سندوقی کۆمەک و هاوکاری جێگای سندوقە گەورەکە ناگرێتەوە

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

لەهەرێمی کوردستانداکارکردن بۆ دروستکردنی سندوقی جۆراوجۆر لەهەڵکشان و زیادبوندایە لە وێنەی سندوقی کۆمەک ، هاوکاری ، خێروخێرخوازی ، یارمەتی و ..... هتد .

باشە بەویژدانی کێ ڕەوایە هەرێمێک کە خاوەنی دەیان سامانی سروشتی سەر زەوی وژێر زەوی بێت وەک سوتەمەنی وئاسن ،بەردی بەنرخ و مس ، گۆگردو ئاڵتون و یۆرانیۆم ، هەرێمێک کەخاکەکەی هێندە بەپیت بێت دووئەوەندەی دانیشتوانەکەی بتوانرێت بەروبومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم بهێنرێت و لەدوای وڵاتی سودان خاوەنی باشترین زەوی کشتوکاڵی بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا ، هەرێمێک بەتەنها زۆر زیاتر لەوڵاتانی وەک ئوردن وئیسرائیل ئاوی سەروژێر زەوی هەبێت.

هەرێمێک هەموو ڕەگەزەکانی گەشتیاری بەزیادەوە هەبێت وبەکەمترین تێچون بکرێتە باشترین شوێنی گەشتیاری ناوچەکە، هەرێمێک هەڵکەوتەکەی وابێت کە زۆر شیاوبێت بۆ پێشخستن وگەشەکردنی کەرتەکانی پیشەسازی وبازرگانی .

ئایا بۆ دەبێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەجیاتی برەودان و دانانی پلان ونەخشەڕێگا بۆ ئەو هەموو بوارانەوکردنیان بەسەرچاوەی کۆکردنەوەی داهات ودۆزینەوەی هەلی کاربۆ ئەو بێکارە زۆرو زەوەندانە ،و دابینکردنی ژیانێکی تەندروست وپێشکەشکردنی  خزمەتگوزارییەکانی ژیان  ،کەچی ڕۆژێک گوێ بیستی دانانی سندوق بۆ کۆمەکی نەخۆش و ڕۆژێکی تربۆهاوکاریکردنی توێژێکی تری کۆمەڵگاو تەنانەت سندوقی هاوکاریش بۆ ڕێکخراوی هەمەچەشن ، بەداخەوە لە ۲۷ ـ ۳ کەهاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی  جیهانی شانۆ گوێ بیستی دانانی سندوقێک بوین بەناوی سندوقی هاوکاری بۆ شانۆ .

بەشی زۆری ئەم سندوقانە کەدانراون لەدڵسۆزی هاوڵاتیان و توێژی تایبەندمەندەوەیە بەو کارانەوە ، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی دروستکردنی سندوقەکان دەگەڕێتەوە بۆ بێ باکی و بێ پلانی حکومەت و دەستەوەستانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ، گەر نا چۆن دەبێت نەخۆشێک چاوەڕێی پارەی سندوقێک بکات تالێوەی هاوکاری وچارەسەری بۆبکرێت ، چۆن دەبێت توێژێک لەکارمەندانی دەوڵەت چاوەڕێی هاوکاری ڕێکخراوێکی بیانی بکەن بۆ یارمەتیدانیان  ، چۆن دەبێت پێشخسننی هونەری کوردی وشانۆ پشت بەهاوکاری نێو سندوقێک ببەستێت  ، ئەمەلەکاتێکدایەئەم حکومەتەجگە لەوەستاندنی پڕۆژەوبازاڕەکانی کوردستان، گیرفانی فەرمانبەران وموچەخۆرەکانیشی لەبەتاڵ بەتاڵترکردوەتەوە بەجۆرێک گەر فەرمانبەرێک کەچارەکە  موچەی بەپێی ئەم سیستمە دانسقەیەی حکومەتی هەرێم  وەرگرتبێ ئەوا لەماوەی ساڵ ونیوێکدا تەنها کەمتر لەچوار موچەی تەواوی جارانی وەرگرتوە و ژیانێکی مەمرەومەژی گوزەراندوەو بەسەر بردوە .

بۆیە بەبڕوای من لەبڕی دروستکردن وبڕیاردان لەهەموو ئەو سندوقانەی کەناوی هەنێکیان هاتوە ،باشترە لەلایەن هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەوانەشی بیرۆکەی دروستکردنی سندوقی دیکەیان هەیە فشاروگوشارلەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانیان دروست بکەن کەلە جیاتی ئەم هەموو سندوقی کۆمەک وهاوکارییە کەلەزۆرێک لەشوێنە گشتیەکان دانراون بۆکۆکردنەوەی کۆمەک ویارمەتی ،باشترە کەبڕیابدات بە دروستکردنی سندوقە گەورەکەی داهات (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەکان ) کەپەرلەمانی کوردستان دوو ساڵ لەمەوبەرو لەبەرواری ۱ ی نیسانی ۲۰۱٥ دا کردیە یاسا ، واتا کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی نەوت وگازی کوردستان کە تائێستاش پڕۆسەکە بەیەکێک لەپڕۆسە ناشەفافەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت ، وە جگە لەچەند کەسێک کەلەپەنجەکانی دەستێکیش کەمترن نازانرێت داهاتی ڕۆژانەو مانگانەی پڕۆسەی هەناردە و فرۆشتنی سوتەمەنی هەناردەکراو چۆن و چەندە ؟

وەبەدڵنیاییەوە گەر پرۆسەکە ڕوون وشەفاف بێت و سەرجەم داهاتە نەوتی وگازییەکان بەهەرجۆرە دراوێک کە دەفرۆشرێت بخرێتە نێو سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەکان ، بەواتایەکی تر بەگێڕانەوەی تەواوی داهاتەکان بۆ نێو سندوقەکە و شەفافی پڕۆسەکە ئەوا دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوی سەرجەم داهاتەکانی سوتەمەنی کەلەئێستادا گرنگترین سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتە لەهەرێمی کوردردستاندا.

بۆیە دەبێت هەمووان ئەو ڕاستیە زۆر باش بزانین کەچەندە سندوقی کۆمەک وهاوکاری هەیە لەهەرێمدا و ژمارەکانیشی چەندین هێندەی تر زیاد بکات ناکاتە چارەسەرکردنی بنەڕەتی وڕیشەیی کێشەو گرفتەکان کەسندوقەکانیان بۆ دروستکراون بەڵکو جۆرێکە لەپینە پەڕۆکردن  ، بۆیە گەر دەمانەوێت چارەسەری تەواوەتی بۆ بدۆزرێتەوە دەبێت هەوڵەکان بۆ دروستکردنی سندوقە گەورەکە چڕتر بکرێتەوە ، چونکە گەر بەشێوازێکی دادپەروەرانەو پێویستبونی هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکان داهاتی نێو سندوقەکەخەرج و دابەشبکرێت ئەوا هێندە داهاتەکە زۆرە کە سەرجەم هاوڵاتیان دەتوانن لە داهاتی سوتەمەنی و سامانی سروشتی و ژێر زەوی خۆیان وەک یەک سود مەند ببن ، ئەو کاتیش هاوڵاتیان تا ڕادەیەک خۆیان بە ئاسودە دەزانن کەلەسامان وسەرچاوەسروشتیەکانی هەرێمی کوردسنان پشکیان هەیە ،  وە دەشبێتە سەرەتایەک بۆ بە دامەزراوەیی کردنی دام و دەزگاحکومیەکان وڕاییکردنی کاروبارەکان بەشێوازێکی سەردەمیانە ، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بێدەنگ بین و حکومەت ناچارنەکرێت بەبەرکارکردنی یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان کەمن ناوم لێناوە سندوقە گەورەکە ، ئەوا دروستکردنی سندوقە بچوک و هەمەجۆرو لاوەکیەکان لەزیاد بوندا دەبن و چارەسەری کەمترین کێشەو گرفتەکانیش دەکات ، ئەمەجگە لەوەی کەحکومەت وبەرپرسەکانی بێ باکتر دەبن وخۆیان زیاتر دەکەنە کەڕڕەی شەربەت لەئاست قەیرانەکاندا. لەکۆتایدا جارێکی تریش  دەیڵێمەوە تکایە با لەجیاتی دروستکردنی ئەم هەموو سندوقە جیاوازانە  فشاری زیاتر دروستبکرێت وکاری جدیتر بکرێت بۆ دروستکردنی سندوقە گەورەکە بۆ خزمەتی هەموان بێ جیاوازی،و بسندوقی کۆمەک وهاوکاریش نەکرێتە بەدیلی سندوقە گەورەکە .



PM:10:41:29/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 2318 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی