با هه‌موو بۆنه‌كان بۆ ته‌بایی بقۆزینه‌وه
نه‌زهه‌ت حالی
به بۆنه‌ی گیانسپاردنی خوالێخۆشبوو نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو هاووڵاتیه‌كی ئه‌و هه‌رێمه پرسە و سه‌ره‌خۆشی له بنه‌ماڵه و كه‌سوكار و دۆست و هه‌وادارنی دەكه‌م، كاك نه‌وشیروان مستەفا وەکو کەسایەتیەکی سیاسی ساڵانێكی دور و درێژ له بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد و له ئەزموونی حوكمرانی باشووری كوردستان بەشداربووە و ڕۆڵی هه‌بووه، وه‌كو هه‌موو سیاسیه‌كان خاوەن جەماوەری خۆی بووە هه‌م هه‌واداری هه‌بووه و هه‌م كه‌سانێكیش له‌گه‌ڵی هاوڕا نه‌بوون، کەئەوەش سروشتی ژیان وسیاسەتە .
به‌ڵام دڵنیام زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی هاوڕا نه‌بوون به مه‌رگی ئه‌و خۆشحاڵ نه‌بوون، به تایبه‌ت له‌و دۆخه هه‌ستیار و مێژووییه‌دا دڵسۆزانی نه‌ته‌وه و نیشتمان خوازیاری ئه‌وه بوون كاك نه‌وشیروان كۆچی دوایی نه‌كردبوایه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌كو ڕێكخه‌ری بزاڤێكی سیاسی له هه‌رێم ڕۆلی له چاره‌سه‌ر كردنی كێشه سیاسیه‌كان و له ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هه‌بووایه.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كه‌سه نزیكه‌كانی كاك نه‌وشیروان، زیاتر له‌و كاته‌ی كه ئه‌و له ژیاندا مابوو ده‌رك به هه‌ستیاری بارودۆخه‌كه و به‌رپرسیارێتی سه‌رشانیان بكه‌ن، كوردستانیان هیوای زۆریان به‌و كهسایەتیە شایستانەی نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و گشت لایه‌نه سیاسیهكانیتر هه‌یه كه گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێكی پێویست ئه‌نجام بده‌ن لە چەقبهستووی سیاسی‌دا بەمەبەستی چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه و گرفته سیاسیه‌كانی هه‌رێم، به ڕێگای دیالۆگ و دانوستاندنی سیاسی ڕاسته‌قینه و به دور كه‌وتنه‌وه له هێرشی میدیایی بۆ سه‌ر یه‌كتری.
پێم وایه كێشه و گرفته سیاسیه‌كانی هه‌رێم به‌و شێوه‌یه كه هه‌موو هه‌ڵه و كه‌مووكوڕییه‌كان به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ و له هه‌موو شوێن و له هه‌موو بۆنهیهكیش بخرێنه ئه‌ستۆی لایه‌نێكی سیاسی وه‌كو پارتی چاره‌سه‌ر نابن و شێوازێكی ناڕاست و ناته‌ندروسته .
به‌رده‌وامی دان به‌و شێوازه نادروسته‌ی تاوانبار كردنی پارتی به ڕه‌هایی خزمه‌تی كوردستان ناكات، چونكه ئه‌وه پارتی نیه كه به ته‌نیا به‌رپرس بێت له هه‌موو كێشه و گرفته‌كان، هاوڕای گشت ئه‌و دڵسۆزانه‌م كه ڕه‌خنه‌ی بنیاتنه‌ری بابه‌تیانه له پارتی و گشت لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌گرن، له دڵه‌وه دژی گه‌نده‌ڵین و حه‌ز به ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و كارگێڕى ده‌كه‌ن و ته‌نیا قسه ناكه‌ن و خاوه‌ن كردارن، به‌ڵام زۆر هه‌ڵه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وا بیر بكه‌نه‌وه كه حزبێكی گرنگ و به‌هێزی سیاسی وه‌كو پارتی به هێڕشی ناڕه‌وا زۆر لاوز ده‌بێت و له نێو ده‌چێت، پارتی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی قوڵی له نێو كۆمه‌ڵگای كوردستان داكوتاوه و پارتی بوون بۆ به‌شێكی زۆر له كوردستانیان بووه‌ته فه‌رهه‌نگی كوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیخوازی و ده‌وڵه‌تسازی، هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌ركی پارتی و پارتیه‌كان له هه‌مووان قورستره و ده‌بێت گیانی لێبورده‌یان زۆرتر، كار و تێكۆشانیان زیاتر و زمانی دیالۆگ و نوسینیان جوانترین بێت و بێڕێزی به كه‌س نه‌كه‌ن.
ئه‌ركی دڵسۆزه ڕاسته‌قینه‌كانی نێو گشت لایه‌نه سیاسییه‌كانه كه ڕێگه له‌و شێوازه هێڕشه ڕاگه‌یاندنه مه‌ترسیداره كه زیانی زۆری بۆ ئێستا و داهاتووی گه‌لی كوردستان هه‌یه بگرن، ئه‌و شێوازه كه‌سانێك په‌روه‌رده ده‌كات كه ده‌رونیان پڕ بێت له ڕق و كینه و ڕێز له هیچ پیرۆزییه‌كی نه‌ته‌وه و نیشتمان نه‌گرن .
پێم وایه لەو قۆناغەدا، وەکو کورد پێویستیمان به قۆستهنهوهی هه‌موو بۆنه خۆش و ناخۆشه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌كتری نزیكتر بین و خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ین به بنه‌ما و ته‌با بین، هه‌روه‌ها پێویستیمان به قبوڵ كردنی یه‌كتری و ڕێكکه‌وتنێكی هه‌مه لایه‌نه و پێكه‌وه تێكۆشان هه‌یه بۆ پاراستنی كوردستان و بۆ گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی.
PM:06:39:21/05/2017
ئه‌م بابه‌ته 2123
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی