ئەزموونەکەی خەلیج بوو بەم دەردەی بردین!

‌جەمال پیرە

یەکێک لەو هۆکارانەی ئەزموونی هەرێمی کوردستانیان بەم دەردەبرد کە دەیبینین، ئەو هەنگاونانە خەلیجییە بوو، زۆر ناسیاسییانە و بێ پلانانانە دەستمان پێکرد، هەنگاوەکانی بونیادنانی ئیمپراتۆرییەتێکی ئابوریی، بەئەقلیەتێکی خۆسەپێن و تەواو حزبیی، دوور لەهەستی نیشتیمانی و نزیک لەپلانی دەوڵەتانی داگیرکەر!

هەر زوو دیاربوو خاوەن بڕیارەکانی ئەم پڕۆژەیە لەوە تێنەگەیشتبوون بونیادنانی وەها ئیمپڕاتۆریەتێک، لەم سەردەمەدا مەحاڵە بەبێ رەزامەندی خەڵک بێتەدی! نەیاندەزانی قەوارەیەکی وا زەبەلاحی ئابوریی بەتەنها لەبەرژەوەندی دەستەبژێرێکی سیاسی بێت، مومکین نییە وابەئاسانی بەسەرپشتی رەشوڕووتدا تێپەڕێت!

لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێین ئەزموون و ئاراستە فیکرییەکانی خەلیج لەواقیعدا بە دوو شێوە کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و جیهانی ئیسلامیدا داناوە، شێوەیەکیان رووە ئابورییە پیترۆ-خێڵەکییەکەیە، کە تەواوی پرستیژ و هەیمەنەی سیاسی و ئابوریی و سەروەت و سامانە سروشتییەکەیان رادەستی زلهێزەکان کردووە، تەنها لەبەرامبەر مانەوەو بەردەوامیدان بەدەسەڵاتی میرەکانیان!

شێوەکەی تریشیان دانانی کاریگەرییە کەلتورییە بەدەوییەکەیانە لەژێر ناوی ئاین و ئایندارییەوە بەسەر جیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە دۆخە سیاسی و ئیدارییەکانیان ناسەقامگیرە!

هەڵبەتە هەر لەسەرەتاوە هەموو ئەوانەی بەوردی چاودێریی بارودۆخەکەیان دەکرد دەیانزانی ئەم ئیمپراتۆریەتییەی بانگەشەی بۆدەکرا، بەرلەوەی لەدایکبێت چارەنوسەکەی ماڵوێرانییە، دەیانزانی ئەزموونی خەلیج لەکوردستاندا جێگەی نابێتەوە، لەبەر چەندین هۆ.

لەوانە بوونی جیاوازی ریشەیی لە ئەقڵیەت و بیرکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەردوو کۆمەڵگای خەلیجی و کوردستانی، هەروەها جیاوازی کات و سەردەمی راگەیاندنی دەوڵەتی سەرۆک هۆزەکانی دوورگەی عەرەبی، ئەوان کە لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانیدا ئینگلیز دەستیگرتوون و لەدوای زەقبوونەوەی شەڕی ساردی نێوان هەردوو جەمسەری سۆسیالیستی و سەرمایەدارییدا، وردتر لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا، بوون بەخاوەنی چەند قەوارەیەکی فەرمی خێڵگەرا لەژێر ناونیشانی دەوڵەتی دانپێدانراو...

هەرچی کوردستانە کەلەو سەردەمەدا سەرگەرمی شۆڕش و راپەڕین و بەرەنگاربوونەوەکان بوو، بەرژەوەندییەکانی هەردوو جەمسەرەکەی دنیا بواری هەنگاوی لەمشێوەیەیان پێنەدا.

ئێستا لەگەڵ ئەوەی مۆدێڵی دەوڵەت و دەوڵەتداری لەدنیادا گەیشتۆتە قۆناغێکی دیکەی زۆر جیاواز لەبیرکردنەوە ناسیۆنالیستییەکانی سەدەی نۆزدەی ئەوروپا و سەدەی بیستەمی دنیای نائەوروپی و کۆتاییهاتنی جەمسەرە شکستخواردووەکەی، کە بەحساب نوێنەرایەتی ئاراستەی سۆسیالیزمی دەکرد، ئێمە نەمانتوانیوە لەو جۆش و خرۆشەی سەدەی نۆزدەیەم لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بەرامبەر بەچەمکی دەوڵەت هەبوو، رزگارمان بێ!

لێرەدا بەهیچ شێوەیەک مەبەستم ئەوە نییە بڵێم دەوڵەت وەک کاراکتەر و فاکتێک بایەخی نەماوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پێموایە دەبێ خۆمان بگەیەنینە ئەو ئاستەی بایەخی دەوڵەت و دەوڵەتداریی لەپێشەوەدابنێین، بەڵام بەئەقڵیەتی نەتەوەپەرستانە و بەشێوازە بسمارکییەکەی نا، کە بەدڵنیاییەوە زۆر کەس هەم لەوانەی بەرژەوەندیی شەخسی دەیانبەستێتەوە بەئاراستەی بانگەشەکاریی دەوڵەتداری بەشێوازە کلاسیکییەکەی، هەمیش ئەوانەی بەنۆستالیژیای خاک و خوێن مەستبوون، لەم پەنایەدا دەروێشانە پرسەکە هەڵدەسەنگێنن!
   
ئەوەی کە لەدەرەنجامەکانی ئەم هەنگاوە خەلیجییەی دەستمانپێکرد چنیمانەوە، دواجار خۆیان لە قەیرانی دەسەڵات و گەندەڵی و ناتەبایی سیاسی بینییەوە، کە لەراستیدا تا ئەوکاتەی ئەم ئاریشانە بەردەوام بن زۆر زەحمەتە خەڵک باوەڕ بەدروشمی قەبەو زەبەلاحی وەک راگەیاندنی دەوڵەت و ئابوری سەربەخۆو قەوارەی خۆمانە بکات! تەنانەت ئەگەر دروشمەکان لەناخی دڵیشەوە بن!

لەمبارەیەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەک جارێک، بگرە ھەزار جاریش ھەقی خۆیانە ڕەخنە لەسەرکردایەتی سیاسی بگرن، بەوەی کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە لەبەر خاتری بەرژەوەندی حزبی و ململانێی ناتەندروستی سیاسی و کۆنتڕۆلکردنی نەوت و داھاتەکەی، هەم ناوبانگ و مێژووی دەستکەوت و دامەزراوە دیموکراسییەکانی کردە قوربانی و هەمیش پەیوەندی لەگەڵ بەغدا تێکدا و دەرگای گفتوگۆکانی داخست، سەرەنجام بینیمان خەڵک چۆن توشی ئەو نەھامەتییەی ئێستا بوو!

ئەوان کە نەیانزانی داخستنی دەرگاکانی گفتوگۆ بەھیچ شێوەیەک خەسڵەتی کاری سیاسی و دیپلۆماسی نییە! ئێستایشی لەگەڵدا بێ شێوازی رقی حزبی و هەستی دوژمنکارانە کەوتۆتە نێوان هەولێر و بەغداوە، زۆر بەڕاشکاوی دەتوانین بڵێین لەمەدا هەردوولا هێشتا تێنەگەیشتوون لەوەی سیاسەت واتە وتوێژو رێککەوتن، نەک شەڕو ئاژاوەو دوورەپەرێزیی!

ئەوەی بۆ خەڵک بووەتە جێی سەرسوڕمان، ئەوەیە چۆن دەکرێ بەم شێوەیە لە کونێکی زۆر بچوکەوە سەیری ئایندە بکرێت؟ یان تاسەر ڕەشبین بین پێمانوابێ ژیانی سیاسی لەلەحزەیەکدا وەستاوەو بەگەڕ ناخرێتەوە!

ئێمە حاڵیحازر لەقۆناغێکی زۆر هەستیارداین، لەوەناچێ هیچ هەوڵێک سەربگرێ مەبەستی بێ بەپینەوپەڕۆ، قەیران و خراپبوونی دۆخەکە داپۆشێت، زۆر بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر بڕیارە لەخەمی ژیانی خەڵکی کوردستاندا بین و لاسایی خەلیجییەکان بکەینەوە، تەنها ئەوەمان لەبەردەمدایە لەرووی خزمەتکردن و باشکردنی گوزەرانی خەڵک، وەک ئەوان بین و بۆمان بڕواتە سەر، وەکو تر مەحاڵە بتوانین شێوازی ئیدارەدان و سیستمی سیاسی ئەوان لەکوردستاندا کۆپی بکەین!

لەراستیدا هیچ رێگایەکی دیکەی گونجاومان لەبەردەمدا نییە، تەنها ئەوەنەبێ بڵێین پێویستە کەیسی نەوتەکەمان شەفاف و ڕوون بێت و چیتر ژیانی خەڵک نەکرێتە قوربانی ململانێی حزبی، دەبێ هەرچی زووە کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان کۆتایی پێبهێنین و رێز لەدیموکراسی بگرین و پرسی پۆست و پلە و پایەکان چارەسەربکەین و پەڕلەمان بەگەڕ بخەینەوە و سەرجەم لایەنەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆو ئاشت ببنەوە....

ئەگەرنا بڕوا ناکرێت ئیدی دەرفەتی ئەوە مابێ لەلایەک درێژە بەدۆخی خراپ ئیدارەدان بدەین و لەلایەکی دیکەش خۆمان وانیشانبدەین ساز و تەیارین بۆ راگەیاندنی دەوڵەت!  


PM:04:43:25/01/2017

ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی