فراكسیۆنی بزووتنه‌وه داوای كشانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له حكومه‌ت ده‌كات
وێستگه نیوز- پشتیوان جه‌مال
فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان داوای كشانه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه، به‌ڵام تائێستا یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ئه‌و داوایه نییه.
دوێنێ د. شوان قه‌ڵادزه‌یی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كرد.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌وه ده‌ست وێستگه نیوز كه‌وتوون، له‌و سه‌ردانه‌دا سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه داوا له ئه‌مینداری یه‌كگرتووه كردووه ئیسلامییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكشێنه‌وه.
سه‌رچاوه‌كه وتی: "ئیسلامییه‌كان هه‌میشه ده‌ڵێن ئێمه له‌به‌ره‌ی شه‌قامین، به‌ڵام ئه‌م حكومه‌ته خه‌ڵكی برسی كردووه، له‌به‌رئه‌وه هه‌قه یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵیش له‌و حكومه‌ته بكشێنه‌وه".
به وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه: "یه‌كگرتوو تائێستا له‌گه‌ڵ هاتنه ده‌ره‌وه نییه له حكومه‌ت، چونكه پێیانوایه به هاتنه
ده‌ره‌وه‌یان لایه‌نێك حكومه‌ت بۆ خۆی قۆرخ ده‌كات، به‌ڵام رای كۆمه‌ڵ نازانن"، بۆ رای بزووتنه‌وه‌ش، سه‌رچاوه‌كه وتی "رای بزووتنه‌وه‌ش وه‌ك رای فراكسیۆنه‌كه‌یان بۆ كشانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له حكومه‌ت".
له‌و باره‌یه‌وه وێستگه نیوز په‌یوه‌ندی به د. شوان قه‌ڵادزه‌یی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كرد، ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، سه‌ردانه‌كه‌یان ئاسایی بووه و باسی دۆخی ناوچه‌كه و په‌یوه‌ندی لایه‌نه ئیسلامییه‌كان و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر سێ لایه‌نه ئیسلامییه‌كه كراوه، به‌ڵام بۆ داواكه‌یان بۆ كشانه‌وه‌ی ئیسلامییه‌كان له حكومه‌ت، ئاماده‌نه‌بوو لێدوان بدات.
یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌یه‌ك له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارن.
AM:11:21:29/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 2189
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت