له‌سه‌ر كوشتنی بزنه كێوییه‌ك، ئه‌فسه‌رێكی پێشمه‌رگه و دوو كه‌س ده‌ستگیر ده‌كرێن
وێستگه نیوز- پشتیوان جه‌مال
له‌سه‌ر كوشتنی بزنه كێوییه‌ك له ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، سێ تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران كه یه‌كێكیان ئه‌فسه‌ری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه و ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كێكی جۆری جی سی ئه‌ڵمانی و دووربینێكیشدا گیراوه.
عه‌قید هێمن كه‌مه‌رخان، به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سلێمانی به وێستگه نیوزی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ به‌شی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان به‌هاوكاری بنكه‌ی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی باوه‌خۆشێن، له سنووری شاخی به‌رانان له سنووری شارۆچكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، سێ تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردووه كه سه‌رقاڵی راوكردنی ئاژه‌ڵی كێوی بوون.
ناوبراو وتی: "ئه‌و تۆمه‌تبارانه بزنه كێوییه‌كه‌یان كوشتووه كه دوو كاری له سكدا بووه".
وتیشی: "هه‌روه‌ها ده‌ستبه‌سه‌ر چه‌كێكی جی سی ئه‌ڵمانی و دووربینێكیشدا گیراوه، یه‌كێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ش ئه‌فسه‌ره به پله‌ی مولازم له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه".
عه‌قید هێمن ئاشكرایكرد، له هه‌موو كاتێكدا راوكردن قه‌ده‌غه‌یه به‌تایبه‌تیش راوی ئاژه‌ڵی كێوی.
راشیگه‌یاند كه "بۆ سزادانی تۆمه‌تباره‌كانیش، ته‌نها غه‌رامه‌ی ماددی بزنه كێوییه‌كه 10 ملیۆنه و بۆ به‌ندكردنیش له‌ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێز دادوه‌ره كه له 24 كاتژمێر تا 5 ساڵ به‌ندیان بكات".
PM:11:01:23/04/2017
ئه‌م بابه‌ته 18325
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت