برامان برایی و کیسەمان جیایی


وێستگە نیوز-

ڕۆدۆلف و ئەدۆلف داسلر برابوون، لەگوندێکی ناوچەی باڤاریای باشووری ئەڵمانیا دەژیان.. باوکیان ئیشی خۆشکردن و بڕینی چەرمی پێڵاوی دەکرد، ئەمانیش یاریدەدەری باوکیان بوون.

ساڵی 1920 کە تەمەنی ڕۆدۆڵف 22 ساڵ و ئەدۆڵف 20 ساڵ بوو، پێکەوە دوکانێکی پێڵاودروستکردنی تایبەت بەخۆیان کردەوە.
پێڵاوەکەیان لەجۆری سووک و وەرزشیانە بوو، زۆربەی کارەکانیان بەدەست ئەنجامدەدا.. لە 1924 پێکەوە کۆمپانیای "برایانی داسڵر"یان بۆ پێڵاو دامەزراند.

ساڵی 1936 ڕووداوێکی گرنگ لەژیانی پیشەی ئەم دووبرایەدا ڕوویدا.. ئۆڵۆمپیادی جیهانی هاتە ئەڵمانیا و لەبەڕلین بەڕێوەچوو، ئەمانیش پێڵاوێکی خۆیان بەدیاری دا بە یاریزانی ئەمەریکی ڕاکردن "جیسی ئۆینس".. جیسیش ئەو ساڵە سوپڕایزی هەبوو، چوار مەدالیای ئاڵتونی بۆ ڕاکردن بەدەستێناو ناوبانگێکی گەورەی دایەوە.. ئەوەش ناوبانگی پێڵاوەکەی ئەوانی تەقاندەوە.

ساڵ هات و ساڵ ڕۆیشت، ساڵی 1943 لەگەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا رۆدۆڵفی برا گەورە بەتەمەنی 45 یەوە ڕەوانەی بەرەی خۆرئاوای جەنگ کرا بۆ شەڕ دژی ڕووس.

ئەدۆڵفی برا بچوکیش بەهۆی پەیوەندیەکانیەوەو بەواستە خۆی لەسەربازی زۆەملێ شاردەوە.
کارگەیان وەستا، گۆڕا بۆ کارگەی جەنگی و بارووتی گولەتۆپ.. ڕۆدۆڵف لەماوەی سەربازی خۆیدا لەپۆڵەنداوە چەند نامەیەکی توندی بۆ براکەی نارد و براژنەکەی تۆمەتبارکرد بەهەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر بەشە کۆمپانیاکەیدا.
ساڵی 1945 کەنازیەکان شکان و ڕۆدۆلف هاتەوە، لای سەربازە ئەمەریکیەکان شکاتی لەئەدۆلفی برا بچوکی کرد و ووتی هاوکاری نازیەکانی کردوەو ئەوانیش ماوەیەکی کورت دەستگیریان کرد "تۆمەتەکەش ڕاست بوو، هەندێک لەکۆنگرەکانی حیزبی نازی بەسپۆنەری کۆمپانیای داسڵر دەکراو وێنەشی هەیە".

ئیتر پەیوەندی براکان بۆ یەکەمجار و بۆ دواجار تێکچوو، کۆمپانیەکەیان هەڵوەشایەوە، بڕیاریاندا جیاببنەوەو میراتی و ئامێر و کرێکارەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد. "زۆریان لەگەڵ ئەدۆڵف مانەوە چونکە ئیشکەرتر و جدیتر بوو".

لەساڵی 1948 ڕۆدۆڵفی برا گەورە کۆمپانیایەکی پێڵاوی خۆی دامەزراند و ناوینا پوما PUMA و ساڵی 1949 ئەدۆلفی برا بچوک کۆمپانیایەکی خۆی دامەزراند بەناوی ئەدیداس Adidas وە.

ڕۆدۆلف ساڵی 1974 کۆچیدوایکرد و ئەدۆڵف 1976 مرد و نزیکەی 30 ساڵ قسەیان پێکەوە نەکرد، نەک ئەوەش بەڵکو لە1948 وە خێزانەکانیان دواتر خەڵکی گوندەکەیان دواتر کۆمەڵگەی وەرزشی ئەڵمانیا کەوتنە ناکۆکی و کێبڕکێیەوە کەبوە مایەی گرژی و دابڕانی کۆمەڵایەتیش..

ساڵی 2000 بۆیەکەمجار لەمێژوودا هەردوو کۆمپانیاکە یاریەکی دۆستانەی تۆپی پێیان ئەنجامدا.
تێبینی یەکەم: بیللی یاریزانی تۆپێ پێی بەڕازیل پومای لەپێئەکرد.
تێبینی دووەم: ئەدیداس سەرکەوت بەسەر پوما دا لەئەمڕۆدا سامانی ئەدیداس چوار تا پێنج ئەوەندەی پومایە. "پوما بایی 4 ملیار یۆرۆیە و ئەدیداس بای 19 ملیارە".

تێبینی سێهەم: کۆمپانیای نایک NIKE ئەمەریکی بۆ پێڵاوی وەرزشی کەلە 1963 دا دروستبوو، لەهەردووکیان بەهێزترە و یەکەمی جیهانە "بایی 30 ملیار دۆلارە".

تێبینی چوارەم: لەیەکەم کۆمێنتا وێنەی ڕۆدۆڵف و ئەدۆلف داسڵر دائەنێم بەلۆگۆی کۆمپانیاکانیانەوە.
ناکۆکیەکانی ئەوان ئەدیداس و پـومای لێئەکەوێتەوەو هی ئێمەش ناوەناتۆرە


ئەم بابەتە لە پەیجی رۆژنامەنوس توانا عوسمانەوە وەرگیراوە


PM:03:09:27/05/2017




ئه‌م بابه‌ته 4508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو