مارک تونەر: 60%ی ناوچهكانی ژێر دهستی داعش له عیراق رزگاركراون
وێستگه نیوزـ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگهیاند ئەو کۆبوونەوەیەی رۆژی چوارشەممە 22ی ئازاری 2017 هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش سازیکرد، یەکەم کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتیەکە بوو لەوەتای ساڵی 2014 وە و تیایدا زۆر بابەتی پەیوەست بە شەڕەکە تاوتوێکران.
مارک تونەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپـێکەوتنێـکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمریکا وتی: کۆبوونەوەکە هەلێک بوو بۆ ئەوەی بزانرێت پێشتر هاوپەیمانێتیەکە لە شەڕەکەیدا لە کوێدا بوو و ئێستا گەیشتووەتە کوێ.
ئاشكراشیكرد كه بەروپـێشچوونێـکی بەرچاو بەدی دەکرێت و 60% ی ئەو ناوچانەی داعش لە عێراق داگیریکردبوون ئێستا ڕزگارکراون و هەروەها 30% ی ئەو ناوچانەی سوریاش.
بهوتهی مارك تونهر، شەڕەکە بە تەنها لە عیراق و سوریا بە کۆتایی ناگات، بەڵکو دەبێت داعش لەو وڵاتانەی دیکەش لەناوببرێن کە لە ئێستادا جێ پێی خۆیان تیایاندا کردووەتەوە، لەوانە لیبیا و ئەفغانستان.
وتیشی دەبێت لەسەر ئنتەرنێتیش داعش لەناوببرێت کە هەوڵ دەدات خەڵک لەو ڕێگەیەوە بکات بە داعش و پارە و کۆمەک کۆبکاتەوە و بیروباوەڕی خۆی بڵاوبکاتەوە. گوتی کاری باش کراون بۆ دەستنیشانکردنی ئەندامانی داعش لەسەر ئنتەرنێت، لەوانە سەنتەرێک لە لەندەن هەیە و زۆرێک لە ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بە تایبەتی ئەوانەی کەنداو ڕۆڵی تیادا دەبینن. تویتەریش کارێکی زۆر گەورەی کردووە و نزیکەی 600 هەزار ههژماری تویتەری سەر بە داعشی داخستووە.
لە بەشێـکی چاوپـێکەوتنەکە مارک تونەر رایگهیاند: ئەندامانی هاوپەیمانێتیەکە بەڵێنیان داوە خێرابکەن لە شەڕەکەدا و هاوکات پارە تەرخان بکرێت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاودانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە داعش ڕزگاردەکرێن.
PM:10:33:23/03/2017
ئهم بابهته 3858
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت