كچه‌ له‌چك سوره‌كه‌ شه‌هید بوو




وێستگه‌ نیوز- ئێن ئاڕتی‌ 


عایشە دەنیز کاراجاغیل ناسراو بە کچە لەچک سوورەکەی‌ خۆپیشاندانەکانی‌ پارکی‌ گەزیی‌ ئیستانبول، لە شەڕی‌ دژ بە داعشدا و لە چوارچێوەی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فوراتدا لە ڕەقە شەهید بوو.

ئاژانسی‌ هەواڵی‌ هاوار لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان بڵاویکردەوە، عایشە دەنیز کاراجاغیل لە یەکەی‌ شەڕڤانانی‌ ئینتەرناسیۆنال و لە چوارچێوەی‌ ئۆپراسیۆنی‌ توڕەیی‌ فورات بۆ ڕزگارکردنی‌ ڕەقە لە دەست چەکدارەکانی‌ داعش شەهیدبوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، عایشە دەنیز لە لیوای‌ ئازادیی‌ ئینتەرناسیۆناڵ، کە لیوای‌ شەڕڤانە بیانییەکان بۆ شەڕ لە دژی‌ چەکدارەکانی‌ داعش لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان، لە شەڕدا بووە لە دژی‌ داعش و لە ئەنجامدا دوێنێ ٢٩ی‌ ئایاری ٢٠١٧ لە ڕەقە شەهید بووە.

عایشە دەنیز کاراجاغیل هاووڵاتییەکی‌ تورکە و لە دایکبووی‌ ساڵی‌ ١٩٩٣یە لە شاری‌ ئەنقەرە. لە ساڵی‌ ٢٠١٣ و لە دوای‌ تەشەنەکردنی‌ خۆپیشاندانەکانی‌ گەزیی ئیستانبول بە شارە گەورەکانی‌ تورکیادا، عایشە دەنیز لە شاری‌ ئەنتالیاوە بەشداریی‌ خۆپیشاندانەکانی‌ کرد و بە کچە لەچک سوورەکەی‌ خۆپیشاندانەکانی‌ گەزی‌ ناوبانگی‌ دەرکرد. چەندین وێنەی‌ عایشە دەنیز بە قژە کاڵەکەی‌ و لەچک و قردێلە سوورەکانیەوە بە میدیاکاندا بڵاوبوونەوە.

لەو کاتەدا لەلایەن داواکاری‌ گشتیی‌ تورکیاوە ٢ سکاڵا لە دژی‌ عایشە دەنیز تۆمارکران و عایشە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی‌ تورکیاوە دەستگیرکرا و داوای‌ ١٠٣ زیندانی‌ بۆ ئەو کچە خۆپیشاندەرە دەرکرا.

کاتێک لە ڕۆژی‌ ٦ی‌ شوباتی ٢٠١٤دا عایشە دەنیز لە زیندانی‌ تورکیا ئازاد بوو، چووە ڕیزی‌ گەریلاکانی‌ پەکەکە و چەندین وێنەی‌ لە ناو گەریلاکاندا بڵاوکرایەوە.

لە دوای‌ دامەزراندنی‌ لیوای‌ ئازادی‌ بۆ شەڕڤانە ئینتەرناسیۆنالیستەکان لە ڕۆژئاوای‌ کوردستان، عایشە چووە ڕۆژئاوای‌ کوردستان لەوێ دەستیکرد بە شەڕکردن لە دژی‌ چەکدارەکانی‌ داعش.

خۆپیشاندانەکانی‌ گەزی

ڕۆژی‌ ٢٨ی‌ ئایاری‌ ٢٠١٣ پێکهەڵپژارن لە نێوان هێزەکانی‌ پۆلیس و خۆپیشاندەرانی‌ تورکیا لە دژی‌ تێکدانی‌ پارکێک (باخچەیەک) بەناوی‌ گەزی‌ لە شاری‌ ئەستەنبوڵ ڕوویدا.

هێزەکانی‌ پۆلیس بە گازی‌ فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی‌ ئاوڕژاندنەوە هێرشیان کردبووە سەر خۆپیشاندەران و بەشێوەیەکی‌ توندوتیژانە بەرەنگاری‌ خۆپیشاندەران بوونەوە. هێرش و سەرکەوتی‌ هێزەکانی‌ پۆلیسی‌ تورکیا بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی‌ پارکی‌ گەزی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی‌ ڕیکخراوە نێودەوڵەتی‌ و ناوخۆییەکانی‌ بواری‌ مافەکانی‌ مرۆڤی‌ بە دوای‌ خۆیدا هێنا.

سەرباری‌ ئەوەش خۆپیشاندانەکان بە خێرایی‌ بە ناو شارە گەورەکانی‌ تورکیادا بڵاوبوویەوە لە هەر یەک لە شارەکانی‌ ئیستانبول، ئەنقەرە، بورسا، ئانتالیا، ئیسکی‌ شەهیر، ئیزمیر، مێرسین، ئەدەنە، ئیزمیت، قۆنیا، سامسۆن، ترابزۆن، تیکرداغ، بودرۆم، مێردین، ئامەد و دێرسیمی‌ گرتەوە.

لەوکاتەدا هەندێک لە میدیاکان ئەو خۆپیشاندانەیان بە بەهاری‌ تورکی‌ لێکدابووە. خۆپیشاندەران پردی‌ گەروی‌ بۆسفۆریان داخست. ئەوەش بووە هۆی‌ ئەوە کەرتی‌ گەشتیاری‌ لەو وڵاتەدا ڕووبەڕووی‌ قەیران بێتەوە.

بەپێی‌ سەرچاوە میدیاییەکان، لە خۆپیشاندانەکاندا ٤ کەس کوژران و نزیکەی‌ ٧ هەزار کەسیش بەهۆی‌ گازی‌ فرمێسکڕێژ و گولـلەی‌ پلاستیکی‌ و هێرشی‌ هێزەکانی‌ پۆلیسەوە برینداربوون وهێزەکانی‌ پۆلیسیش زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد.

خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانی‌ پارکی‌ گەزیی‌ ئیستانبول لە ساڵی‌ ٢٠١٣ لە کاتێکدا ڕوویدا حوسێن عەنی‌ موتلو پارێزگاری‌ ئیستانبول بوو. بەهۆی‌ سەرکوتی‌ توندوتیژانەی‌ ئەو خۆپیشاندانانەوە ناوەندەکانی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ لە تورکیا و وڵاتانی‌ ئەوروپا و ئەمریکا حکومەتی‌ تورکیایان بە ئەنجامدانی‌ پێشێلکاری‌ تۆمەتبارکرد.

حوسێن عەونی‌ موتلو پارێزگاری‌ ئەو کاتی‌ ئیستانبول لە دوای‌ کودەتا سەربازییەکی‌ شەوی ١٥ی‌ تەموزی ٢٠١٦ی سوپای‌ تورکیا، کە حکومەتی‌ تورکیا گروپەکەی‌ گولەن لە ئەنجادەری‌ دەزانێت، لە ڕۆژی‌ ٢٦ی‌ تەموزی ٢٠١٦دا بە تۆمەتی‌ بەشداریکردن لە کودەتاکەدا دەستگیرکرا. پێشتر حوسێن عەونی‌ چەندین پۆستی‌ ئەمنی‌ و جۆراجۆری لە ناوچە جیاجیاکانی‌ باکووری‌ کوردستاندا لە ئەستۆ بووە.

لە ئەنجامی‌ ئەو خۆپیشاندانانەدا، بڕیاری‌ پرۆژەی‌ تێکدانی‌ پارکی‌ گەزی لەلایەن حکومەتی‌ تورکیاوە، لە یەکێک لە دادگاکانی‌ ئەو وڵاتەدا هەڵوەشێنرایەوە.


PM:07:57:30/05/2017














































ئه‌م بابه‌ته 73004 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو