیناری عیراقی لەكاتی كردنەوەی بازاڕدا لە شاری سلێمانی، بە 130 هەزار دینار بوو
PM:02:20:20/10/2016
ئهم بابهته 1252
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت