عادل موراد داوایەک لە نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا دەکات

‌دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە

وێستگه‌ نیوز ـ

عادل موراد، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان داوا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات، چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

رۆژی دووشەممە 22ی ئایاری 2017، عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازیکرد لە (یان ڤان وین) جێگری باڵوێزی هۆڵندا لە عیراق و (جانیت البیردا) کونسوڵی گشتی هۆڵندا لە هەرێمی کوردستان.

عادل موراد، تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژوییەکانی گەلی کورد و هۆڵندا و کەلە دوای نسکۆی 1975 هۆڵه‌ندا یەکەم وڵات بوو پێشوازی لە کۆمەڵێک گەنجی کورد وەک پەنابەر کرد، هەروەها سوپاسی رۆڵ و ئەرکی حکومەت و گەلی هۆڵه‌ندا کرد لە پای پشتیگری و پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد لە دژی تیرۆر.

سەبارەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان عادل موراد جەختی لەسەر کۆتایهێنان بەو بارە نەهەموار و گرژییە سیاسیانەی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە کرد، کە درئەنجامی پێشێلکردنی یاسا و شەرعیەت و پرەنیسپە دیموکراتیەکانە.

عادل موراد ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ئەو بەشدارییە پڕ جۆش و خرۆشەی هاوڵاتیان لە مەراسیمی پرسەی خوالێخۆشبوو رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران لەشاری هەولێر نیشاندەری پشتیوانی و پشتگیری تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بۆ بەها و پرەنسیپ و ئەو پرۆسە چاکسازییەی کە کاک نەوشیروان بانگەشەی بۆ دەکرد بە درێژایی تەمەنی سیاسی و خەبات و تێکۆشانیدا".

لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمیشەوە عادل موراد وتی: "پەیوەندی لە مێژینەی کورد و عەرەب و تورکمان و کلدۆئاشۆر لە عیراقدا دوور بوە لە بوونی رق و کینەی تائیفی، دواشیکرد گفتوۆیەکی جدی لە نێوان هەرێم و بەغدا بکرێت لە پێناو کۆتایی هێنان بە کێشە و گیروگرفتەکان، پێویستە لە بوونی بارودۆخ و ئامادەسازی تەواو راپرسی ئەنجام بدرێت".

لە بەشێکیتر قەسکانیدا عادل موراد داوای لە حکومەتی هۆڵه‌ندا کرد بەشداری کارایان هەبێت لە بونیاتنانەوەی هەرێمی کوردستان و عیراق بەتایبەتی بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاودێری و هەروەها داوای لە حکومەتی هۆڵه‌ندا و نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئەوروپا کرد کە چاودێری و بەدواداچوون بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و چاودێری هەڵبژادنەکانی داهاتووی عیراق و هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی شەفافیەت لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت.

لەلایەن خۆیانەوە وەفدی میوان بۆچونەکانی عادل موراد لەسەرجەم پرسەکان بە گرنگ وەسف کرد و جەخیتان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عیراق لە شەری دژی داعش و کارکردنیان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەو لایەنە سیاسیەکانی عیراق بۆ بەدیهێنانی زەمینەی لەبار بۆ گفتوۆگۆ و زیاتر لێکتێگەیشتن و کارکردن لەپێناو زامنکردنی ئایندەیەکی دیموکراسی و ئازاد بۆ هەموو گەلانی عیراق و کوردستان.


PM:12:27:23/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 1105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو