نوێنەری ترەمپ لە عیراق: به‌ راشكاوی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانمان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌

‌برێت مه‌كگۆرك، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ

وێستگه‌ نیوزـ

نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەشەڕی دژ بەداعش رایگەیاند: بەڕاشكاوی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانمان رەتكردوه‌تەوەو لەگەڵ گفتوگۆی نێوان عیراقییەكانداین.

برێت مه‌كگۆرك، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لە كۆنگرە رۆژنامەوانیدا كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ی ته‌مموزی 2017 لەشاری بەغدا سازیكرد، لەبارەی پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلولی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: بەڕاشكاوی ئەوەمان پیشانداوە كە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانمان رەتكردۆتەوەو لەگەڵ گفتوگۆی نێوان عیراقییەكانداین، هیواداریشین ئەو بابەتە دوابخرێت بۆ دوای داعش، بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە نەبێتە هۆی پەرشكردنی تەركیزمان لەسەر شەڕی داعش.

لەبارەی شەڕی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ، وتی: راگەیاندنی ئازادكردنی موسڵ بۆ سەركردە عیراقییەكان دەگەڕێتەوەو داعش تەنیا 250 مەتر چوار گۆشەی بەدەستەوەماوە، جەختی لەوەشكردوە كە ئەمریكا بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی عیراق لەشەڕی دژ بەتیرۆرو پشتیوانی هەموو هەوڵێكیش دەكات بەئاڕاستەی كاراكردنی هاوكاری ئابوری هەرێمی و نێودەوڵەتی.

مه‌كگۆرك وتیشی: 40 هەزار تۆن ماددەی تەقینەوەمان پوچەڵكردۆتەوەو بەمنزیكانەش حكومەتی عیراق لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی بۆ دانانی پلانی گێڕانەوەی سەقامگیری و داڕشتنی نەخشەی ئابوری كۆدەبێتەوە، دوپاتیشیكردەوە كە پێویستە سەرجەم كۆمپانیاكانی ئەمریكا پابەندی یاساكانی عیراق بن. 

ئاشكراشیكرد كە هەفتەی داهاتوو كۆنگرەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی قۆناغی دوای شكستی داعش بەڕێوەدەچێت، ئەوەشی راگەیاند كە هێشتا شەڕی داعش كۆتایی نەهاتووەو كاری زۆرمان لەپێشە ئەنجامی بدەین.

رۆژی چوارشەممە 7ی حوزەیرانی 2017، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، بارزانی و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە و بڕیاریاندا ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بڕیاریشدرا ڕۆژی 6 تشرینی دووەمی 2017 هەڵبژردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت.


PM:08:11:08/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 5971 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو