ئاكامى ملهوڕى

‌سەلام عەبدوڵا

ماوەیەكی زۆرە حكوومەتی هەرێم ئاگاداری چەكدارانی PKK دەكات شەنگال بەجێ بهێڵن بۆ ئەو مەبەستەش سوپاسی هاوكاری ئەوانی كرد لە بەشداری لە رزگاركردنی شەنگالدا، بەڵام ئەوان هیچ گوێیان بە داواكانی حكوومەتی هەرێم نەداو لەباتی وەڵامی تووندیان دەناردەوە كە ئەوان ئەو ناوچانە چۆڵ ناكەن و بە ئاشكراش دەیانووت بەنیازن شەنگال بكەنە كانتۆن و لە هەرێمی كوردستانی جیابكەنەوە كە لە خەیاڵ پڵاوی بەولاوە هیچی تر نەبوو.
 چونكە توركیا چەندجارێك رایگەیاند، كە ئەوە بە مەترسی بۆ سەر خاكی خۆی لە قەڵەم دەدا و پێویستە لەو ناوچانە بكشێنەوە، بەڵام دیارە PKK ئەو هەڕەشانەی بە جددی وەرنەدەگرت و بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتی چەوت و هەڵەی خۆی.

 ئەمە لەكاتێكدا PKK خۆی وەك دوژمنی توركیا پێناسە دەكات ئیدی چۆن دەتوانێت ئاوا بە ئاشكرا بنە و بارەگەی خۆی جێگیر بكات وابزانێ ئەویش شاخە سەختەكانی قەندیلە كە سوپای توركیا بە ئاسانی دەستی پێناگات.

بۆیە ئەم هێرشە چاوەڕواننەكراو نەبوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە ئەمانە وەك خۆیان دەڵێن ئاگاداری ئەو هێرشە بوون، بۆیە پێش هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بنە و بارگەیان گواستۆتەوە كە مرۆڤ ناچارە پرسیار بكات كە ئایا سوپای توركیا خۆی ئاگاداری كردوونەتەوە بۆ ئەوەی زەرەرمەند نەبن، چونكە سوپای توركیا دەمێكە لەو ڕاستییە گەیشتووە كە سیاسەتە سەرەڕۆییەكانی PKK بە سوودی حكوومەتی توركیا دەشكێتەوە، چونكە هەمیشە پاسا و بەدەست سەربازانەوە دەدات كە دەستوەربدەنە نێو خاكی كوردستان.

ئەوە هەر ئەوان نەبوون بەو سیاسەتە ملهوڕانەی خۆیان شارەكانی كوردستانی توركیایان وێران كردو دەیان هەزاریان ئاوارە و ماڵوێران كرد، ئەویش لە ئاكامی لە ئەستۆگرتنی كوشتنی دوو پۆلیسی توركیا كە نەزانانە خستیانە ئەستۆی خۆیان و وەكوو رێكخراوێكی تیرۆریستی خۆیان بە جیهان ناساند.

یان دەكرێ هۆی ئاگاداربوونیان لەم هێرشە باڵێكی نێو خۆیان بێت كە كار و ئامانجی خزمەتی حكوومەتی توركیا و شێواندنی بارودۆخی هەرێمە، چونكە ئەو سیاسەتەی ئەمانە ئەمڕۆ پەیڕەوی دەكەن فڕی بەسەر كورد و كوردستان و كوردایەتییەوە نییە.

بەداخەوە لەم هێرشەدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانی هەرێم كە قاڵبووی خەبات و تێكۆشان بوون گیانیان لە دەستدا و چەندینیش برینداربوون كە بە هەق هەمووی دەكەوێتە سەر سیاسەتی شێتانەی ئەو رێكخراوەی كە هەر رۆژەی لەسەر پەتی ئایدۆلۆژییەك بازی دەكات..

ئێمە لەكاتێكدا بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو هێرشە و هیواخوازی دووپات نەبوونەوەین، هاوكات ئۆباڵی ئەو قوربانیانە بە پلەی یەكەم دەخەینە ئەستۆی PKK و جارێكی دیكە داوایان لێدەكەین كە مەیدانی خەباتی ئەوان خاكی هەرێم نییە و پێویستە بە زووترین كات ئەو ناوچانە بەجێبهێڵن و پاسا و نەدەنە دەست حكوومەت و سوپای توركیا.


PM:03:58:26/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی