کار و گوفتار بۆ سەربەخۆیی

‌ئازا حەسيب قەرەداخی


ئەم گەڕە لە ژیانی سیاسی کوردستاندا، بەو پێیەی هەرچییەکی تێدا دەکرێ و دەوترێ کارگەریی ئەرێنی و نەرێنی بەسەر پرسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەبێ، کەواتە  گەڕێکی گەلێک هەستیارە.

هەردوو بەرەی یار و نەیاری سەربەخۆیی، ناوخۆیی و دەرەکی، ئەم راستییە زۆر سادەیە دەزانن، بۆیە هەزار و یەک حیساب دەکەن بۆ هەرچییەک کە دەیڵێن و دەیکەن.

بەرەی یار، بەدیقەتەوە لە هەموو رەفتار و گوفتارێکی بەرەی نەیار سەرنج دەدات و زانیاری کۆدەکاتەوە و پێدراوەکان لێک دەدات و دەرەنجامیان لێوە هەڵدەهێنجێنێ و لەبەر رۆشنایی ئەو دەرەنجامانە کار و گوفتار و پەرچەکرداری خۆی بڕیار دەدات. جا ئەگەر زانیارییەکی لێ قوتار بێ. یەکێکی درک نەکردبێ یان بە هەڵە پێی گەیشتبێ، یان بەرەی نەیار بە ئەنقەست زانیارییەکی هەڵەی دزە کردبێ بۆی، ئەوا خوێندنەوەو لێکگرێدان و دەرەنجامەکانی هەڵە دەبن و کارو وتار و پەرچەکرداریشی هەڵە دەبن و لە کۆی گشتی و دواجاردا زیان بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەگەیەنێ.

ئەمە بۆ بەرەی نەیاریش هەر راستە. چونکە ئەمیش ئەگەر بیەوێ کار و گوفتاری کاریگەری لەسەر رای گشتی هەبێ، دەبێ خودان گوتارێکی مەنتیقی بێ و کەمترین درۆ و توخمەکانی کینە و رقی تێدا بێ. دەنا دواجار کار و گوفتاری نەک هەر کاریگەر نابن، بەڵکو پێچەوانە دەبنەوە و لە کەمترین وەسفدا وەکوو گوتاری وڵاتفرۆشی ناوزەد دەکرێن.

دەکرێ لە سەرنجی ورد بۆ رووداوەکانی دوو مانگی رابردوو، کە ململانێ لە پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆییدا تەواو هەڵکشاوە، ئەوەندەی دەرەنجام دەرکەوتووە، ئەوەیە کە بەرەی دژی سەربەخۆیی، خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی جێگرەوەی سەربەخۆیی نییە. رەفتاری زۆر هەرزەکارانە و بوغزاوییە. کەم ئەزموونی و هەڵەشەیی زۆر بە کار و پەرچەکردارییەوە دەبینرێن. گوتارێکی تۆقێنەر و نانیشتمانی هەیە و لێدوانی هەرزە سیاسییەکانیش ئەوەندەی تر لاواز و بێ ئەرزشی کردوون.

هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی بەرەی سەربەخۆییخوازانە. بەڵام بەرەی سەربەخۆییخوازیش کێماسی لە رەفتار و گوفتاریدا هەیە و دەبێ بە زووترین کات چارەسەریان بکات. گرنگترینیان ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، هەر لە مووچەوە تا هەموو پێویستییە ژیارییەکان بەرز بکاتەوە، نەک پاشەکشە بکات.

رادە و بازنەی کاری هوشیاری لە رێی دەزگاکانی راگەیاندنەوە فراوانتر بکەن. داکۆکی کردن لە سەربەخۆیی و ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی تەنیا ئەرکی دەزگاکانی راگەیاندنی پارتی نەبێ، بەڵکو هی هەموو هاوسەنگەرانی سەربەخۆیی بێ بە حزب و رێکخراو و چالاکییەکانی کۆمەڵگای مەدەنییەوە. ناکرێ وەکوو حزب لەسەنگەری سەربەخۆییدا بیت، بەڵام مێدیای حزبەکە لەبەرەی نەیارو دژا بێ.

پێویستە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی مێدیایی بەرزتر بکرێتەوە. لە هەموو بابەتێک قسە بکرێ. وەڵامی هەموو چەواشەکاری و گوتاری تۆقێنەر و درۆکانی بەرەی نەیار بدرێتەوە. موجامەلەی سیاسی و خۆپارێزی بەلاوە بنرێ و هیچ حزبێک لە بەرەی سەربەخۆیی بە یەک مەسافە لەنێوانی حزبەکانی ناو دوو بەرەکە رانەوەستێ، چونکە ناکرێ و نابێ بە یەک مەسافە لە نێوانی سەربەخۆیی و ژێردەستیدا بوەستێ.

ئەگەر دەرفەتێک ماوە بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەی نێوان ئەم دووبەرەیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و گەڕانەوەی کارەکتەرە ناوخۆییەکان بۆ بەرەی سەربەخۆیی، ئەوا هیچ کردارێک و پێشنیارێک و پرۆژەیەک فەرامۆش نەکرێ و هەوڵی بۆ بدرێ. بەش بە حاڵی خۆم ئومێدەوارم نەک دەرفەتێ، ەڵکو دە دەرفەت مابێ، بەڵام ئەگەر پێگەو هاوسەنگەریی یەکلابۆتەوە و ماوە کەم ماوە و دەبێ خۆ تەرخان بکرێ بۆ کاروباری راستەوخۆی جێبەجێ کردنی پرۆسەکە، ئەوا ئیتر دەبێ راگەیەنرێ کە ئەمە دوا شەڕە و هەموو کەرەستە و کار و گوتارێک رەوایە بۆ سەرکەوتنی سەربەخۆیی.


PM:04:32:23/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 1282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی