کەشتیەکەی یەکێتی چۆن لەنگەر ئەگرێت؟

‌ئاشتی عەبدوڵا

لەبەرامبەر ھەر رەخنەو ناڕەزایی دەربرینێکدا لەبارەی سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەت لەئێستادا، ھەڵبەت کۆمەڵێ ھۆکارو فاکتەری واقعی ھەیە و  بەشێکیشی ئەچێتە چوارچێوەی ئەو ململانێیەی ، کە لەنێو گۆڕەبانی سیاسیداھەیە لەھەرێمی کوردستان.

دەربارەی بەشێک لەرەخنەو نارەزاییە واقیعیەکان، بۆچوونێک باس ئەکەم، کەبەرای ئێمە یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکان.

لەم بارە دژوارەی کە لەرووی سیاسی یەوە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێئەپەڕێت دروست وابوو یەکێتی رۆلێکی سەنگینتر ببینێت ھێندەی قەوارەو پێگەی مێژوویی خۆی، بەڵام ئەبینین لەزۆر حاڵەتدا ئەم رۆڵەی بەرجەستە نەکرد، یەکێکیش لەھۆکارە سەرەکیەکان ئەو فرە راجیاوازەیە کەلەنێو ئەم حزبەدا ھەیە، بەتایبەت دوای نەخۆش کەوتنی تاڵەبانی و دوورکەوتنەوەی لەمەرکەزی بریاردان تارادەیەک شێواوی و ناجێگیری لەسیاسەتی یەکێتیدا بەدی ئەکرێت و ھەر بەرپرسە و خۆی بەخاوەنی  یەکێتی ئەزانێ، لەو روانگەیەوە  لێدوان و بریار ئەدەن و دواتریش ئەم لێدوان و بریاڕدانە، کاریگەریی و کاردانەوەی ھەیە لەسەر سیاسەتی یەکێتی بەگشتی .

گریمانە نییە بڵێین ئەم فرە راو بریاڕو لێدوانانە دواجار تەنھا لەبەرژەوەندی شەخسی ھەندێ لەکاراکتەرە دیارەکانی دوێنێی یەکێتی و بارگرانیەکانی ئەمرۆی یەکێتین.

لەسایەی ئەو ئیمپراتۆریەتەی کە ھەندێک لەبەرپرسەکانی یەکێتی لەئێستادا بونیادیان ناوە لەپێناو سیاسەتێک کەدوورو نزیک تەعبیر نیە لەئەجندای راستەقینەی یەکێتی ، بەپێی ئەو پەیڕەو پرۆگرانەی کەھەیەتی،

ئەم حزبە کەوتۆتە دووریانێک کە پێویستی بەسەرلەنوێ گۆرانکاری و ریفۆرم ھەیە بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر رێگا راستەقینەکەی خۆی بەفۆرم و ئایدیایەکی نوێوە ببێتەوە بە حزبێک کە ھەم کادرو بەرپرسانی لەوێوە حزبایەتی بکەنە وەسیلە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی  و خزمەتی خەڵک  و ھەمیش پاراستنی پێگەی یەکێتی،  بێگومان ئەمە ئاسان نیە و گاڵتەجارییە بڵێین  بەبریارێک یان لەشەورۆژێکدا ئەم ھەنگاوانە ئەنرێت، بەڵام  ناکرێت چاوەرێی قەدەر بکرێت و دەستەو وەستان بوەستن  .

ئەکرێت  بۆ گۆرانکاری و ریفۆرم کەھێزبداتەوە بە یەکێتی، قاعیدە و زۆرینەی بەرپرسە خەمخۆرەکانی باوەربھێنن، بەچەند بنەمایەک و کاری لەسەر بکەن، لەوانە
سەرلەنوێ  بەپرۆسەیەکی بێوەستان و بەردەوام  ھەنگاوبنێن بۆ ئەم گۆرانکارییە، ھەروەھا باوەربھێنن بەوەی کەناکرێت ئەو سیاسەتەی کە لە چڵ ساڵی رابردوودا یەکێتی پیادەی کردوە ئێستاش بەھەمان نەفەس کاربکەن، بەڵکو پێویستە لەگەڵ گۆرانکاریەکانی ناوخۆو ناوچەکەو جیھان  خۆیان یەکانگیربکەنەوە.  

ئەکرێت مێژووی  یەکێتی بکرێتە ئاوێنەو   ھەموو دەستکەوتەکانی رابردوو بکرێتە ھاندەر بۆ ئاسۆیەکی روونترو ببێتە ھاندەرێکیش بۆ ھەنگاوی نوێ، ھەم لەپێناو گوزەرانی خەڵک و ھەمیش لەپێناو داھاتووی یەکێتی .

دەشێ ئەم گۆرانکاریە ببێتە پێویستیەکی حەتمی و وەک چەمکێکی  گشتی ئینجا سیاسی بێ تەم ومژ ، پێناسەیەکی بۆ دابنرێت و بەرنامەی کاری ببێتە پلانی داھاتووی ئەم حزبە.

گرنگە کە لەبری سوڕانەوە لەنێو بازنەی تەسکی تەکەتول و دەستەگەری  و ھەوڵدان بۆ پاشکۆیەتی و گرێدانی یەکێتی بە لایەن و گروپی ترەوە،  کاربکرێت لەسەر ئەو پرەنسیپ و میکانیزمانەی کەبۆ ئێستای یەکێتی. گرنگن.

ئەو ماڵە گەورەیەی کەزۆرینەی کادرانی ئەم حزبە لەسەری کۆکن پێویستە لەم کەشتیە بچووکەی کەئێستا ئەبینرێت، ببێتە کەشتی نوح و جێگای ھەمووانی تێداببێتەوە ، جێگای ھەموو ئەو گروپ و کەسانەی  تێدا ببێتەوە کە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و خاک و یەکێتی نیگەرانن،  پێکەوە  کار بۆ ئەو گۆرانکاریە پێویستانە بکەن. 

خاڵێکیتری زۆر گرنگ و چارەنووسساز جێبەجێکردنی رێکەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕانە ، کەفەرامۆش کردنی زیانێکی گەورەیە بۆ چارەنووسی خەڵک و ترازانێکی گەورەتریش بەدوای خۆیدا ئەھێنێ.

پێمان وایە بۆچوونێکی دروستیش نیە لەئێستادا باس لەیەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆران بکرێت ، ئەوەی دروستەو دووربینیەکی سیاسیانەی واقعیە کەیەکێتی و گۆڕانیش لەئێستادا ھەنگاوی بۆ بنێن جێ بەجێکردنی رێکەوتنەکەیە نەک  ھێنانە ئارای باسی یەکگرتنەوە، چونکە ئەگەرێکی دوورە و بەجۆرێک لە جۆرەکانیش ھەنگاوەکانی رێکەوتنەکە پاشەکشەپێ ئەکات.

زۆر ئەڵتەرناتیف و چارەسەریتر ھەیە ، بەڵام بەبروای ئێمە ئەوەی ئاماژەی پێکرا، ھەم ھەنگاوی سەرەتاین و ھەمیش بنەمان بۆ  دەستپێکی سیاسەتێکی نوێ ، کە تێیدا ئەم حزبە بتوانێت بونیادی داھاتوویەکی باشتر بنێت بۆ خەڵکی کوردستان و ئنجا خۆی، دەرچەیەکیش بێت بۆ قوتاربوون لەئیمراتۆریەتە بازرگانەکانی نێو یەکێتی و ببێتە مایەی رێزگرتنیش لەخەبات و سەروەریەکانی  رابردووی خۆی.

بێگومان ئەم ھەنگاوانە بەخەمخۆرەکانی ناو ئەم حزبە ئەکرێت و تەحەمول و ئیرادەشی ئەوێت، بەڵام ئەگەرێکی دوورو مەحاڵیش نییە ، گومانی تێدانیە کەھێشتا نەفەسێک ھەیە لەنێو ئەم حزبەدا کەھەناسەی دیموکراسی  بەباشی ئەدات و خاوەن ئامانجی گشتی و سیاسی خۆیەتی.

دواجار بمانەوێت یان نا، حزب راستەوخۆ پەیوەندی بەژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە، ھەر ناسەقامگیریەکی سیاسی نێوخۆی حزبەکان، ھاوکێشەکان بەئاراستەیەکا ئەبات، کەقەیرانی زیاتر سەرھەڵئەدات،  چونکە تا ئەم ساتە دامەزراوە حکومی و پەرلەمانی و ھتد.. لەژێر ھەیمەنەو دەسەڵاتی حزبەکاندایەو ھەر حزبەو بەرێژەیەک پشکێکی بەردەکەوێت، ھەروەھا ھەموو بڕیارەکانی پەیوەندیدار بە بەبارودۆخی سیاسی و ئابووری  کەژیانی ھاووڵاتی پێوە بەندە، بڕیاری حزبەکانە.

ئەوەی بۆ حزبێکی وەک یەکێتی گرنگە لەئێستادا ئەوەیە، کە سیاسەتێکی روونتر و یەک گوتاری ھەبێت، چونکە کاریگەری  زیاتر ئەبێت لەسەر بارودۆخ و قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان.

ھەنگاو نان بۆ چاکسازیی لەنێو خۆی  ئەو حزبە ھەنگاونانە بۆ راگرتنی تەوازوونی ھێز  و بەدوایدا بۆ چاکسازی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.


PM:09:13:29/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 5154 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی