حەسەن رۆحانی‌ لە پەیوەندییەکدا پشتیوانی‌ وڵاتەکەی‌ بۆ میری‌ قەتەر راگەیاندووە

‌حەسەن رۆحانی

وێستگه‌ نیوز ـ
ئاژانسی ئیرنای‌ ئێرانی‌ بڵاویکردووەتەوە، حەسەن رۆحانی‌ پشـتیوانی خۆی بۆ وڵاتی قەتەر دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو سزایانەی عەرەبستانی سعودیـیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر بەسەریدا سەپاندوویانە.


ئاژانسی ئیرنای‌ ئێرانی‌ ئەمڕۆ دووشەممە 26ی حوزه‌یرانی 2017، بڵاویکردووەتەوە، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دوێنێ یەکشەممە پەیوەندی‌ بە شێخ تەمیم حەمەد ئال سانی میری قەتەر کردووە و پشتیوانی‌ وڵاتەکەی‌ پێڕاگەیاندووە.

حەسەن رۆحانی‌ وتووشیەتی‌: "ئەگەر ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێت، فشار و هەڕەشەکردن و سەپاندنی سزا رێگەی دروست نین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی".

ئاماژە بەوەشکراوە، حەسەن رۆحانی‌ بە میری‌ قەتەری‌ وتووە، "کە گەمارۆدانی قەتەر  لەلایەن ئەو وڵاتانەوە جێگەی قبوڵکردن نیـیە، بە میری‌ قەتەری راگەیاندووە کە ئاسمان و ئاو و زەوی ئێران لە بەردەم قەتەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی سێ هەفتەیە سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسر و یەمەن گەمارۆی ئابوری و سیاسییان خستووەتە سەر قەتەر و 13 داواکارییان پێشکەشی‌ قەتەر کردووە کە پێویستە لە ماوەی‌ 10 رۆژدا جێبەجێیان بکات و لە گرنگترینیان، پچڕاندنی‌ هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانە لەگەڵ ئێران و بڕینی‌ هاوکارییە داراییەکانە لەو گروپانەی‌ کە ئەو وڵاتانە بە تیرۆر ناوی دەبەن، هاوکات لەگەڵ داخستنی‌ دەزگای‌ ئەلجەزیرە و داخستنی‌ بنکەی‌ سەربازی تورکیا لە قەتەر، بەڵام قەتەر داواکارییەکانی‌ رەتکردەوە.

ئەمەش کاردانەوەی‌ ناوچەیی و جیهانی‌ لێکەوتەوە و دوێنێش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەکرێت بەگفتوگۆ کێشەی نێوان قەتەر و وڵاتانی‌ کەنداو چارەسەر بکرێت، هەرچەندە قورسە قەتەر بچێتە ژێر باری‌ داواکاری‌ چوار وڵاتەکە.


PM:08:42:26/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 5134 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت