گەر ئێستا دەوڵەتین، دەوڵەتمان بۆچیە؟

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

لەوەتەی مەسەلەی ریفراندۆم وەک ئالیاتێک و ھەنگاوێکی جددی بەرەو سەربەخۆیی بوەتە ئەجندای سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، بەشداریەکی ھەمە لایەنەی کەسانی سیاسی و قانونی و سەربازی و ڕۆشنیران لەسەر ئەم پرسە دەستی پێکردوە و ھەموان بۆچوونی خۆیان تۆمار دەکەن. موناقەشە ی گەرم مەیدانی ئەسپتاودانی ڕادەربڕینی قەرە باڵخ کردوە.

سنووری جوگرافیایی: ھەر لە سەرەتای نوسینەوەی دەستوری عێراقیەوە ھەتا ئێستا بۆچوونی جیاواز لەسەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە. عەرەبە شۆڤێنیستەکانی عێراق و بگرە ھەندێک لە ھاوبیرانیان لە وڵاتانی دەستەخوشکی عەرەبی، خانەقین و کەرکوک و شنگال (بە ڕوبەرە درێژکراوەکانیشیانەوە) بە بەشێک لە سنووری کوردستان نازانن.

ماددەی 140 وەک ئەوەی بووبێتە مێژوو، ھیچ کەس حسابی بۆ ناکات. ئێران و تورکیا حساب بۆ ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان ناکەن و، کەی ئارەزویان بوو ھێزی سەربازی جوڵە پێ دەکەن و تەعامولی حەوشەی ماڵی خۆیان لەگەڵ سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوە تۆپباران و بۆمباباران لەولاوە بوەستێت.

ئاڵا: لە پاش ڕاپەڕینە وە ووردە ووردە شەرمی نەتەویمان شکاند و لە سەرەتادا بە ترسەوە و، پاشان بە ئاشکرا و بە شانازیەوە ئاڵای چوار ڕەنگی کوردستانمان بەرز کردەوە. بەڵام لە کۆڕ و کۆبونەوە پڕۆتۆکۆلیەکاندا ئەم ئاڵایە بە مەرجێک مافی ھەڵکردنی ھەیە، کە وەک برا بچوک لە پاڵ ئاڵای عێراقدا بوەستێت. ئەوە جگەلەوەی لە ھەندێک وڵات ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان قەدەغەیە و، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش ھەتا ئێستا ئاڵاکەمان بە فەرمی ناناسێت.

پارلەمان: لە ھەرێمی کوردستان پارلەمان دامەزراوەیەکی قانونگوزاری سەربەخۆ نیە. ھەرچی لە پارلەمان دەگوزەرێت و دەگوترێت و بڕیاری لەسەر دەکرێت، ھەتا دوا بەھارات و ترش و خوێی لە سەرکردایەتی حیزبەکانی ئێمە کوڵێنراوەو لە ھۆڵی پارلەمان جێبەجێ دەکرێت، بە گەلە کۆمەکیەکەی ٢٠١٥/٦/٢٣ یشەوە. ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن ھیچ محەلێکی لە ئیعرابدا نیە. ئەندامانی پارلەمان ئەو کەسانەن کە ھیچ بڕیارێکیان بەدەست نیە.

حکومەت: لە پێش پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق (٢٠٠٣) ھەرێمی کوردستان بە ئاشکرا لە دوو ئیدارەی سلێمانی و ھەولێر پێکھاتبوو. لە دوای (٢٠٠٣) شەوە ھەندێک شتی تەشریفاتی و ڕوکەشی لێ دەرچێت، ھیچ لە مەسەلەکە نەگۆڕاوە و، دوو ئابوری، دوو لەشکر، دوو دەزگای ھەواڵگری و... بە کورتی دوو حکومەت لە ھەرێمی کوردستاندا لە ئارادایە، کە ھیچ کاممان و پێکەوەش بە مانای کەلیمە موئەسەساتی نین.

ئایدۆلۆژی: بیری ناسیۆنالیستی وەک ئەوەی (کە تەنانەت) لە ناو چەپ و کەسانی ئایینی لە ئێران، یان لەبابەتی ئەڵمانیای سەردەمی بیسمارک و ئیتالیای سەردەمی گاریباڵدی، حیزبی بەعس لە عێراق و سوریا و ناسریزم لە میسر ھەتا ئێستاش لە کوردستان پەرەی نەسەندوە. بیری ناسیۆنالیستی ھەر بەوە نابێت بڵێین: کوردستان دەبێت سەربەخۆ بێت. ئایدۆلێژیای سیاسی دەبێت تیۆریزە بکرێت ئینجا دەبێتە (فکر).

لە باشوری کوردستان ئەو ھەوڵەی لێ دەرچێت کە لە کۆتایی پەنجاکاندا دراوە کە تەنھا ھەوڵێکی ڕێکخراوەیی سیاسیە کە داتاشرراوێک لە حیزبی شیوعی نەبێت، ناسیۆنالیزم تیۆریزە نەکراوە. لێرەدا کە وادەڵێین، ھەوڵەکانی ھەندێک لە شاعیران و مامۆستایانی ئایینی و، کەسانی وەک مامۆستا مەسعود محەمەدی کۆیی بۆ ھۆشیاری و بە ئاگا ھێناننەوەی نەتەوەیی بەرز دەنرخێنین.

بەڵام ھیچ کام لەم ھەوڵانە بەقەدەر لاپەڕەیەکی نوسینەکانی فیختە (فەیلەسوفی ئایدیالیستی ئەڵمانی) کاریگەریان نەبوە ( ھەرچەندە وەک کەسێکی نەتەوەیی وشەیەکی ھیچکام لەو شاعیر و مامۆستای ئایینی و نوسورانەی کورد بە ھەموو نوسینەکانی فیختە ناگۆڕمەوە).

بە کورتی: ئەگەر ئەو شتانەی لەسەرەوە باسمان لێکردن نیشانەی دەوڵەت بێت، ئەوا ئێمە ھیچکامێکیمان بە تێرو تەسەلی نیە. ھەر بۆیەش بۆ ئەوەی ئاڵا و پارلەمان و حکومەت ببنە شتی ڕاستەقینە... بۆ ئەوەی خۆشەویستیمان لە حیزبەوە ببێتە خۆشەویستی بۆ نیشتیمان، دەبێت دەوڵەتمان ھەبێت.

دواجار خوێندنەوەیەکی پۆست مۆدێرنە بۆ کۆمەڵگایەک کە پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینیەکانی (بە نزیکی) لە بابەتی ئەوەی سەدەی 18 ی ئەوروپایە، یان نەشارەزاییە یان نامۆییە بەم کۆمەڵگەیە. خۆ ئەگەر قەرار بوایە کۆمەڵگەیەک بە بەکارھێنانی مۆبایل و ئینترنێت و کەمپیوتەر ببوایەتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنە، ئەوا ھەندێک لە خێڵ و قەبیلەکانی ئەفەریقا کە ھەتا ئێستاش لە ھەل و مەرجی سەرەتایی شارستانیەتدا دەژین ھیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ دانیشتوانی بەرلین و پاریس و لەندەندا نەدەبوو ( ھەرچەندە لە ھەندێک ڕوەوە لەوانەیە زۆر لەوانیش خۆشبەخت تر بن).


PM:05:54:28/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 3248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی