شاسوار عەدولواحید بۆ واشنتن پۆست: بەرپرسانی هەرێم ریفراندۆم بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا بەکاردەهێنن

‌شاسوار عەبدولواحید

وێستگه‌ نیوز ـ
شاسوار عەبدولواحید لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی‌ واشنتن پۆستی‌ ئەمریکی‌ رایگەیاند، "بەرپرسانی‌ کورد ریفراندۆم وەک هۆکار و بیانوویەک بەکاردەهێنن بۆمانەوە لە دەسەڵاتدا" و مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆشی به‌ دوور نه‌زانیوه‌.

شاسوار عەبدولواحید خاوەنی‌ گروپی‌ کۆمپانیاکانی‌ نالیا دەشڵێت: "گەنجانی‌ هەرێمی‌ کوردستان هیچ شتێک نازانن لەبارەی‌ خەباتی‌ چەکداری‌ هێزەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دژی‌ سەدام حسێن، بەوهۆیەشەوە سەرکردە پیرەکان پێویستیان بە بیانوو و هۆکارێک هەیە بۆئەوەی‌ بۆماوەی‌ 26 ساڵی‌ دیکە حوکمڕانی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکەن".

پێشنیازی‌ ئەوەی‌ کردووە کە ژێرخانێکی‌ بەهێزی‌ ئابووری‌ بۆ هەرێمی‌ کوردستان و سیستمێکی‌ سیاسی‌ دیموکراسی‌ دروست بکرێت، ئەوەشی وتووە کە "ئێمە ئابووریمان نییە، تەنها یەک بۆری‌ نەوتمان هەیە، سیستمی‌ دادوەریمان نییە، هێزێکی‌ سەربازیی‌ یەکگرتوومان نییە و تەنانەت پەرلەمانمان لەکارخراوە و نیمانە".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە "ئەگەر هەیە بەهۆی‌ ریفراندۆمەوە تورکیا بۆری‌ هەناردەی‌ نەوتی‌ هەرێم بگرێتەوە، کە سەرچاوەی‌ سەرەکی‌ داهاتی‌ هەرێمە".

شاسوار عەبدولواحید پێشبینی‌ ئەوەش دەکات، کە تورکیا و ئێران هێزەکانی‌ سەر بە پارتی‌ و یەکێتی‌ لە دژی‌ یەکتر هان بدەن و ببێتە هۆی‌ ئەوەی‌ شەڕی‌ ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، پرسیاری ئەوەشی کردووە کە "ئایا ئێمە چ جۆرە کوردستانێکمان دەوێت؟ دەمانەوێت ببێتە کۆریای‌ باشوور یان باشووری‌ سودان؟".

هەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ واشنتن پۆست شاسوار عەبدولواحید پێی‌ وایە ئەوەی‌ گرنگە لەئێستادا ئەنجام بدرێت هەڵبژاردنێکی‌ ئازاد و بێ ساختەکارییە بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی‌ لە تشرینی‌ یەکەمدا.

ئامانجی‌ شاسوار عەبدولواحید لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن وەک خۆی‌ دەڵێت ئەوەیە، جەخت لەوە بکاتەوە کە بەرژەوەندی‌ ئەمریکا لەوەدایە کە پشتیوانیی‌ لە دیموکراسی‌ بکات لە کوردستان، کە بەبڕوای‌ ئەو لەسەردەمی‌ ئیدارەی‌ ئۆبامادا وەک پێویست نەبوو. 

هەروەها دەشڵێت: "ئەمریکا تەرکیزی‌ لەسەر پرسی‌ دیموکراسی‌ لە کوردستان نەماوە و هەموو ئەوەی‌ خستووەتە مەترسییەوە کە لەدوای‌ 2003ـەوە دروستمان کردووە".

رۆژنامە ئەمریکییەکە پێشبینی‌ دەکات کۆنگرێسی‌ ئەمریکا گوێ لە شاسوار عەبدولواحید بگرێت کە دەڵێت: "چەند ئێمە هەڵبژاردنێکی‌ ئازاد و بێساختەکاریمان هەبێت، ئەوا چانسی‌ ناسەقامگیری‌ و توندوتیژی‌ لەناوچەکەدا کەمتر دەبێتەوە".

هاوکات رۆژنامە ئەمریکییەکە باسی‌ لە چیرۆکی‌ سەرکەوتنی‌ شاسوار عەبدولواحید کردووە وەک وەبەرهێنەرێک، هەروەها ئاماژەی‌ بەوەداوە کە دامەزرێنەری‌ یەکەم کەناڵی‌ سەربەخۆیە لەکاتێکدا هەموو دەزگا میدیاییەکان لە عيراق و کوردستان لەلایەن حکومەت و حزبە سیاسییەکانەوە کۆنترۆڵکراون.


AM:10:56:24/07/2017






ئه‌م بابه‌ته 2200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو