پەرلەمانتارێكی یەكێتی: نێچیرڤان بارزانی مووچەی پاسەوانی ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی خستۆتە سەر مووچەی زێڕەڤانی


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال 

پەرلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەی پاسەوانی ژمارەیەك بەرپرسی یەكێتی خراوەتە سەر میلاكی پۆلیسی زێڕەڤانی و ئەوەش بۆ "پەیوەندی شەخسی و بەرژەوەندی" دەگەڕێتەوە.  

قادر رەزگەیی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە وێستگە نیوز-ی راگەیاند "لەبەرئەوەی پۆلیسی زێڕەڤانی پاشەكەوتی مووچەیان نییە، لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە پاسەوانی ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی بۆ سەر میلاكی زێڕەڤانی گواستراونەتەوە".

وتیشی "ئەو گواستنەوەیە بۆ ژمارەیەك لە پاسەوانی بەرپرسانی پارتیش كە سەر بە میلاكی پۆلیسی پاسەوانی بوون كراوە".  

سەبارەت بەوەی بۆچی گواستنەوەی ئەو مووچەیە بۆ بەشێك لە بەرپرسانی دیكەی یەكێتی ناكرێت؟ قادر رەزگەیی وتی "بەداخەوە بۆ پەیوەندی شەخسی و بەرژەوەندی دەگەڕێتەوە، ئەگینا هیچ هۆكارێكی دیكە نییە".  

وەك ناوبراو ئاماژەی بۆ كرد، رێژەی 65% لە مووچەی پاسەوانی سنوور وەك پاشەكەوت دەبڕدرێت، لە كاتێكدا ئەوەش زۆرە و پێشنیازیان كردووە وەك پۆلیسی محەلی 30% مووچەكانیان پاشەكەوت بكرێت.  

رەزگەیی پێی وایه‌ " لە بری گواستنەوەی مووچەی پاسەوانی بەرپرسی لایەنەكان بۆ سەر میلاكی زێڕەڤانی، پێداچوونەوە بەڕێژەی كۆی مووچەی پاشەكەوتكراوی پۆلیسی پاسەوانیدا بكرێت بەوەش دەتوانرێت ئەو جیاوازییە نەهێڵرێت، چونكە ئەگەر بڕیار بێت لەناو پاسەوانی سنوور گەندەڵی و بندیوار هەبێت، لەلای بەرپرسانی دەستڕۆیشتوون، نەك ئەوانەی لە شوێنەكانی دیكە دەوام دەكەن".


PM:10:13:29/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 21124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت