كێشەكە پاشەكەوتی مووچەیە یان شتی تر؟!

‌شوان بەرزنجی

دەگوترێت دروستبوونی قەیرانی دارایی دەرفەتە بۆ بەخۆداچوونەوە و چارەسەركردنی كێشە و كەموكوڕیەكان، هەمان قسەش بۆ قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان كراو  گوترا ئەم قەیرانە  زلەیەكی میهرەبانیە، ئایا بەڕاستی ئەو زلە میهرەبانە ئێمەی بە ئاگا هێنایەوە؟.

لەسەرەتای ساڵی 2014  بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و هاتنی بەلێشاوی  ئاوارەكان بۆ كوردستان قەیرانی سەخت و ناخۆش بەرۆكی ئێمەی گرت، ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حیسابی بۆ نەكرابوو ئەو ملیۆنەها دینار ودۆلارەی گوێمان بە خەرجكردنی نەدا بوو كە لە بنەڕەتدا پێویست نەبوون و خەرجیشمان كردبوو لەم قەیرانەدا بینەقاقای  گرتین. ئەو بێ پلانەی كە هەمان بوو ، ئەو پینەو پەڕۆیەی كردبوومان ئەمجارە هەموو عەیبەكانی بەدەرخستین، ئەو بەلێشاو  دامەزراندنەی فەرمانبەران كە كردبوومان هەمووی بەرنگارمان بوویەوە، ئەو خەرجیانەی كە تەنها بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی خۆمان بوو لەم  قەیرانەدا زۆر ئازاری داین.

ئەوەی لە بیری دانەبووین و تەنها بخۆ و بڕۆمان بوو ئەمجارە بووە دەستێكی بەهێز و زلەیەكی لێداین كە پێی دەڵێن زلەی میهرەبانی، ئاخۆ ئەو زلەیە بۆچی  كاری لێ نەكردوین و كورد گوتەنی: نە بای دێت و نەباران!.

ئەگەر سەیر بكەین ئەو رێگا چارەسەریانەی گرتومانەتەبەر بۆ بەرەنگاربەنەوەی قەیرانی دارایی لە ئاستی ئەو دۆخە دژوارە نین كە تیایداین. كێشەكە لە بنڕەتدا پێوەست نیە بە پاشەكەوتكردنی مووچە و كەمكردنەوەی چەند فەرمانگەیە، بەڵكو كێشەكە بە شێوەیەكی ترە كە ڕەنگە كەمتر دركی پێ بكرێت.

بێگومان دەبێت فۆڕمێكی تر بكەینە جێگرەوەی حكومڕانی ئابوری و كارگێڕین ئیتر بە شێوەیەك  چاكسازی و ڕیفۆرم بكەین كاریگەری ئەو زلە میهرەبانیەمان بەسەرەوە بێت، نەك بڵێن فەرموو زلەیەكی تریشمان لێ بدە!؟.

كاتێك داهاتی نەوتمان كردە مووچە و خواردمان و ژێرخانمان دانەمەزراند و هەلی  كارمان فەراهەم نەكرد و ئاستی بەرهەمی خۆمان بەرز نەكردوە، ئیتر كاتی خۆیەتی لە دوای زلەی میهرەبانی لەخەمی ئەوە دابین، نەك بێین رسومات و باجی سەر شۆفێران زیاد بكەین و بە هەرزاران  كۆمپانیای زەبەلاحیش بۆ چەندین ساڵ لە باج ببەخشین.

لە كاتێدا لە ساڵی 2007 پێویستمان بە ملیۆنێك دۆلار بوو بۆ بونیاتنانی ژێرخانی كارەبا نەمان كرد و هاتین  دەبەرابەر ئەوە پارەمان دایە خەرجی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ئیتر كاتی ئەوەیە ئەو فۆڕمە بگۆڕین وهەر بەدوای پارە خەرجكردن بین و گوێ بە ژێرخان نەدەین.

بێگومان كاتێك زلەی میهرەبانی بەئاگامان نەهێنێتەوە ترسم لەوەیە زلەیەكی ومان بەركەوێت ئیتر هەر قیت نەبینەوە و زۆریش پەشیمان بینەوە، ئێستاش كاتی زۆرمان لە پێشە و دەرفەتی باشمان هەیە و كەرستەی باشمان هەیە بۆ ئەوەی  واقیعێك دروست بكەین پێویستی بە هیچ زلە و شەقێك نەبێت.


PM:04:54:14/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3419 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی