پەیامێکی تایبەت لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە


وێستگه‌ نیوزـ 

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنی كۆتایی هاتنی پرسه‌ی ره‌سمیی نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری كۆچكردوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان داوا له‌ لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌كات دێرژ به‌ "خه‌باتی مه‌ده‌نی" نه‌وشیروان مسته‌فا بده‌ن.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، د. یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: " کاک نەوشیروان هەر لەپێناو هێنانەدی‌ ئەو ئاواتە مەزنانە، هەوڵیدا، نمونەیەکی‌ جوانی‌ کلتوری‌ ناتوندوتیژی‌ و پارلەمانی‌ و دیموکراسی‌ و خۆماڵیکردنی‌ سامانی‌ وڵات بۆ هاوڵاتییەکانی بخاتەڕوو".  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ " بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرسەی رەسمی، جارێکی تر داوا لە جەماوەری‌ دڵسۆزی‌ گەلەکەمان دەکەین، درێژە بەو خەباتە مەدەنییەی کاک نەوشیروان بدەن، چونکە مافی‌ خۆیانە لەسایەی‌ دیموکراسی‌ و خۆشگوزەرانیدا پشوویەک بدەن، پێویستە هەموان کار بۆ ئەوە بکەین کە خەونی‌ شەهیدان و خەباتگێڕان و ماندوونەناسانی‌ ڕێگای‌ کوردایەتی‌ لەبار نەبرێت، نەوەکانی‌ ئێستا و ئایندەش لەم پێناوەدا چاوی‌ لە هەڵوێست و ڕەفتارمانە.  "

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان:

پەیامێکی تایبەت لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە

لەکاتێکدا نیشتمان لە چاوەڕوانی‌ چاکسازی‌ و باشترکردنی‌ بژێوی‌ ژیان و سەروەریی یاسادا بوو، هەواڵی‌ کۆچی‌ دوایی کاک نەوشیروان مستەفا دڵی‌ هەموو کوردێکی‌ بەشەرەفی‌ لەسەرتاسەری‌ جیهاندا هەژاند.  

لە ماوەی‌ ڕۆژانی‌ ڕابردووش، شیوەن و پەرۆشیی‌ سەرجەم چینە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان و هەندەران بەتایبەت هەژاران و کرێکاران و جوتیاران و ڕووناکبیران ئاماژەیەکی‌ ڕاستەقینە بوون بۆ خەمخۆریان لەپێناو ڕێبەر و نیشتیمانپەروەرێک کە هی هەموان بوو، دەیویست لەڕێگەی‌ کلتوری‌ ناتوندوتیژی‌ و خەباتی‌ مەدەنی‌، چاکسازی لە کۆی‌ سیستەمی‌ حکومڕانی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا بکات، تا ئەم ئەزموونەی‌ کە نیو سەدە لەپێناویدا خەباتی‌ کرد، ببێتە نمونەیەکی‌ جوانی‌ حکومڕانی‌ دیموکراسی‌ و یاسا سەروەر بۆ ئەوەی‌ ژیان ببێتە مایەی‌ ئاسودەیی بۆ هەموو چینە جیاوازەکان نەک قۆرغکردنی‌ (دەسەڵات و سامان) لەسەر حسابی‌ برسیکردنی‌ جەماوەری‌ کوردستان.  

کاک نەوشیروان هەر لەپێناو هێنانەدی‌ ئەو ئاواتە مەزنانە، هەوڵیدا، نمونەیەکی‌ جوانی‌ کلتوری‌ ناتوندوتیژی‌ و پارلەمانی‌ و دیموکراسی‌ و خۆماڵیکردنی‌ سامانی‌ وڵات بۆ هاوڵاتییەکانی بخاتەڕوو.  

بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرسەی رەسمی، جارێکی تر داوا لە جەماوەری‌ دڵسۆزی‌ گەلەکەمان دەکەین، درێژە بەو خەباتە مەدەنییەی کاک نەوشیروان بدەن، چونکە مافی‌ خۆیانە لەسایەی‌ دیموکراسی‌ و خۆشگوزەرانیدا پشوویەک بدەن، پێویستە هەموان کار بۆ ئەوە بکەین کە خەونی‌ شەهیدان و خەباتگێڕان و ماندوونەناسانی‌ ڕێگای‌ کوردایەتی‌ لەبار نەبرێت، نەوەکانی‌ ئێستا و ئایندەش لەم پێناوەدا چاوی‌ لە هەڵوێست و ڕەفتارمانە.  

داوا لە حزب و لایەن و کەسایەتییەکان دەکەم، با ئەم شیوەنە نیشتیمانییە، ببێتەوە دەرفەتێک بۆ سەروەرکردنی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی و، هێنانەکایەی پێکەوە ژیانی‌ ئاشتیانە و خۆشگوزەرانی‌ بۆ هاوڵاتیان، کە لە ئاواتە سەرەکییەکانی‌ (کاک نەوشیروان) بوون بۆ مۆدیلێکی‌ جوانی‌ حکومڕانیی‌ کوردستانی.  

لە کۆتایدا، سوپاسی‌ هاوڵاتیانی‌ دڵسۆز لە هەمو کوردستان و، تەڕاوگەو، پارلەمانتاران و حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان و عیراق و، کونسوڵ و باڵیۆزی وڵاتانی دۆست دەکەین بۆ خەمخۆری و پەرۆشییەکانیان و، بەشدارییان لە مەراسیمی بەخاک سپاردن و ماتەمینی و پرسەی کاک نەوشیروان. 

دەستخۆشی‌ لە هێزەکانی‌ ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی‌ هاتوچۆ و سەرچەم دامودەزگا دڵسۆزەکانی تر دەکەین کە بە هیممەتی‌ ئەوان، بە ئاشتەوایی پرسە و ماتەمینی‌ لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا بەڕێوەچوو. 

لە هەمان کاتدا بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، پیرۆزبایی لە خەڵکی موسوڵمانی کوردستان و جیهان ئەکەین، بە هیوای ئەوەی هاتنەوەی ئەم مانگە بکەینە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچونەوە و چارەسەرکردنی کردنی گرفت و قەیرانەکان. 

خوای گەورە گەلی کوردستان بپارێزێت. 

د.یوسف محەمەد سادق 
سەرۆکی‌ پارلەمانی‌ کوردستان
27-5-2017


AM:11:30:27/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 5313 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو