نوێترین زانیاری لەسەر كارەبای 20 ئەمپێری ماڵان


وێستگە نیوز ـ هەستیار
لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی حەوت خاڵیان لە بارەی پێوەری 20 ئەمپێری كارەبای ماڵانەوە داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانیش ئاشكرایدەكات، كە هەموو خاڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگایان بەلاوە باشە، تەنیا لە یەكخاڵدا نەبێت كە ئەویشیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردووەتەوە. 

رێكەوت زەكی، ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند: لیژنەكەیان لەسەر پێوەری 20 ئەمپێری بۆ كارەبای ماڵان حەوت خاڵیان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی. وتیشی:" لە گرنگترینی خاڵەكان ئەوەیە كە داوامان كردبوو تێچووی پڕۆژەكە لەسەر حكومەت بێت نەك هاوڵاتی، چونكە پڕۆژەكە بۆ ئەوەیە محاویلە سوتان كەم ببێتەوە و كێشەی فیدەرەكان چاك ببێت، بۆیە چاككردنی كارەبا ئیشی حكومەتە نەك هاوڵاتی".

راشیگەیاند: یەكێك لە خاڵەكانی دیكەدا داوایان كردبوو پڕۆژەكە بەشێوەی دادپەروەرانە بێت و بۆ هەموو ماڵێك بێت، نەك تەنیا گەڕەكە هەژارەكان بگرێتەوە، هەروەها هەرچی كارەبای زیادەڕوی هەیە ببڕێت و ئەو وزە كارەبایەی بەشێوەی نایاسایی بە فیڕۆ دەڕوات بگەڕێتەوە بۆ سەر تۆڕی گشتی كارەبا. 

رێكەوت زەكی وتیشی: "یەكێك لە خاڵەكانی دیكەمان ئەوەبووە تەندەرەكە لە رێگەی بانگەوازەوە بڵاوبكرێتەوەو پڕۆژەكە لە خزمەتی هاوڵاتییان بێت نەك دۆزینەوەی ئیش بێت بۆ كۆمپانیا". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی وت: "خاڵێكی دیكە داوامان كردووە بە هەموومانەوە هەوڵی ئەوە بدەین كە وێستگەی 500 مێگاواتی كارەبای بازیان غازی سروشتی بۆ دابین بكرێت، كە بەكەوتنەكاری ئەو یەكەیە كێشەی كەمی كارەبای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیا چارەسەر دەبێت". 

لای خۆیەوە، سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی بە وێستگە نیوزی راگەیاند: سەرجەم خاڵەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییان بە لاوە گرنگ و جێی بایەخ بووە، تەنها لەسەر ئەو خاڵەی كە داوایان كردووە پارەی جۆزە 20 ئەمپێرییەكە لەسەر حكومەت بێت، بۆ ئەوەش نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە كە ئەو پارەیە حكومەت لە كرێی كارەبا بیداتەوە بە هاوڵاتییان و چاوەڕێی وەڵامن.

لەسەر ئەوە رێكەوت زەكی وتی: "ئێمە تا راگەیەك ئەوەمان بەدڵە كە پارەكە حكومەت لەبری قەرزی كارەبا وەری بگرێتەوە، چونكە هاوڵاتییان قەرزاری پارەی كارەبان كە حكومەت دابینی كردووە".

راشیگەیاند: دەبێت ئەوان پرسیار لە وەزارەتی كارەبا بكەن، ئەگەر لە كۆتایی ساڵدا پێوەری زیرەك بۆ ماڵان دابنرێت كەواتە سوودی ئەم پێوەرە 20 ئەمپێرییە چییە كە تەمەنی تەنیا چەند مانگێك دەبێت؟.


PM:03:51:21/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 4227 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو