"سویدیش دژی ڕیفراندۆمه"
وێستگه نیوز – ئاری هه‌رسین په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند كه وڵاتی سویدیش دژی ریفراندۆمه.
ئاری هه‌رسین په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی: "سوید یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه به به‌ھه‌شتی دیموكراسی و مافی مرۆڤ ناسراوه. زۆر له دانیشتوانی سه‌ر زه‌وی وه‌كو مۆدێلێكی تایبه‌تی له بواری ڕێزگرتن له مافه‌كانی ئینسان و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌یری سوید ده‌كه‌ن. له ڕاستیشدا سوید بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ توانی مۆدێلێكی حوكمڕانی له وڵاته‌كه‌یدا سه‌قامگیر بكات كه جێی سه‌رنجی زۆر له كۆمه‌ڵناس، ئابوریناس و ئاكادیمیسیه‌كانی بواری سیاسه‌ت بوون. ئه‌وه‌بو پاشان له‌گه‌ڵ ھێرشی دێوی گلۆبالیزه‌یشن، سویدیش وه‌كو تاكه دورگه نه‌مایه‌وه، ھه‌ر بۆیه‌ش دواتر ناوی ( كۆتایی مۆدێلێك) له سیسته‌می حوكمڕانی سوید نرا. به‌نده ھیچ كارم به شیكردنه‌وه و باسكردنی مۆدێلی سوید نیه، ئه‌م چه‌ند دێڕه‌شم وه‌ك پێشه‌كیه‌كی كورت و پێویست بۆ باقی گوتاره‌كه نوسی".
ئاری هه‌رسین ده‌ڵێت: "وڵاتی سوید له زاری ئولوف سكووگ نوێنه‌ری ئه‌و وڵاته له رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان رایگه‌یاندوه كه ئه‌وان له دژی ڕیفراندۆمی باشوری كوردستانن".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه "ھه‌ندێ كه‌س ئه‌م ھه‌ڵوێسته‌ی سویدیان پێ سه‌یره. به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌م جۆره ھه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی سوید شتێكی تازه نیه له مێژوودا. له سه‌رده‌می جه‌نگی دووھه‌می جیھانی ھه‌موو ئه‌وروپا له به‌ره‌یه‌كدا به‌ره‌نگاری ھێتله‌ر بوبونه‌وه. ئیتر یان له شێوه‌ی گروپی پارتیزانی وه‌ك له یۆنان، فه‌ره‌نسا، ئیتالیا، چیك و ھۆڵه‌نداو ... تا دێت. یان له به‌شداری كردن له به‌ره‌ی دژی ھێتله‌ر له شه‌ڕی جه‌بھه‌وی. كه‌چی سوید باشترین سه‌رچاوه‌ی ھه‌نارده‌كردنی (پۆڵا) بوو بۆ پیشه‌سازیه سه‌ربازیه زه‌بالاحه‌كه‌ی ھێتله‌ر. ھه‌ردوو دراوسێی دیوار به دیوار‌یان (نه‌رویژ و دانمارك) له لایه‌ن نازیه‌كانه‌وه داگیركران، كه‌چی سوید له گوڵ كه‌متری پێ نه‌گوترا. قیتاره‌كانی سوپاكه‌ی ھێتله‌ر به‌ناو خاكی سویددا چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان بۆ ھێزه‌كانیان له نه‌رویژ ده‌برد و، كۆنترۆلی وڵاته‌كه‌یان پێ ده‌كرد".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "سوید ھه‌موو ئه‌م كه‌ین و به‌ینه‌ی له ژێر دروشمی درۆیه‌كی گه‌وره‌دا كه گوایه (له شه‌ڕه‌كه‌دا بێ لایه‌نه) ده‌كرد. دیاره سوید بازرگانیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی نازیه‌كان له چاره‌نوسی خه‌ڵكی نه‌روێژ و دانمارك و ئه‌و چه‌ند ملیۆن جوله‌كه‌یه‌ی له كه‌مپه زۆره‌ملێكانی ھێتله‌ر سوتێنران و سابون له ئێسكه‌كانیان دروستكرا لا گرنگتر بوو. ھه‌ر بۆیه‌ش ھه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت خه‌ڵكی نه‌رویژ چاره‌ی سویدیان ناوێت و، به خائینیان ده‌زانن".
نووسیویشیه‌تی: "ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌تایبه‌تی گه‌شتێك به‌ره‌و وڵاتی میسر ده‌كه‌ن به مه‌به‌ستی سه‌ردانی ئه‌ھرامه‌كانی میسر، له‌وانه‌یه بیریان بچێته‌وه كه نرخی به‌رزبونه‌وه‌ی باڵای ئه‌و ئه‌ھرامانه كه‌لـلـه‌سه‌ری ده‌یان ھه‌زار كۆیله‌یه، كه ڕۆژانه له‌به‌ر گه‌رمای خۆر و وشكایی بیابان، ھه‌ر له ھاڵھاتنی كازیوه ھه‌تا زه‌رده‌په‌ڕی ده‌مه‌و ئێواره به‌زۆری قمچی كرێكاریان پێ كراوه. ھه‌ر به ھه‌مان شێوه باجی مۆدێله شازه‌كه‌ی سویدیش خه‌ڵكی تر داویه‌تی".
ئاری هه‌رسین راشیگه‌یاندووه كه "ئێمه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت راستیه‌كی تاڵ ھه‌یه بیزانین. له ھه‌ردوو حاڵه‌تی نه‌ھامه‌تی و، ئه‌وكاتانه‌شی كه به‌ختی مێژوو ڕوی تێ كردبین، ئێمه خۆمان به ته‌نیا بینیوه‌ته‌وه، ئیتر خۆ له‌م مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمه‌دا باشتر نابێت. ئێمه سوپاسی ئه‌و وڵاتانه ده‌كه‌ین كه له‌م لۆفه‌یه‌ی مێژوودا له‌گه‌ڵمانیش نه‌بن، دژایه‌تیمان ناكه‌ن. به‌ڵام دیاره دیموكراسیه‌كه‌ی ھه‌ندێك وڵاتی خۆرئاوا‌و سوید ھه‌تا قوله پێیان بڕ ده‌كات و، بستێك سنوره‌كانی ئه‌وروپا تێناپه‌ڕێنێت. لای ئه‌وانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان ناكه‌وێته چوارچێوه‌ی سنوره‌كانی ئه‌وروپا و، وڵاته‌كه‌مان (ئاگرێكه و دۆزه‌خێكه) كه زۆر له‌وانه‌وه دووره، ئیتر مافی ئه‌وه‌مان نیه ببینه ده‌وڵه‌ت".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی نووسویشیه‌تی: "پێم وابێت به‌ھه‌شتی ئه حمه‌د موختار جاف ڕاستی فه‌رموه:
ئه‌م قه‌راری عه‌سبه‌یه‌ی خه‌ڵكی ئه‌ڵێن بۆ كورد ئه‌بێ
ھه‌ر قسه‌ی ڕوته و قسه‌ش ناچێته ناو گیرفانه‌وه
ڕاسته گه‌ر ئیسمی عه‌داله‌ت بۆچی منداڵانی كورد
وێڵ و سه‌رگه‌ردان بسوڕێنه‌وه به‌سه‌ر كێوانه‌وه
بۆیه ئامانی سه‌ره‌كی بڕوابه‌خۆبوونه، له پێش ئه‌وه‌ی بڕوا به خه‌ڵكیتر بكه‌ین".
تێبینی:
مه‌به‌ست له قه‌راری عه‌سبه له شیعره‌كه‌دا (عصبه الامم) ه كه له ئه‌نجامی دانوستانده‌كانی پاریس له 1920/1/10 پێكھێنراو، یه‌كێك له ده‌سته‌گوڵه‌كانی ئه‌و نه‌خشه جوگرافیایه‌یه كه له ئێستادا خۆرھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی له‌سه‌ر داڕێژراوه.
AM:08:44:22/07/2017
ئه‌م بابه‌ته 13928
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت