دادگای فیدراڵی بڕیار لە تانەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان دەدات

‌دادگای فیدراڵی عیراق.. فۆتۆ: ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
دادگای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری عیراق ئاشكرای كرد كە رۆژی پێنجشەممە 21ی حوزه‌یرانی 2018، چاو دەخشێننەوە بە تانەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان.


ئیاس ساموك، وتەبێژی دادگای فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد كە دادگای فیدراڵی كاتژمێر 10ی رۆژی پێنجشەممە 21ی حوزه‌یرانی 2018، چاو دەخشێنێتەوە بەو تانانەی پێشكەش كراون لە دانیشتنێكی ئاشكرادا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، تانەكان لەلایەن سەرۆك كۆمار، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لەسەر سێهەمین هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان پێشكەشكراون.

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لە دانیشتنی 6ی حوزه‌یرانی 2018، هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە، بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەستی تەواوی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و، هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و دەنگدانی تایبەتی هەرێمی کوردستان و دەنگدانی مەرجداری ئاوارەکانی عیراق، هاوکات کارەکانی كۆمسیۆن سڕكران و دادوەرەكان شوێنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و كۆمسیۆن دەگرنەوە.

دوای ئەوەی پەرلەمانی عیراق بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان و دەرەوەی دەركرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لە دادگای فیدراڵی سكاڵای تۆمار كرد. پارتی دەڵێ "بەو بڕیارە رازی نابین كە پەرلەمان داویەتی، چونكە پەرلەمان مافی ئەوەی نییە دەنگی خەڵك ھەڵوەشێنێتەوە".

سەرۆکایەتیی کۆماری عیراقیش لە بەیاننامەیەکدا رۆژی 31ی ئایاری 2018 رایگەیاند "سەرۆکایەتی کۆمار دادگای فیدراڵی راسپاردووە بە روونکردنەوەی دەستوور بەپێی ئەوەی دادگای فیدراڵی لایەنی بەرپرسە لە روونکردنەوەی دەستوور و ئەمەش رێزگرتنە لە دەسەڵاتی یاسا، بەهۆی ئەوەی لایەنی بنچینەییە لە پاراستنی یاسا و جێبەجێکردنی".
 
هــ. ر


PM:12:20:19/06/2018


ئه‌م بابه‌ته 1786 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو