له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ به‌غدا نه‌وتی سپی هه‌رێمی بڕی


وێستگه‌ نیوز ـ
سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایكرد، حكومەتی ھەرێم نەوتی سپی ھەیە و لە بازاڕی رەش بەگران دەیفرۆشێتەوە، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش به‌غدا به‌شه‌ نه‌وتی سپی هه‌رێمی بڕی.


ئارێز عەبدوڵا، سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 25ی ئایاری 2017، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی هەولێری  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: هەرێمی كوردستان خاوەنی نەوتی سپی خۆیەتی لە پاڵاوگەی نەوتی بازیان و كەڵەك، بەڵام ئەو نەوتە لە بازاری رەش دەفرۆشێتەوە.

ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌شی وت: "پایزی رابردوو هەوڵێكی زۆرماندا لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتیەكان بۆ دابەشكردنی ئەو نەوتەی پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان، بەڵام ئەوان وتیان لەدەستی ئێمەدا نیە و لە ئەنجومەنی وەزیرانە، نوسراومان ئاڕاستەی ئەوانیش كرد بەوەی عیراق بەشێك نەوتی سپی بۆ هەرێم دابیندەكات ئێوەش بەشەكەی دیكە دابینبكەن".

ئه‌وه‌شی راشیگەیاند: چەند جارێك حكومەتی هەرێمیان ئاگادار كردووە، كە ئەگەر هەرێم نەوتی سپی دابەشنەكات ئەوا عیراقیش ئەو بڕە دەبڕێت كە دەینێرێت، بۆیه‌ كه‌ هه‌رێم دابه‌شی نه‌كرد به‌غداش به‌شه‌كه‌ی بڕی.

ئاشكراشیكرد: ئەوەی عیراق بۆ هەرێمی دەنارد و هەورەها دابەشی سەر هاوڵایانی خۆشی دەكرد، خۆی توانای دابینكردنی ئەو بڕە زۆرەی نەبوو، بەڵكو لە وڵاتانی كەندا و بەگران دەیكری و به‌سه‌ر هاوڵاتییاندا دابەشی دەكرد.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ساڵی رابردوو كارتێك به‌ناوی كۆبوونی نه‌وت له‌ رێگه‌ی بریكاره‌كانی خۆراكه‌وه‌ له‌ سلێمانی دابه‌شكرا، كه‌ بڕی 10 هه‌زار دینار له‌ هاوڵاتییان وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام جگه‌ له‌ به‌شێكی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، هیچ هاوڵاتییه‌ك نه‌وتی سپی وه‌رنه‌گرت و له‌ بازاڕی ره‌ش به‌ گران كڕییان.


AM:10:35:26/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 11837 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت