سلێمانی خەریکە خاوەنی بۆ پەیدا دەبێتەوە
ئاوات عەبدولخالق
سلێمانی، شارێک کە لە ئێستا و ڕابردوودا شوناس و نازناوی زۆری لەخۆ گرتووە، دوو لەو نازناوانە کە بوونەتە وێردی سەر زمانی هەمووان "شاری هەڵمەت و قوربانی و پایتەختی ڕۆشنبیریی"یە، دەکرێت بۆ یەکەمیان لە ڕووی سیاسییەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین و بۆ دووەمیشیان لە ڕووی کاری ڕۆژنامەنووسی، هونەریی و بوونی بەردەوامی چەندین نووسەر و شاعیر، کە کاریگەرییان لەسەر هەموو بەشەکان و شارەکانی کوردستان هەبووە، لە ڕووی خزمەتگوزاریی و ئیدارییەوە هەڵوێستەی لەسەر بکەین.
زۆر دوورنا، ئەم شارە لە دوو ساڵی ڕابردوودا کەوتە بەر بەرداشی ململانێیەکی سیاسی و ئیداری کوشندە، بە جۆرێک خەریکبوو هەردوو شوناسەکەی لەدەست بدات، کار گەیشتە ئەوەی هەندێک کەس بە شارێکی "بێ خاوەن" لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسیان دەکرد و ناویان دەبرد.
لەڕووی سیاسییەوە کێشە و ناکۆکی و ململانێی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شارەکەی غەرقی بێمتمانەیی و پەراوێز خستن کردبوەوە، هەر لایەنە و بەلای خۆیدا بایدەدایەوە و کەسیان سازشێکی هاکەزاییان نەدەکرد بۆ ئەوی تریان و مەترسی لەسەر تێکچوونی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڕەشەی لە هاوشارییان دەکرد، هەر لەو نێوەندەشدا هەندێک لایەنی تریش بە دروشمی نە دۆست و نە دوژمن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، لەدوورەوە تەماشای مەرگی سیاسی شارەکەیان دەکرد.
سەرئەنجام بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، سەرەڕای هەبوونی تێبینی لەسەر ڕێککەوتنەکە، بەهەرحاڵ کەمێک ئارامی و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەر قەراربوو و تا ڕادەیەکی باشیش شوناسی یەکەم بۆ شارەکە گەڕایەوە کە شاری هەڵمەت و قوریانییە و خەڵکەکەشی کەمێک ئارامی دەروونی بۆ گەڕایەوە.
بۆ نازناوی دووەهەمیشی کە پایتەخی ڕۆشنبیرییە، ئەمەشیان هەر بەهەمانشێوە لە ڕووی ئیداری و خزمەتگوزاریی و چالاکی هونەریی ڕۆشنبیریی، بەهۆی ململانێی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەلایەک و لە لایەکی دیکەشەوە پارتی کە جڵەوی حکومەتداری بەدەستەوە بوو، ئەم شارە ڕۆژانێکی زۆری دوور لە خزمەتگوزاریی و کێشەی ئیداریی تێپەڕ کرد و تەنانەت بەشی زۆری پۆستە خزمەتگوزاریی و یەکە ئیدارییەکان بە وەکالەت و مەحسوبیەت بەڕێوە دەبران، کە ئەوانیش جگە لە ڕازیکردنی حزب و کەسەکانی سەروی خۆیان، هیچ خەمێکیان لە هاوشارییان نەدەخوارد و شار بەتەواوی پەراوێز خرابوو بەجۆرێک هەرکەس بۆ خۆی کوێخا بوو، خۆشبەختانە ئەم قەیرانەش وردە وردە بەرەو چارەسەر ڕۆیشت و جۆرێک لە هاوبەشی ئیدارەدان بەرقەرار بوو و لە ماوەی ڕابردووشدا هەندێک لە کاری هونەریی و ڕۆشنبیریی و بەتایبەت کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان کەمێک لەو خەمەی ڕەواندینەوە کە ئەمەش مایەی خۆشحاڵی هەمووان بوو.
لەئێستادا ئەوەی تێبینی دەکرێت جێگری پارێزگاری سلێمانی کە ئەرک و فەرمانی پارێزگار بەڕێوە دەبات لەگەڵ قائیقامیەتی مەڵبەندی سلێمانی، سەقاڵی پلانێکن بۆ گەڕاندنەوەی سیمای شارستانی بۆ شار، ئەمە هەنگاوێکە جێگەی دەست خۆشییە و گرنگ ئەوەیە هەتا کۆتایی ئم بەرنامەو پلانە بەردەوام بێ و بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامی باشی دەبێت، بەمەرجێک بۆ ئەمەشیان نەکەونە بەر خاترو خۆتری و خۆپیشاندانی چەند کەسێک، هەموو ئەوانەی کە کاسبی دەکەن کەسوکاری ئێمەن و بۆ بژێوی ژیانیان کاردەکەن ئەمە پیرۆزە، بەڵام بەو مانایە نییە کە مافی گشتی پێشێل بکەن و خەرقی یاسا بکەن.
ئەم چەند ڕۆژە شەقامەکانی شار کەمێک لەشار دەچن و مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هاتوچۆ بە بەرگرتن لەسەرپێچی و کەمتەرخەمییەکان، ئەو هەستەمان لا دروست دەکات کە سلێمانی خەریکە خاوەنی بۆ پەیدا دەبیتەوە ئیترە هەر کەس بۆخۆی کویخایەک نییە.
PM:10:01:26/03/2017
ئهم بابهته 5649
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی