ئایا بزووتنەوەی گۆڕان میراتە؟!

‌ئازا حەسيب قەرەداخی


مردن لە نەریتی کۆمەڵایەتیماندا رێز و هەیبەتێکی تایبەتی هەیە. هاوکات بەپێی کەسی مردوو مامەڵەی کۆمەڵگاو کەسانی نزیکی کۆچکردوو لەگەڵ کەسی کۆچکردوودا دەگۆڕێ هەم لە ماتەمگێڕی بۆ کۆچکردوو، هەم لەگەڵ پێدراوەکانی پاشی کۆچکردنەکە. بۆ نموونە یەکێک لەو کایانەی دەبێتە جێی ناکۆکی لەناو دەوروبەری کەسی کۆچکردوودا میراتە. ئەم میراتە سامانێکی ماددی بێ یان مانەوی بێ کە پێگە و شوێنگەی کۆمەڵایەتی بۆ هەڵگرانی ناو و ناوبانگی مردووەکە هەڵدەگرنەوە. ئەم میراتە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە سامانی پارە و موڵکەوە درێژ دەبێتەوە تا شوێنگەی کۆمەڵایەتی و تەنانەت حزبێک کە کەسی کۆچکردوو کەسی یەکەم بووە تێیدا یان پێگەیەکی گرنگی هەبووە لەو حزبەدا.

با دوور نەڕۆین ئەوەی هەر لەگەڵ ساتەکانی یەکەمی پاش مردنی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەر و رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەدا کرا تەواو لەوە دەکات کە نەوشیروان مستەفا میراتێکی جێهێشتووە و ئیتر کاتی دابەشکردنییەتی.
نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی کرد و دوعاخوازین خودا بە گەورەیی خۆی لێی خۆش بێ و بە بەهەشتی شاد بکات و سەبووریش بە کوڕەکانی و کچەکەی بدات کە بەداخەوە لەماوەیەکی کەمدا هەم دایک و هەم باوکیان لەدەست دا. ئەوەی جێی سەرنج بوو هەر لە ساتەکانی یەکەمی پاشی مەرگیدا لەو سۆنگەیەوە مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کرا کە میراتی نەوشیروان مستەفایە و دەبێ بەش بکرێ. زوربەی حزبەکانی کوردستان تەماعیان لەم میراتەیە و دەیانەوێ یان هەمووی یان بەشێکی لێ ببەن بۆخۆیان. یەکێک بەناوی جێبەجێکردنی رێککەوتنێکەوە و ئەوی تریان بە ناوی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی ئیسلامییەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان جیاواز لە هەمووان، بە رێز و تەقدیری کۆمەڵایەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا کرد و لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ناو ژیانی سیاسی مامەڵە دەکات. گەرچی ناکۆکی و کێشەی سیاسی جدیشی لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە هەبێ بەڵام قەوارەیەکە هەیە و دوای کۆچی دوایی دامەزرێنەر و ڕیکخەرە گشتییەکەی ئازادە لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆی و سیاسەت وپلانەکانی بۆ داهاتوو.


PM:04:31:22/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 3068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی