وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا کۆمەڵێک گۆڕانکاری‌ لە ناوەندی‌ وەرگرتن-ی‌ خوێندکاران دەکات


وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی رایده‌گه‌یه‌نێت، بەئامانجی‌ سود وەرگرتن لە ئەزمونی‌ وڵاتانی‌ پێشکەوتو و، رەچاوکردنی‌ حەزو ئارەزووی‌ خوێندکار و بەرزکردنەوەی‌ زیاتری‌ ئاستی‌ زانستی‌ زانکۆکان، ئەنجومەنی‌ وەزارەته‌كه‌یان بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ 2017 - 2018 کۆمەلێک گۆڕانکاری‌ گرنگی‌ و گەورەی‌ لە ناوەندی‌ وەرگرتن و سیستمی‌ وەرگرتنی‌ خوێندکاران لە زانکۆکان پەسند کرد، لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیشدا وردەکاری‌ ئەو گۆڕانکاریانە خرانەڕوو.


لەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی نیسانی 2017، لە هۆڵی‌ ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ کۆمیتەی‌ باڵای‌ وەرگرتن-ی‌ خوێندکاران لە زانکۆکان رێکخرابو لایەنەکانی‌ گۆڕانکارییەکان باسکران.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەدا، د. محه‌مه‌د سابیر، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: سیستمی‌ وەرگرتنی‌ ڕاستەوخۆی‌ زانکۆی‌، کە لە ساڵی‌ خوێندنی‌ 2017-2018 دەست بەجێبەجێکردنی‌ کرا، بەشێوازێکی‌ فراوان لەلایەن دەرچوانی‌ پۆلی‌ دوانزدەی‌ ئامادەیی‌ و کەسوکاریان پێشوازییەکی‌ گەرمی‌ لێکرا و، خۆشبەختانە توانیمان بۆ یەکەمین جار بەسەرکەوتوی‌ جێبەجێی‌ بکەن.

وتیشی‌: "بەهۆی‌ جێبەجێکردنی‌ ئەو سیستمە نوێیەوە فشار لەسەر بەشە ناوخۆیی‌ زانکۆکانیش کەم بوەوە".

د. محه‌مه‌د سابیر روونیشیکردەوە: ساڵی‌ رابردو ئەو سیستمە لە زیاتر لە 100 بەشی‌ زانستی‌ لەسەرجەم زانکۆکان جێبەجێکرا، ئاشکراشیکرد بەسود وەرگرتن لەو ئەزمونە سەرکەوتوە ئەنجومەنی‌ وەزارەتەکەمان بڕیاریدراوە بۆ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندنی‌ 2017 -2018 ئەو سیستمە فراوان بکات، بەشێوەیەک سەرجەم بەشە زانستیەکان بگرێتەوە، جگە لە کۆلێژە (پزیشکیەکان، ئەندازیاری‌، یاسا) و، بەشەکانی‌ (بایەلۆژی‌، کیمیا، زانستەکانی‌ کۆمپیوتەر) لە کۆلێژەکانی‌ زانست و، بەشەکانی‌ (زمانی‌ ئینگلیزی‌) لە کۆلێژەکانی‌ زمان و زانستە مرۆڤایەتیەکان و ئەدەبیات.

لە بەشێکی‌ دیکەی‌ کۆنگرە رۆژنامەیەکەدا، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتی‌: "بەئامانجی‌ زووتر دەستپێکردنی‌ دەوامی‌ خوێندکارانی‌ قۆناخی‌ یەکەم لە زانکۆکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان، ئەنجومەنی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بڕیاریدا بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ 2017 -2018 راگەیاندنی‌ وەرگرتنی‌ ناوی‌ خوێندکارانی‌ بەدوو قۆناخ بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر قۆناخێکی‌ دەرچوون رێژەیەکی‌ گونجاو لە پلانی‌ وەرگرتنیان بۆ دانراوە.

د. محه‌مه‌د سابر، روونکردنەوەی‌ زیاتری‌ داو وتی‌: "رێژەی‌ سه‌دا 55، یان زیاتر کورسیەکانی‌ خوێندنی‌ قۆناخی‌ یەکەم بۆ دەرچوانی‌ خولی‌ یەکەمی‌ تاقیکردنەوەکانی‌ پۆلی‌ دوانزەی‌ ئامادەیی‌ ئەمساڵ و ساڵی‌ پێشوو (ئەوانەی‌ لە هیچ زانکۆەیەک وەرنەگیراون)  تەرخان دەکرێت، هەروەک رێژەی‌ سه‌دا 45ی‌ کورسیەکانی‌ خوێندنیش کە لە قۆناخی‌ دوەم رادەگەێندرێت بۆ دەرچوانی‌ پۆلی‌ دوانزەی‌ خولی‌ دوەمی‌ تاقیکردنەوەکانی‌ ئەمساڵ دەبێت".   

خوازیارانی‌ کۆلێژەکانی‌ (پزیشکی‌، ئەندازیاری‌، زانست) لە ئەژمارکردنی‌ نمرەی‌ چەند وانەیەک سەرپشک دەکرێن

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەیەدا، د.محه‌مه‌د سابر بڕیارێکی‌ دیکەی‌ ئەنجومەنی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ ئاشکراکرد و رایگەیاند: بۆ لەمەودوا دەرچوانی‌ لقی‌ زانستی‌ پۆلی‌ دوانزەیی‌ ئامادەیی‌ بۆ پێشکەشکردنی‌ داواکاری‌ وەرگرتن لە کۆلێژ و بەشەکانی‌ (کۆمەڵەی‌ پزیشکی‌، ئەندازیاری‌، زانست) دەتوانن تەنها نمرەی‌ وانە پەیوەندیدارەکانی‌ (فیزیا، کیمیا، بیرکاری‌، زیندەوەرزانی‌، زمانی‌ ئینگلیزی) ئەژمار بکەن و، ئەژمارکردنی‌ نمرەی‌ وانەکانی‌ تر بۆ ئەوان ئارەزومەندانە دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی‌ دەبێ پێشکەشکار لەسەرجەم وانەکان دەرچوبێت، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ خوێندن و پلاندانان و وەرگرتن ئاشکراشیکرد، ئەم بڕیارە لە وەرگرتنی‌ خوێندکاران بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ (٢٠١٧-٢٠١٨) دەچێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە، واتا دەرچوانی‌ پۆلی‌ دوانزەی‌ ئەمساڵ دەتوانن سود لەو بڕیارە وەربگرن.

لە بەشێکی‌ دیکەی‌ ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەیەدا، مژدەیەکی‌ دیکە بە دەرچوانی‌ پۆلی‌ دوانزەیی‌ ئامادەیی‌ درا بەتایبەت ئەو خوێندکارانەی‌ کە خاوەن تاقیکردنەوە ستانداردە نێودەوڵەتیەکانن، بۆ ئەوەش د.محه‌مه‌د سابر وتی‌: "ئەنجومەنی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بڕیاریدا تاقیکردنەوە ستاندارە نێودەوڵەتیەکان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئەژمار بکرێ، بۆیە ئەو خوێندکارانەی‌ دەرچوی‌ پۆلی‌ دوانزەیی‌ ئامادەیی‌ کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتیەکانی‌ وەک (SAT1 and SAT2 ) و(AlEUEL EXAM) ئەنجام داوە، دەتوانن لە کاتی‌ پێشکەشکردنی‌ داواکاری‌ بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئەنجامی‌ تاقیکردنەوەکانیان هاوپێچ بکەن تا بۆیان ئەژمار بکرێت، ئاشکراشیکرد ئەم تاقیکردنەوانە لە زانکۆ و حکومی‌ و تایبەتەکان خوێندکاران دەتوانن پێیی‌ بچنە پیشبڕکێ و، دوای‌ ئەوەی‌ لەلایەن کۆمیتەیەکەوە ڕێنمایی‌ بۆ دەردەچێت، لە ئەمساڵیشەوە دەچێتە بواری‌ جێبەجێ کردنەوە.

لە بەشی‌ کۆتایی‌ کۆنگرە ڕۆژنامەیدا، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ فەرمانگەی‌ خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا و توێژینەوەی‌ زانستی‌ بۆ یەکەمین جار بڕیاریدا بەجێبەجێکردنی‌ پڕۆژەیەکی‌ گرنگـ، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە تایبەتە بەبایەخدان بەزمان و ئەدەبی‌ کوردی‌، چونکە ئێستا هەرێمی‌ کوردستان و کورد بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ بۆتە جێگەی‌ گرنگ و بایەخی‌ خەڵکی‌ بیانی‌.

وتیشی: "بۆیە وەزارەتەکەمان بڕیاریدا بەجێبەجێکردنی‌ پڕۆژەیەک کە بەهۆیەوە ژمارەیەک کورسی‌ خوێندنی‌ فول سکۆلەرشیپ بەناوی‌ (Kurdish studies ) بۆ خەڵکی‌ بیانی‌ تەرخان دەکات".

ئه‌وه‌شی وت: "پڕۆژەکە سەرجەم ئاستەکانی‌ خوێندنی‌ باڵا (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا) دەگرێتەوە و، ساڵانە بەپێی‌ توانای‌ زانکۆکان ژمارەیەک کورسی‌ خوێندنی‌ تایبەت بەزمان و ئەدەبی‌ کوردی‌ بۆ خەڵکی‌ بیانی‌ تەرخان دەکات، ئەوەشی‌ ڕاگەیاند: لە ئێستادا کۆمیتەیەکی‌ باڵا-یی بەناوی‌ کۆمیتەی‌ باڵا نیشتمانی‌ بۆ کورد سکۆلەرشیپ ( National committee for kurd scholarships - NCKS) پێکهاتوە و، کۆمیتەکەش نەخشە ڕێی‌ کارکردنی‌ داڕشتوە".

د.محه‌مه‌د سابر وتیشی‌: "بەجێبەجێکردنی‌ ئەم پڕۆژەیە خزمەتێکی‌ گەورە بەزمان و ئەدەب و مێژو و کەلتور و کەلەپوری‌ کوردی‌ دەکرێت".


PM:12:21:23/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 6217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو