په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ به‌م جۆره‌ باسی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ حه‌كیم له‌ حزبه‌كه‌ی‌ و هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ ده‌كات

‌عەممار حەکیم

وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
په‌رله‌مانتارێكی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ندێك كێشه‌ی‌ ناوخۆیی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان شیعه‌كان و سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ هه‌بوو بۆیه‌ حه‌كیم ناچار بوو جیاببێته‌وه‌ و  ره‌وتیكی‌ نوی‌ دابمه‌زرێنێت.

د. ئه‌رده‌ڵان نورده‌ینی‌، په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا عه‌ممار حه‌كیم هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و پله‌ به‌رزه‌كانی‌ حزب لابرد و گه‌نجه‌كانی‌ هێنایه‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی‌ له‌ناو كوتله‌كان دروستكرد، بۆیه‌ به‌ناچاریی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ و حزبه‌كه‌ی‌ جێهێشت.

ناوبراو ده‌ڵێت "هه‌ندێك كێشه‌ی‌ ناوخۆیی‌ گه‌وره‌ له‌نێوان شیعه‌كان و سه‌ركردایه‌تی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ هه‌بوو بۆیه‌ حه‌كیم ناچار بوو جیاببێته‌وه‌ و  ره‌وتیكی‌ نوی‌ دابمه‌زرێنێت".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری‌ ره‌وته‌ نوێیه‌كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی‌ ئایاردا ئه‌نجام بدرێت، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ پارتی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا یه‌كێكه‌ له‌ لایه‌نه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ عیراق كه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ كێشه‌ی‌ زۆریان بۆ عیراق دروستكرد له‌ گه‌نده‌ڵی‌ تێوه‌گلاون.

نورده‌ینی‌ وتی‌: "زۆربه‌ی‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانی‌ سوننه‌ و شیعه‌ ده‌یانه‌وێت خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر شێوازی‌ پێشوو مه‌حاڵه‌ هاوڵاتیانی‌ عیراق ده‌نگیان پێبده‌نه‌وه‌".

دوێنێ له‌ وتارێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ له‌ حزبه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند و (ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی) دامه‌زراند و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق پێویستییه‌كی زۆری به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن كه‌سه‌ كارامه‌كانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێن.

وتیشی: "به‌ناوی ئێوه‌ به‌ناوی عیراقه‌وه‌ له‌ روانگه‌ی به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و مێژووی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ره‌وتێكی سیاسیی نوێنیه‌ و له‌ناوجه‌رگه‌ی ئازاره‌كانی عیراق و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م نیشتمانه‌وه‌ له‌دیكبووه‌ و هه‌موو متمانه‌ و ئازایه‌تییه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆگرتووه‌ بۆ دیاریكردنی داهاتووی گه‌له‌كه‌ی به‌ڕونی و ئازایه‌تی و راستگۆیی".

عه‌مار حه‌كیم وتیشی: "ره‌وتی حیكمه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك ده‌بێت كه‌ دانایی و عیراقی لێ بێت، پابه‌ندیشی به‌ میانڕه‌وی بۆ بنیادنانی ساسیه‌تی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی تا عیراق بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ شایه‌نیه‌تی".

هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ شیعه‌كان 180 كورسی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق هه‌یه‌ و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامیش 28  كورسی‌ له‌نێو ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌دایه‌.


AM:11:28:25/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 2334 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت