یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ دیاریكردنی‌ رۆژی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ن بارزانی‌


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
بڕیارده‌ری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە وا باشترە له‌م قه‌یرانی‌ داراییه‌دا ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌یه‌كه‌وه‌ و پێش ته‌واوبوونی‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مان بكرێن.

عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی‌، بڕیارده‌ری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ كاتی‌ خۆیدا و وتی‌ "پێموانوایه‌ له‌م قه‌یرانی‌ داراییه‌دا ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌یه‌كه‌وه‌ و پێش ته‌واوبوونی‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مان بكرێن".

ناوبراو روونیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنه‌كان پێكه‌وه‌ بكرێت یه‌ك بودجه‌یان ده‌وێت و هاوڵاتیانیش یه‌ك جار ده‌ڕۆنه‌ به‌رده‌م سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیاواز بن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ زۆرتری‌ ده‌وێت و خه‌ڵكیش ماندوو ده‌بن، هیچ كۆمسیۆنێكیش ناتوانێت له‌ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 30 رۆژدا سه‌رپه‌رشتی‌ دوو هه‌ڵبژاردن بكات.

سەرۆکایەتی هەرێم کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانی دیاریکرد و بڕیارە رۆژی 1ی مانگی 11 هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.

بە واژووی مه‌سعود بارزانی رۆژی 12ی ئەم مانگە فەرمانێکی هەرێمی دەرکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 1ی مانگی 11 ی ئەمساڵدا.

هەروەها بارزانی لە خاڵی دووەمی فەرمانەکەیدا نووسیویەتی: "گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە".

ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژی 19ی ئابی ساڵی 2015 ەوە ماوەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایی هات و دواتر ئەنجومەنی شورا بڕیاریدا بەردەوام بوونی بارزانی لە پۆستەکەیدا و ئەو بڕیارەش بۆچوونی جیاوازی لەلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دروستکرد.

لە مانگی 11ی ئەمساڵیشدا، ماوەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.


PM:04:54:19/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 21224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت